ئا: رەوەست نەوزاد
باڵەخانەی موتەسەریف یان پارێزگای كۆنی هەولێر، كە دەكەوێتە گەڕەكی كۆنی عەرەبانی ناوەڕاستی هەولێر، یەكێكە لە كۆنترین باڵەخانەی حكومی و ئیدارییەکانی شاری هەولێر كە لە دوای دروستبوونی دەوڵەتی عیراق و بوونی شاری هەولێر بە لیوایەكی سەربەخۆ، لەلایەن ئەحمەد عوسمان یەكەم موتەسەریفی شارەكە لە ساڵی 1923 بونیادنراوە و تا ئێستا كە تەمەنی 102ساڵە وەك فەرمانگەیەكی حكومی دەوامی تێدا دەكرێت.
كەنعان موفتی، بەڕێوەبەری گشتی پێشووی شوێنەواریی هەولێر بەكوردستانی نوێی راگەیاند: دیزاینی باڵەخانەكە بەریتانی و ئەوروپییە، كە ئەو سەردەمە لە هەموو ئەو وڵاتانەی كە لەژێر فەرمانڕەوایی ئینگلیزەكان بوون، بینای لەوجۆرە دروست دەكرا، ئەوەی هەولێر كە ئێستا شوێنی قائیمقامییەتی ناوەندیی شارەكەیە، لەرابردوودا چەندین فەرمانگەی میری تێیدا بووە، كە سەرەتا بارەگای موتەسەریفیەی هەولێری تێدابووە، تا ساڵی 1980 بەهۆی دروستكردنی باڵەخانەی نوێی پارێزگا، لەو باڵەخانەیە كرایە چەندین یەكەی ئیداری دیكە.
كەنعان موفتی ئاشكراشی كرد: بیناكە لەبەرد و قسڵ و گەچ و ئاسنی شەڵمان و خشت دروستكراوە، دەرگا و پەنجەرەكانیشی لە دار پێكهاتبوون، كە بەشێوازێكی زۆر جوان دروستكراوە و تائێستا چەندجارێك نۆژەنكراوەتەوە، بەڵام دەستكارییكردنەكە زیاتر بۆ جوانكاریی و پاككردنەوە بووە، چونكە باڵەخانەكە بەشێوەیەكی زۆر پتەو دروستكراوە، بەبێ ئەوەی هیچ درزێك لەبەشەكانی دروست بێت.
عومەر فەرهادی، نووسەر و كەسایەتیی شاری هەولێر باس لە بیرەوەریی خۆی لەگەڵ ئەو باڵەخانەیە دەكات و دەڵێت: لەسەردەمی منداڵییمدا لە ساڵانی چلەكاندا، ئەو بینایە خەڵكی پێیاندەوت(قشڵە) كە لەسەری نووسرا بوو (متصرفیة لواء اربیل) كە ئەوكات هەولێر پارێزگا نەبوو.
وتیشی: لە سەردەمی دەسەڵاتی پاشایەتی لە عیراق، ئەو باڵەخانەیە هۆبەی تایبەتی بەڕێوەبەرایەتی ئەمنی هەولێری لێبوو، كە لە نهۆمی سەرەوە بوون، بینای پۆلیسیش لە قشڵەی سواری بوون، بەڵام ئەویش چۆڵكرا و چووە ناو ئەو باڵەخانەیە، هەروەك من لە ساڵی 1956 كە تەمەنم بوو بە 18ساڵ، لەو بینایە داوای رەگەزنامەی عیراقیم كرد و لەوێ بۆیان دەرهێنام.