دوكاندارانی قەیسەری هەولێر لە دواكەوتنی كاری نۆژەنكردنەوە نیگەرانن

10:51 - 2025-02-19
دووتوێ
91 جار خوێندراوەتەوە

ئا: كوردستانی نوێ/ هەولێر


دوای نزیكەی ساڵێك لە سووتانی، تائێستا تەواوی دوكانەكانی بازاڕی قەیسەری هەولێر نۆژەننەکراونەتەوە و كاسبكاران دەستیان بەكڕین و فرۆشتنی خۆیان نەكرد‌ۆتەوە، لەوبارەیەوە دوكاندارانی ئەو بازاڕە رایدەگەیەنن، تاسەرجەم دوكانەكان نۆژەننەکرێتەوە، دۆخی قەیسەری هەولێر ناگەڕێتەوە سەردەمی پێش سووتانەكەی، پێشیانوایە ناكرێت دوكانێك  كرابێتەوە و كاڵا بفرۆشێت، ئەوەی تەنیشتی، كاری نۆژەكردنەوەی تێدابكرێت، ئاماژە بەوەش دەكەن، هەربەهۆی  رووداوی سووتانی بەشێك لە بازاڕەكە و هەڵكەندنی كۆڵانەكانی بۆ دانانی سیستەمی ئاگركوژێنەوە، جارێكی تر ئاستەنگی بۆ كڕیاران و سەردانیكەران دروستكردووە.
عەبدولخالق بازرگان، وەك یەكێك لە دوكاندارانی بازاڕی قەیسەری بە كوردستانی نوێی راگەیاند: راستە ئێستا دوكانەكەی من نۆژەنكراوەتەوە و كاری تێدا دەكەم، بەڵام لەبەرئەوەی لەتەنیشتم كاری نۆژەنكردنە بۆ دوكانێكی تر دەكرێت و بەئامێری دەنگ بەرز كاری تێدا دەكرێت، كڕیاران نایەن بەلای دوكانەکەی منەوە، بەتایبەتی خێزانەكان، بۆیە دەبوو سەرجەم دوكانەكان لەكاتێكی دیارییكراودا و بەیەكەوە نۆژەن بكرێنەوە.

 

لەكاری نۆژەنكردنەوەی قەیسەری، رەچاوی باروگوزەرانی كاسبكاران نەكراوە، چونكە ماوەی ساڵێكە خەریكی نۆژنكردنەوەن، لەكاتێكدا ئەگەر خەمخۆری هەبوایە بە چەند مانگێك دەتوانرا كارەكان تەواو بكرێت

وتیشی: جگە لەكاری نۆژەنكردنەوە، ئێستا كار بۆ دانانی سیستەمی  ئاگركوژێنەوە لەناو بازاڕی قەیسەری دەكرێت، ئەمەش وایكردووە جارێكی تر بەهۆی هەڵكەندنی رێگاگە ئاستەنگی هاتوچۆ بۆ كڕیاران دروست بێت و نەتوانن سەردانی تەواوی بازاڕەكە بكەن.
حوسامەدین ئەحمەد، ئەویش وەك كاسبكارێک لە بازاڕی قەیسەری بۆ كوردستانی نوێ وتی: لەكاری نۆژەنكردنەوەی قەیسەری، رەچاوی باروگوزەرانی كاسبكاران نەكراوە، چونكە ماوەی ساڵێكە خەریكی نۆژنكردنەوەن، لەكاتێكدا ئەگەر خەمخۆری هەبوایە بەچەند مانگێك دەتوانرا كارەكان تەواو بكرێت.
وتیشی: ئێمەی كاسبكارانی بازاڕی قەیسەری هەولێر و سەرجەم شوێنەكانی تر، زیاتر لە بۆنە و رۆژانی جەژن بازاڕمان هەیە و كڕیاران سەردانمان دەكەن، كەچی رەمەزانی ئەمساڵ دەبێتە سێ جەژن ئێمە دوكانەكانمان داخراوە، ئەمەش وادەكات زیانی زیاترمان بەربكەوێت، بۆیە هەموو داواكارییەكانمان ئەوەیە، تا جەژنی رەمەزان تەواو بكرێت، بەڵام بەزەحمەتی دەزانین ئەم جەژنە تەواو بكرێت.
عیماد كەریم، وەك دوكاندارێكی دیكە لە بازاڕی قەیسەری پێیوتین: راستە  دوكانی من گرفتی نییە و بەر سووتانی ئەمجارە نەكەوت و سەلامەت بووین، بەڵام مانەوەی كاری نۆژەنكردنەوە لە دوكانەكانی دیكە، كاریگەریی لەسەر هەموومان هەیە، چونكە كڕیاران پێیانوایە تائێستا بازاڕی قەیسەری هەمووی نەكراوەتەوە و كاری چاككردنەوەی تێدا دەكرێت، بۆیە ئەگەر پەلە بكرێت لە  نۆژەنكردنەوە و تەواوكردنی كارەكان جمووجۆڵی بازاڕ بەتەواوەتی بۆ قەیسەری هەولێر دەگەڕێتەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد: بازاڕی قەیسەری ناوەندێكی گەورەی بازرگانییە لە هەولێر، دەبوو ئیدارەی شارەكە پێش هەمووشتێك كار بۆ تەواوكردنی نۆژەنكردنەوە و چاككردنی بازاڕەكە بكات، بەڵام بەبیانووی جۆراوجۆر، نزیكەی ساڵێكە نەتوانراوە هەموو كارەكان تەواو بكرێت.
ئەوەشی خستەڕوو: لەماوەی رابردوودا چەندینجار گردبوونەوە و ناڕەزایی و كۆنگرەی رۆژنامەنووسی لەلایەن خاوەن دوكانەكان كراوە و پەیامی خۆیان گەیاندۆتە پارێزگار، بەڵام هیچ بەرەو پێشچوونێك لە خێرا تەواوكردنی كارەكان نابینین، چونكە ئەوەی دیارە هێشتا كاركردنێكی زۆر ماوە، بۆئەوەی تەواوی دوكانەكان چاكبكرێنەوە و ئامادەبكرێن بۆ كاروكاسبی.

#كوردستانی نوێ- هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان