عەزیز گەردی، پاشای زمان و وەرگێڕان 1948 - 2022

10:43 - 2022-07-28
کەلتور
54 جار خوێندراوەتەوە
عەزیز گەردی

حەمید ئەبوبەکر بەدرخان

مخابن، کاتێک هەواڵی مەرگی عەزیز گەردیم بیست، فرمێسک تنۆک تنۆک لە چاوەکانم رێچکەی گرتبوو، لەو کاتەدا واتە سەرلەبەیانی 06/06/2022 کە هەواڵی کۆچی دوایی ناوبراو سۆشیال میدیای تەنیبوو ، منیش بێ چارە و هەڵکورماو بەدیار هەواڵەکانی کوژانەوەی ئەستێرەیەکی پڕشنگدار نێو دنیای زمان و وەرگێڕان و ئەفسانەکاندا هەڵپە هەڵپی ئەوەم بوو، ئاخۆ دەتوانم بۆ چلەکەی کە دەکاتە 16/07/2022 کتێبێک کە شایان و شایەستە بە پێگەی پڕۆفیسۆر د.عەزیز گەردی ئامادەبکەم؟ هەوڵمدا و پەیوەندیم بە بنەماڵەکەی و هاوڕێ نزیکەکانی و زانکۆی موسڵەوە کرد و گەڕام بەشوێن ئەو بابەتانەی لە سوشیال میدیا بڵاوکراوەتەوە، تا کۆیان بکەمەوە و هەرچی بەرگی کتێبە چاپکراوەکانێتی پەیدای بکەم و بۆ  وێنە و دیکۆمێنتەکانیش پەیوەندیم بە زۆر کەسەوە کرد و بە سوپاسەوە لەلایەک نووسین و یادەوەرییەکانیان نووسی و لەلایەکی دیکەشەوە وێنە و دەستنووسەکانیشم دەستکەوت، پاش راوێژکردن لەگەڵ قەهاری گەردی برای و جەلیلی نەخشەساز و باسم رەسامی دیزاینەر، توانرا لەکاتی خۆیدا بگاتە دامەزراوەی کەریمی عەلەکە و د.تەها رەسوڵ بە سوپاسەوە لەسەر ئەرکی خۆی چاپی کرد.
 کتێبەکە بەناوی عەزیز گەردی، پاشای زمان و وەرگێڕانە و 400 لاپەڕەی بە قەبارەی 17 x 24cm  رەنگاوڕەنگی لە چاپخانەی پاندا لە سلێمانی چاپکراوە، کە لە بڵاوکراوەکانی ئەکادیمیای بەدرخان بۆ توێژینەوەی رۆژنامەوانی و کەلتوورە .

عەزیز گەردییم چۆن ناسی؟
لە هەڕەتی لاوێتیمەوە، بە نووسینەکانی د.عەزیز گەردی و خوێندنەوەی ئەو نووسین و بڵاوکراوانەی چاپی دەکردن و ئەو کتێبانەشی کە وەریدەگێڕانە سەر زمانی کوردی بەتایبەتی داغستانی منی رەسوڵ حەمزاتۆڤ ئاشنا بووم. تا ساڵی 2005 ، کە یەکەمین دیدەنیم  لە کۆلێژی ئادابی زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر بوو،  ئەویش پڕۆژەی کتێبێکم هەبوو سەبارەت بە شاری هەولێر، پاش ئەحواڵ پرسین، وتم : دکتۆر لە هەفتەنامەی بەدرخان لەهەر ژمارەیەک گەڕەکێکی شاری هەولێر بەسەردەکەینەوە، ئایا تۆ بینیوتە و خوێندووتەوە؟ دەخوازم رای بەڕێزتان بزانم؟
لە وەڵامدا وتی: هەولێر شارێکی کۆنە و پێویستی بە گەڕان و پشکنینە، وەکو کاری شوێنەوار، چونکە  سەرچاوەی پێویستیشی دەوێت بۆ پشتڕاسکردنەوەی نووسینەکانتان. هەروەها پێی وتم: پێویستە زۆر بخوێنیتەوە و باشتر وایە خۆت فێری زمانی ئینگلیزی بکەیت.
دیدەنی دووەمم لە پیشانگەی کتێب لە هەولێر بوو ساڵی 2015، من بەتامەزرۆییەوە بەرەوڕووی چووم، دەشترسام پەرچەکرداری خراپی هەبێ، چونکە وەڵامی زۆرێک لە نووسەرانی نەدەدایەوە،  ویستم خۆمی پێ بناسێنمەوە، یەکسەر وتی: حەمید ئەبوبەکر ئەحمەد، بێ ئەوەی بڵێ حەمید بەدرخان و وتی: باش دەتناسم تۆ کێی و کوڕی کێی! تۆ بە هەژاری و ماندووبوونێکی زۆر خۆت پێگەیاندووە و ئاگاداریشم زانکۆشت تەواوکردووە و سڵیشت لە هیچ نەکردۆتەوە، باوکیشت شوانی جەڵەب بووە، بە غەریبی و هەژاری ئێوەی بەخێوکردووە، باش دەزانم باوکتان مەڕی مەڕدارەکانی بە پێ  بۆ شارەکانی کەرکوک و سلێمانی و موسڵ و بەغدا بردووە، دوو مانگ یا سێ مانگ جارێک بە ماڵ کەوتۆتەوە.  هەروەها وتی: ئەوەشیان دەزانم باوکت کوڕی خوشکی لە بەغدایێ وەزیر بووە، بەڵام نانی شوانەتی زۆر لای گەورەتر بووە، بۆیە لای من ژیانی باوکت شەریفانەتر و رێزلێگیراو بووە .
منیش چاوەکانم پڕ لە ئاو ببوون و خەریکبوو بگریم. دانم بەخۆدا گرت و هەڵمدایێ و وتم: هەموومان شانازی بە باوکی رەوانشادمان دەکەین کە بۆ رۆژێ لە رۆژان ملکەچی کەس نەبووە و لە کەسیشی قبووڵ نەکردوە، 
هەر لەبەر ئەو دەمارە پیاوەتییەی هەیبووە، لە ساڵی 1947 لە گوندی مەلا کاغەی کەندێناوە لە خدری پاشای دزەیی تووڕە دەبێ و بەشەو بارگە و بنەی تێکدەنێ و ماڵی دێنێتە گوندی رەشکینی هەولێرێ .
بەهەرحاڵ بە مامۆستام وت: سەربەرزین و شادمان دەبین ئەگەر بتوانیت گرێبەستێکمان لەگەڵدا بکەیت وەکو ئەکادیمیای بەدرخان بۆ توێژینەوەی رۆژنامەوانی و کەلتور بۆ چاپکردنەوەی بەرهەمەکانی پێشووت و ئەوانەی چاپنەکراوە لە دوو توێی چەند بۆکسێک بە چاپێکی جوان و بەشێوەی بەرگتێگیراو چاپ و بڵاوی بکەینەوە .
بە نابەدڵی سەیرێکی کردم و وتی: سەرچاوەی داراییتان چییە؟ لە کوێ دابینی دەکەن ؟ منیش زۆر دڵخۆشبووم بەو پرسیارە و یەکسەر وەڵامم دایەوە و پێموت: دکتۆر گیان سەرچاوەی داراییمان لە فرۆشتنی هەفتەنامەی بەدرخان و ریکلام و بڵاوکراوەکانمان و ئەو فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییانەی لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان رێکی دەخەین، کە بە میوانەکانمان وتووە دەبێت بڕێک پارە بدرێت بە ئەکادیمیای  بەدرخان، ئەوانیش رەزامەندبوون.
پاشان دکتۆر وتی: واتە خۆت و دەستەی نووسەران  کەستان مووچەتان نییە؟! 
منیش وتم: نەخێر نیمانە و دەتوانی پرسیار بکەیت 
ئەویش وتی: نازانم چۆن قەناعەت بکەم، ئەو هەموو کارە جوان و راکە راکەتان لەم سەری دنیا بۆ ئەو سەری دنیا ، لەگەڵ ئەوەش هێشتا ناتوانم بڕوا بەخۆم بکەم کە بەو داهاتە کەمە هەتانە، ئەو هەموو کارە دەکەن.
منیش پێموت:  دکتۆر، قەناعەت بکە !  فێستیڤاڵی یەکەمی بەدرخان لە ساڵی 2004 لە سلێمانی بەڕێوەچوو، مام جەلال هاوکارییەکی پێشکەش کردین، فێستیڤاڵی دووەمی بەدرخان لە دهۆک لە ساڵی 2005 د. کەمال فوئاد و نێچیرڤان بارزانی یارمەتییان داین، فێستیڤاڵی سێیەمینی بەدرخان لە هەولێر ساڵی 2006 حکومەتی هەرێم یارمەتی داین، فێستیڤاڵی چوارەمی بەدرخان لە ئەڵمانیا کە لە بەرلین کرا لە 2007 ، تا ئێستا 46 هەزار دۆلاری تکتی فڕۆکەی میوانەکانم  وەرنەگرتۆتەوە. فێستیڤاڵی پێنجەم لە قاهیرە 2008 شێخ بایز تاڵەبانی کە ئەوکات وەزیری دارایی و ئابووری بوو یارمەتی داین.  فێستیڤاڵی  شەشەمینی بەدرخان لە ساڵی 2009 لە یۆنان سازدرا، زۆربەی میوانەکان لەسەر کیسەی خۆیان هاتبوون، جگە لە یارمەتییەکی سنوورداری ئەوکات، د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بوو، لە فێستیڤاڵی حەوتەمینی  بەدرخان لە پاریس لە 2009 لە دیدەنییەکی عەدنان موفتی کە ئەوکات سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بوو بە منی وت ئەرێ کاک حەمید ماندوو نەبووی ئەوەندە لە دەرگاکان دەدەیت بۆ کۆمەکی دارایی سازدانی  فێستیڤاڵی بەدرخان لە دەرەوە، دووبارە موفتی وتی  بەباشی دەزانم میوانەکان لەسەر کیسەی خۆیان سەفەر بکەن و تۆش کارئاسانی ڤیزا وەرگرتنیان بۆ بکەیت، واتە پارەی تکت و نانخواردن و هۆتێل با خۆیان بیدەن.  لە پاش 2009 تاکو ئەمڕۆ فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی بەدرخان لەسەر ئەستۆی میوانەکان خۆیان بووە.
 ئیتر د. عەزیز گەردی دەستی خستە سەر شانم و وتی: (ئەو زانیارییانە بۆ من نوێ بوون، ئەویش ئەگەر وابێ!؟) بەڵام گومان دەکەم، پێدەچی تۆ پیاوی دەسەڵات بیت!!  مومکین نییە کەسێک ئەو هەموو کارە بکات و کۆیلەی کەس نەبێت. 
لەدوا قسەشی وتی: من بەرهەمەکانم یەک جار چاپ دەکەم و فریای ئەوانی دیکە ناکەوم. ئەوە دوا دیداری من لەگەڵ ئەو زانا و دانایە.

گەردی کەی لەدایک بووە؟
هاوڕێم عەبدولڕەحمان مەعروف لە ئینسکلۆپیدیای نووسەرانی هەولێر ساڵی لەدایکبوونی بە  1946 هەولێر،  شارۆچکەی بەحرکەی نووسیوە، بەڵام د. عەزیز بە دەسخەتی خۆی لە نامەیەکدا کە بۆ پڕۆفیسۆر د.شوکریە رەسوڵ-ی مامۆستای زانکۆی نووسیووە دەڵێت: ساڵی  1948 لە دایکبووم، هەر لەو نامەیەدا نووسیوێتی من لە دایکبووی 1950 م، بەڵام بەهۆی دامەزراندنەوە کردوویانە بە  1948.

گەردی قەڵەمێکی یاخی بوو؟
لەزۆر لەو نووسینانەی لەسەری نووسراون، گەردی هەرگیز قەڵەمێکی یاخی نەبووە دژبە کوردەواری، لە هەمان کاتیشدا هەرچی پێویست بووە بۆئەوەی کۆمەڵگەی کوردی هۆشیاربێت و خاوەنی بیر و هزری خۆی بێت و  سوودی لێ وەربگیرێت ئەو درێخی نەکردووە،  بۆیە لەو بەرهەم و رۆمانانەی کە لە بوارە جیاجیاکاندا وەریگێڕاوەتەوە سەر زمانی کوردی، ئەو هەستە رەنگی داوەتەوە. 
گەردی  زمانەکانی (عەرەبی، فارسی، ئینگلیزی، فەرەنسی) وەکو کوردیی زانیووە، بۆیە دەکرێت بوترێت عەزیز گەردی یاخی بوو لەو کەسانەی کە بێویژدانانە و وەکو قەڵەمێکی قوڕمساخ کاریان دەکرد بۆ بەرژەوەندیی کەسی و دڵی رووناکبیران و زانا و داناکانیان پێ دەشکاند و دەڕەنجاند، بۆیە بێهیوا بوو تا وای لێهاتبوو گومانی لە هەموو کەسێک دەکرد، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ عەبدولقەهار گەردی برایدا پێموت:  هۆکاری ئەوە چی بوو،  زۆربەی زۆری خەڵکی رەتدەکردەوە؟
 لە وەڵامدا وتی: ئەو لە دڵەوە قین و رق و بوغزی لەگەڵ کەسدا نەبوو! زۆرجار بەمنی دەوت بۆیە وادەکەم، بۆئەوەی رووناکبیران و خوێندەواران بەخۆیاندا بچنەوە و تووشی کاری خراپ نەبن و نەبنە ماڵوێرانی بۆ یەکتر، هەروەها وتیشی لە دوا ساتی نەخۆشخانە ئەوەی لێ بەدی دەکرا کە بەبێ جیاوازی بەخێرهاتنی میوانانی دەکرد و وەڵامی دەدانەوە.

 عەزیز گەردی فەراهیدی-ی کوردە
سەبارەت بە کێش و سەروا لە شیعری کوردیدا، گەردی ماستەر و دکتۆراکەی تایبەت بوو بەو باسە، بەڵام تەنیا نووسینی تێز و نامە نەبوو، واتە هەر بۆ ماستەر و دکتۆرا نەبوو،  بەڵکو ئەو دەیخواست زۆر سەرکەوتووانە هەندێک کاری نوێی تێدا بکات و لە ئەنجامدا بە کۆمەڵێک راسپاردە و ئاشکراکردنی ئەوانەی ئاشکرا نەکراون، ئاشکرایان بکات. 
گەردی توانی هەرچی کون و کەلەبەری کێش و عەرووزی کوردی هەیە لە دووتوێی  حەوت بەرگدا کۆیان بکاتەوە، مخابن ئەو شاکارە گەورەیەی نەبینیی، کە نووسەر و چیرۆکنووس سابیر رەشید ئاشکرایکرد، کە ئێستا لە دەزگای (فام)ە لە هەولێر و ئامادەیە بۆ چاپ. بۆیە سەبارەت بە فەراهیدیی عەرەب کە پێش 1300 ساڵ یەکێکە لە بیرمەندان و داهێنەرانی کێشی عەرووزی عەرەبی،  هەر سەبارەت بەو بابەتە  د. وریا عومەر ئەمین لە نووسینێکدا دەڵێت:  د. عەزیز گەردی فەراهیدی-ی کوردە و هیچی لە فەراهیدی-یەکەی عەرەب کەمتر نەبووە.

ئەمن هەر پەیێ خۆ کەم 
لەکاتی ئامادەکردنی کتێبی عەزیز گەردی پادشای زمان و وەرگێڕان، لەوانەیە پەیوەندیم بە 200 کەسەوە کردبێت، هەر لە بنەماڵەی خۆی هەتا هاوڕێ نزیکەکانی، یەکێک لەوانە چیرۆکنووس سالار عەبدولڕەحمانی هاوڕێی تەمەنی رەوانشاد عەزیز گەردی بوو  کە زیاتر لە 25 ساڵ بوو دەیناسی و چەندین ساڵیش هاموشۆی کردووە و گەلێک گەشتی لەگەڵدا کردووە.
چەندین پرسیارم لە کاک سالار کردووە دەربارەی عەزیز گەردی بە حوکمی ئەوەی زۆر لێی نزیکبووە، بەداخ و ئەو وتی: گەردی پیاوێکی گەورە و دووربین بوو، زانایەکی هەرچەندە بڵێی پڕ زانیاری و لێکۆڵیارێکی وردبوو و قسەکانی هەمووی لە جێی خۆیدا بوو. چەند خۆش باوەڕ بوو، دوو هێندە بەگومان بوو، زۆر قسەی خۆش لە نێوانمان هەبوو، جارێک بۆم گێڕایەوە کە کاتی خۆی خزمێکی بەتەمەنمان هەبووە، عینادبووە و هەر بە قسەی خۆکردووە، ئەویش ناوی خار مەد بوو (خاڵە مەد)، دەتبینی سەعاتێک قسەیان بۆ دەکرد و ئەویش گوێی دەگرت، لە دواییدا و بە بن زار و گفتی خەیلانییان وەڵامی دەدانەوە و دەیوت: ( ئمممم، ئەمن تێ گەم تێ گەم، بەرێ  هەر  پە  یێ خۆ کەم )، واتە هەر بەقسەی  خۆم دەکەم.
هەروەها کاک سالار وتی: مامۆستا عەزیز گەردی زۆر جار عینادی و لاملی لە هەندێک شت دەکرد، دەمبینی بە سوودی خۆی نەبوو و بگرە زیانیشی بەخۆی دەگەیاند، منیش پێم دەوت: ئاخر وەها نابێ، بەخوا مامۆستا ئەو شتە سوودی نییە، یان زیانی بۆ خۆت هەیە. کەچی ئەو پێی  دەوتم: کاک سالار (ئەمن هەر پە یێ خۆ کەم). 
سەبارەت بەکارەکانیشی وتی: ئەو خۆی لە هەمووان باشتر دەیزانی چی دەکات و هەنگاوەکانی داهاتووی چییە؟ پیاوێکی زۆر بەوەفاش بوو.

ئەو قەڵەمەی بەتەنیا ژیا 
خۆ ئەگەر گەردی تێکەڵاوی پەیوەندییە رووناکبیریی و بوارە کۆمەڵایەتییەکان ببوایە، هەرگیز نەیدەتوانی ئەو هەموو بەرهەمە بنووسێت و وەربگێڕێت و بڵاویان بکاتەوە، بۆیە تەنیایی و ژیان لەنێو کتێبخانەیەکی دەوڵەمەندی وەکو کتێبخانە تایبەتییەکەی خۆی لە شارۆچکەی بەحرکە، گەورەترین میدالیا و سەروەریی بەخشییە پڕۆفیسۆر عەزیز گەردی، بۆیە تەنیایی ژیان بۆ ئەو لە پێناوی گەلی کورد و هاووڵاتیانیدا بووە.

یەکەمین دیداری لە هەفتەنامەی بەدرخان 
لە ژیانی تایبەتی خۆیدا هیچ دیدار و لێدوانێکی نەبووە یان من نەمبینیووە،  تەنیا یەک دیداریم بینیووە، ئەویش وەکو دیداری رۆژنامەوانی نەبوو، بەڵکو نووسەر و وەرگێڕ حەیدەر عەبدوڵڵا لە سەردانێکی بۆ لای گەردی لە ماڵەکەی خۆی لە شارۆچکەی بەحرکە پاش یەکترناسین دەمەتەقێیەک دروست دەبێ لەنێوانیاندا و ئەوە دەبێتە زادەی بابەتێکی رۆژنامەوانیی وەکو دیدار، ئەویش لە ساڵی 2015 دا لە هەفتەنامەی بەدرخاندا بڵاوکرایەوە.

ماڵی عەزیز گەردی 
زۆر دڵشاد و دڵخۆش بووین کە هەواڵی ئەوەمان زانی، لەم چەند رۆژانەی رابردوودا بنەماڵەی گەردی چوونەتە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان و مۆڵەتی کردنەوەی (ماڵی عەزیز گەردی)یان وەرگرتووە.
بۆئەوەی بتوانرێت لەو رێگایەوە کتێبخانەکەی بپارێزرێت و لەلایەن کارمەندانی کتێبخانەکەوە کتێبەکان پۆلێن بکرێن و رێکبخرێنەوە، هەموو ئەو میوان و خوێندکارانەی ماستەر و دکتۆرا کە پێویستیان بە سەرچاوە و کتێبە دەتوانن وەریبگرن و دوای ئەوەی سوودی لێوەردەگرن، بیگێڕنەوە .
بە هیواشین هەرچی زووە ئەو کتێبخانەیە، واتە ماڵی عەزیز گەردی بە رووی میوانەکاندا بکرێتەوە و دووبارە ماڵی عەزیز گەردی ئاوەدان بکرێتەوە و سەرجەم بەرهەمەکانیشیی دووبارە چاپ بکرێتەوە.

وەسێتنامەکەی عەزیز گەردی
پاش ئەوەی دەستمکرد بە خۆئامادەکردن بۆ ئەوەی بتوانرێت لەکاتی دیاریکراودا کتێبەکە چاپ بکرێت، هەمیشە لەپەیوەندییدابووم لەگەڵ کاک قەهاری برای، شەوێکیان وتی: کاک حەمید  برا گەورەکەمان کە ناوی کاک کوردۆیە  دەڵێت: گەردی وەسێتی کردووە، «ئەگەر مرد لە نێو ماڵەکەی خۆیدا بنێژرێت، منیش حەپەسام! لەلایەک بۆچی زووتر ئەو قسەیەیان نەکردووە، لەلایەکی دیکەشەوە دڵخۆشبووم کە ماڵی گەردی هەمیشە وەکو مەزارێکی پیرۆزی رووناکبیریی سەیردەکرێت، بۆیە من بەباشی دەزانم بنەماڵەکەیان بە جدی بیر لە گواستنەوەی تەرمی پیرۆزی گەردی بکەنەوە بۆ ناو ماڵەکەی خۆی.

دووبارە چاپکردنەوەی کتێبەکانی گەردی 
لە وەڵامی پرسیارێکدا، بۆچی تەنیا یەک جار کتێبەکانی چاپ دەکرد، قەهار گەردی برای وتی:
ئەو دەیوت زمان و وشە لە دنیادا لە پێشكەوتن و گۆڕانكاریدایە، بۆیە ئەگەر بمەوێت كتێبێك چاپ بكەمەوە، دەبێت جارێكی دیکە وەریبگێڕمەوە، ئەوسا دەبێت دووبارە چاپی بکەمەوە.

عەزیز گەردی بۆچی ژنی نەهێنا؟
کاک قەهاری برای دەربارەی ژن نەهێنانی گەردی وتی: لەبارەی ژن نەھێنانییەوە خزم و ناسیاوان زۆر جار پێیان دەوت بۆچی ژن ناهێنیت؟ ئەو دەیوت: ئەوەی من دەیكەم ھیچ ژنێك ئەوەم لێ قبووڵ ناكات و كچی خەڵكیش لەگەڵ خۆمدا ھیلاك ناکەم، بۆیە ئاوا بۆ من باشترە و هەر فریای خوێندنەوە و زانکۆ و کارەکانی خۆم دەکەوم.

ئەحمەد محەمەد ئیسماعیل و نیکۆس کازانزاکیس 
لە سەفەرێکی ئەکادیمیای بەدرخان بۆ یۆنان و لەوێشەوە بۆ دوورگەی (کریت) شوێنی لەدایکبوونی نیکۆس کازانزاکیس ئەو نووسەر و رۆماننووسەی کە گەلی یۆنان شانازیی پێوە دەکەن، پاش ئەوەی کۆنفرانسەکەمان لە دوورگەی کریت لەگەڵ رەوا حەمە کەریم و کاک حەمەدەمین بەڕێوەبرد، سەبارەت بەوەی ئایا نیکۆس کازانزاکیس بۆچی لە رۆمانی زۆربا کە چیرۆکنووس رەئوف بێگەرد وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، دەڵێت: (تۆپخانەی کوردەکان ئێمەیان دەشێلا، یان کوردەکان لەپێش چاوی ئێمە قەشەکانیان ناڵ دەکرد). مەبەستمان بوو بزانین گەلی یۆنانیش ئەو بڕوایەیان هەیە سەبارەت بە گەلی کورد هەر وەکو نیکۆس لەو رۆمانەدا بانگەشەی بۆ دەکات ؟
پاش پێشکەشکردنی وتارەکان لەو کۆنفراسە کە بەڕێزان شێرزاد حەسەن، د.ئازاد حەمە شەریف، شیلان یاسین،  د.ئیسماعیل قەرەداغی و ئازاد سادق و دڵزار حەسەن و دارا محەمەد عەلی و فەیسەڵ عوسمان و سمکۆ عەبدولکەریم ... هتد لە گەشتەکەدا بوون، پاشان یۆنانییەکان وتیان ئەوە خەیاڵی نیکۆسە، چونکە ئەوکاتە کە ئەو باسی دەکات، سەردەمی حوکمی عوسمانییەکان بووە و بە درێژایی 500 ساڵ ئێرەیان داگیرکردووە و حوکمیان تێدا کردووە، نەخێر کورد میلەتێکی ئاوا بێبەزەیی نەبووە، بەڵکو تورکەکان بوون، یان راستتر عوسمانییەکان بوون.
هەر لەو گەشتەدا لە پەرلەمانی یۆنان پێشوازیمان لێکرا و بەناوی گەلی یۆنانەوە داوای لێبوردنیان لە گەلی کورد کرد.
لەکاتی چوونیشماندا بۆ ماڵەکەی و موزەخانەکەی نیکۆس لە گوندەکەی خۆی لەهەمان شوێنیی لەدایکبوونیی نیکۆس، 10  کتێبی وەرگێڕدراو بە کوردی کە بەرهەمی نیکۆس بوو، لەلایەن نووسەران و وەرگێڕانی کوردەوە کراوەنەتە کوردی، پێشکەش بە مۆزەخانەکە کرا، لەوێ نووسەر و چیرۆکنوس ئەحمەد محەمەد ئیسماعیل وتی: ئێمە لە وڵاتێکی دوورە دەستەوە هاتووین بۆ ئێرە بۆ سەردانی ماڵی ئەو گەورە نووسەرە، ئاخۆ ئەگەر نووسەر و رۆماننووسێکی کورد بمرێت ئێمە بیبەین بۆ کوێ؟

دوا وتە 
لەکاتی نووسین و ئامادەکردنی ئەو کتێبەدا، کە زۆرترین پەیوەندیم لەگەڵ بنەماڵە و هاوڕێ کۆن و نوێکانی کردووە، هەندێک رۆژ لە سەعات حەوتی سەرلەبەیانییەوە تا دووی پاش نیوەشەو، بۆیە دراوسێکانمان چەندین جار بە تووڕەبوونەوە لە دەرگایانداوە و گلەییان کردووە کە دەنگم زۆردێت و خەوم لەوان زڕاندووە،  ئەوانم هەراسان کردووە، بۆیە دواجار وتیان ئەگەر دووبارەی بکەیتەوە بە پۆلیس دەڵێین، ئەگەرچی چەندین جار داوای لێبووردنم لێکردن سوودی نەبوو، بەڵام ئێستا دەڵێم با کتێبەکە تەواوببێت بیبینن کە ئەو هەموو تەلەفۆن و هەراو هۆریایە بۆ عەزیز گەردی دەهێنێت یان نا؟  

بابەتە پەیوەندیدارەکان