سامان عوسمان
وەك دەڵێن زیندان قوتابخانەیە، بەڵام هەربەراستی بۆ ئەوكاتەی ئێمەی هەرزەكار قوتابخانە بوو، دوای ئەوەی لە مانگی ئازاری ساڵی 1986هەڵمەتێكی گرتن لە ناو شاری هەولێر، بۆ كۆمەڵێك خەڵكی تێكۆشەر لە ریزەكانی رێكخستنی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانی حزبی بەعس بەڕێوەچوو، منیش بەر ئەو شاڵاوە كەوتم، لەگەڵ پۆلێك لە هاوڕێیانی هاوتەمەنم، كە زۆربەمان تەمەنمان لە نێوان 15 تا 18ساڵدا بوو، بەداخەوە دوای ئەشكەنجە و ئازاردانێكی سەختی ئەوكاتە لە دائیرەی ئەمنی هەولێر، بە دووجار دوانزە گەنجیان لێمان جیاكردەوە و دواتر بۆمان دەركەوت كە گولەباران كران و چوونە كاروانی شەهیدانەوە.
لەكاتی مانەوەمان لەزیندان لە دوای ئەشكەنجەدان، ئێمەیان بۆ ژوورێكی لاكێشەیی گەورە گواستەوە، كە پێشتر وەك یانە و كات بەسەربردنی خۆیان بەكارییاندەهێنا، لەو ژوورەدا، بە بەرزی 40 سانتیم بۆڕییەكیان لە دیوارەكە قایم كرابوون كە ئامانجیان كەلەپچەكردنی ئێمە بوو، ئەوەبوو شەو و رۆژ دەستێكمان لەو بۆڕییە قایم كرا بوو، لەبیست و چوارسەعاتدا كەمتر لە سەعاتێك دەستمان دەكرایەوە. ئەویش تەنها كاتی نان خوادن.
دواتر چەند پۆلێكی تر لە خەڵكی بە تەمەنتر لە ئێمە و پڕئەزموونیان هێنا، كە خەڵكی شۆرشگێڕ و ئازا و بەتوانا و قاڵبووی ناو خەبات بوون، لە سەرەتاوە چاومان بەسترابووە و یەكترمان نەدەناسی، بەڵام دواتر دەركەوت ئەوان ئەندامانی رێكخراوی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان بوون، كە لێپرسراوەكەیان شەهید (محەمەد قادر) بوو، لەگەڵ چەند ئەندام رێكخراوێك و چەند بەرپرسی شانە و چەند كادیرێكی بەتوانای ئەوكاتانە.
لەماوەی مانەوەمان لە زیندان، بۆ ماوەیەكی زۆر، دەبوو بەكارێكەوە خەریك بین، لەلایەك بۆ بەسەربردنی كات، لەلایەكی تر بۆ فێربوون و وەرگرتنی زانیاریی تازە، بەتایبەتی لەشەودا، كە بۆ زیندانیان كەمێك لە رۆژەكان باشتر بوون، چونكە لایەنی كەم لەشەودا لێكۆڵینەوە و ئەشكەنجە كەمتر بوو، وەك لە رۆژی كاتی دەوام نەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا شەوانیش بۆ زیندان وەك رێگای بیابان درێژ و بێ كۆتاییە.
ئەوەبوو لەسەر پێشنیازی كاك(موحسین ئیبراهیم حەسەن)، بەرنامەیەكی ئێواران دانرا بە ناوی(شەڕواڵە شەڕواڵە، های لەمن شەڕواڵە های لە توو شەڕواڵە )، دیارە ناوەكەی لەوە هاتبوو كە شەڕواڵێكی زیاد هەبوو بە نۆرە لە كاتی شوشتنی جلەكانی خۆمان لە بەرمان دەكرد، ئەو بەرنامەیە لە سەرەتاوە لە سەعات هەشتی ئێوارە دەستی پێدەكرد، سەرەتا ساتێك بێدەنگ دەبووین، بۆ ماوەیەك بەو جۆرە دەماینەوە، تاكو لەو ماوەیەدا هەریەكە و بیری لە بابەتێك دەكردەوە كە ببێتە بابەتی ئەو ئێوارەیە.
خەڵكی شۆڕشگێر ئەگەر باوەڕی بەو ئامانجە هەبێت كە خەبات بۆ بەدەستهێنانی دەكات، ئەوا دەتوانێت لە قوڵایی دۆزەخدا، بەهەشت دروست بكات
ئیتر رۆژانە لەسەر بابەتێك كە هەركەس لە ئاستی خۆی شتێكی پێشكەش دەكرد، ئەوانیش لە بوارەكانی سیاسیی و مێژوویی و جوگرافی و ئابووریی و تەندروستی، یان هەربابەتێك كە بە خەیاڵماندا دەهات. لەوانەی بابەتەكانیان پێشكەش دەكرد شەهید(محەمەد قادر)،كە لە مێژووی سیاسییدا شارەزاییەكی باشی هەبوو، هەروەها دكتۆر(موحسین ئیبراهیم ) تەندروستی و كادیرێكی سیاسی بە توانا بوو، مامۆستا (سەعدی عەلی) لە چەندین بابەتی سیاسی و ئەدەبی شارەزا بوو، شێخ نەبەز لە بابەتی هونەریی و كاك باران لە گێڕانەوەی چیرۆك سەلیقەیەكی باشی هەبوو .
جگە لەو كەسانە كاك(جەمیل مەلا قەرە) و كاك(سەمەد بێتواتە) لەبواری رەخنەگرتن، هەروەها مامۆستا بایز و مامۆستا خدر و چەندانی تریش، هەریەكەیان لە بوارێك شارەزاییان هەبوو، ئەوانەی ناوم بیر نەماون داوای لێبوردنیان لێدەكەم.
خاڵێكی تری ئەو دانیشتنە پرسیار و وەڵام بوو، دەبوایە هەموو بەشداربین لە پرسیاركردن و وڵامدانەوە، هەریەكە بە پێی بۆچوونی خۆی، هەندێكجاریش هەر بۆ خۆشی و دروستكردنی كەشێكی كەمێك دڵخۆشکەر، شیعر و گۆرانی لە بەرنامەكەدا هەبوو، بۆئەوەش شێخ نەبەز دەنگێكی خۆشی هەبوو.
كۆتا بابەتیش نوكتە و قسەی خۆش بوو، نیهاد مەسیفی بەگێڕانەوەی ساتە خۆشەكانی دەرەوەی زیندان و كاك ئازاد سەعید بەخستنەڕووی زانیاریی نەزانراو لەسەر ژیان لە وڵاتانی دیکە، بەوپێیەی سەفەری دەرەوەی زۆر كردبوو.
لەو ماوەیەدا سوودێكی زۆرمان لە بابەتەكان و شارەزایی ئەو كادیرانە وەرگرت، وەك بەرنامەیەكی رۆشنبیریی گشتی و هۆشیاركردنەوە، چونكە پێشتر هیچ شارەزاییەكی ئەوتۆمان لەو بابەتانە نەبوو، ئەوەش بە هۆی كەمی تەمەن و نەبوونی دەرفەت بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ كەسانی بەتوانا.
بۆیە باسی ئەو چیرۆكەم كرد تاڕوونی بكەمەوە كە خەڵكی شۆڕشگێر ئەگەر باوەڕی بەو ئامانجە هەبێت كە خەبات بۆ بەدەستهێنانی دەكات، ئەوا دەتوانێت لە قوڵایی دۆزەخدا، بەهەشت دروست بكات، ئاخر زیندانی دەزگای ئەمنی بەعس، جیاوازییەكی زۆری لەگەڵ دۆزەزخ نییە، چونكە جگە لە ئەشكەنجەی جەستەیی تا رۆژی ئازاد بوونت، لە ژێر ئەشكەنجەی دەروونی دەربازت نابێت، ئێمەش لەكاتێكدا هەموو خوولەكێك چاوەڕێی مەرگمان دەكرد، لەناو ئەو چاوەڕوانییەدا، ئەو بەرنامەمان داڕشت و هەندێكجاریش خۆمان لەبیردەكرد کە ئێمە لەناو زیندانین و چاوەڕێی مەرگ دەكەین، بەجۆرێك لە ناو چێژ و خۆشی و شەكراوی ئەو بابەتانە خۆمان لەبیر دەكرد، وەك ئەوەی لە كۆڕێكی هۆشیاركەرەوە و هۆڵێكی گەورە دانیشتبین، ئەمەبوو ورەی پۆڵایینی شۆڕشگێرانەی ئەو كاتانە.
بەڵام دواتر زیندانییەكان لەیەك دابڕایین لەبەرئەوەی پۆڵ پۆڵ بەرەو دادگای(محكمە الثورة) دەبران، لەوێش بەداخەوە شەهید(محەمەد قادر) و(تەحسین مستەفا) بۆ ژووری سێدارە بران و بۆدواجار لێمان جیابوونەوەو ئێمەش بۆ زیندانی(ابو غریب) بەشی حوكمە تایبەتییەكان گواستراینەوە و جارێكی تر لە گۆڕەپانی (ابوغریب) یەكترمان گرتەوە و بەڵام بەشێوازێكی فراوانتر لەگەڵ كۆمەڵێك زیندانیی سیاسیی شارەكانی كوردستان و خوارووی عیراق، تاكو رۆژی 16/9/1988بە لێبوردنی گشتی، ئازادكراین و هاتینە دەرەوە.