دژوێن

09:50 - 2025-02-20
ئەدەب و هونەر
223 جار خوێندراوەتەوە

 تەیب جەبار



 
گەڕەکی (شۆرجە) یەکێکە لە گەڕەکە هەرە گەورەکانی شاری کەرکوک، سەرجەم دانیشتووانی ئەم گەڕەکە کوردن. دانیشتووانی ئەم گەڕەکە لە دێهاتی ناوچەکانی باشوور و رۆژهەڵاتی شارەکەوە هاتوون و نیشتەجێ بوون. گەڕەکی (ئیمام قاسم)یش یەکێکە لە گەڕەکە گەورە و دێرینەکانی شاری کەرکوک، ئەم گەڕەکە بە دامێنی قەڵاوەیە و لەگەڵ دروستبوونیدا بەشێک بووە لە شارەکە. سەرجەم دانیشتووانی ئەم گەڕەکەش کوردن، خەڵکی ئەم گەڕەکە بە شارنشین حساب دەکرێن، چونکە باب و باپیرانیان هەر لە شاردا گەورە بوون. بەشێک لە خێزانەکانی گەڕەکەکە لەگەڵ خەڵکی سلێمانیدا خزمایەتییان هەیە. گەڕەکی (بڵاخ) گەڕەکێکی کۆن و بچووکی شاری کەرکوکە، ئەمیش بە دامێنی قەڵاوەیە، زۆربەی دانیشتووانەکەی کوردن، هەندێ ماڵە تورکمانیشی لێیە. گەڕەکی (بڵاخ) دەکەوێتە نێوان گەڕەکی (شۆرجە) و گەڕەکی (ئیمام قاسم). بینای قوتابخانەی (ناوەندیی ئیمام قاسم)ی کوڕان، دەکەوێتە ناوەڕاستی گەڕەکی (بڵاخ)ەوە. زۆربەی هەرە زۆری خوێندکارانی ناوەندی ئیمام قاسم خەڵکی ئەم سێ گەڕەکەن، لەگەڵ هەندێ وردە گەڕەکی دەوروبەریان. من خوێندنی سەرەتاییم لە لادێ و گەڕەکی شۆرجە(قوتابخانەی شۆرجەی سەرەتایی کوڕان) تەواو کرد. ناوەڕاستی شەستەکان چوومە پۆلی یەکەمی ناوەندی لە قوتابخانەی ناوەندیی ئیمام قاسم. خوێندکارانی گەڕەکی شۆرجە لە هاتوچۆدا بۆ قوتابخانەی ئیمام قاسم، تاک تاک یان بە کۆمەڵ بەپێ هاتوچۆمان دەکرد. 
من نە لە دێکەی خۆمان نە لە خەڵکی شۆرجە کە خەڵکی ئەو ناوچانەی دەوربەری شار بوون، هەرگیز گوێم لە وشەی (جنێو) نەببوو، کەس بەکاری نەدەهێنا، بەڵکو هەموو هەردوو وشەی (دژوێن) و (دژمان)مان بەکار دەهێنا. (دژوێن: بە واتای دژەوێنە) و (دژمان: بە واتای دژەمانا). لە مانگەکانی سەرەتای ساڵی یەکەمی خوێندنی ناوەندیی گوێم لێ بوو خوێندکارانی خەڵکی ئیمام قاسم لە جیاتی وشەی (دژوێن) دەیانوت (جمێن)، رۆژێکیان لە کاتی هاتوچۆدا لە برادەرانی شۆرجەم پرسی: ئەرێ ئەوە بۆ خەڵکی ئیمام قاسم لە جیاتی (دژوێن) دەڵێن (جمێن)؟ یەکێکیان وەڵامی دامەوە و وتی: خەڵکی ئیمام قاسم خۆیان بە شاریی دەزانن و ئێمە بە دەشتەکی (لادێیی) دەزانن، لەبەرئەوە خۆیان ناسک دەکەنەوە و دەڵێن (جمێن)، چونکە (دژوێن) وشەیەکی زبرە و(جمێن) نەرمونیانە لەسەر زمان. بە حوکمی خزمایەتی و هاتوچۆی نێوان خەڵکی سلێمانی و ئیمام قاسم، ئەم وشەی (جمێن)ە لە سلێمانی بۆتە (جوێن)، ئێستاش خەڵکی سلێمانی بە نووسەر و غەیرە نووسەرەوە هەموویان لە قسەکردندا دەڵێن (جوێن) نەک (جنێو)، بەڵام نووسەران بە گشتی دەنووسن (جنێو)، هەروەها ئێستاش زۆربەی خەڵکی ئیمام قاسم لە قسەکردندا دەڵێن (جمێن) نەک (جنێو). باشە ئەم وشەی (جنێو)ە لە کوێوە هات؟
بە بۆچوونی ئێمە لای هەموو میللەتان و کوردیش لە هەندێک قۆناغدا هەندێک نووسەری زاڵ هەیە وشە و دەستەواژەی خۆیان بە چاک و بە خراپ لەو قۆناغەدا دەچەسپێنن و بەردەوام دەبێت، بێگومان شاری سلێمانی لە رووی رۆشنبیریی و چاپ و بڵاوکردنەوە پێش شارەکانی تر کەوتووە، من وایدەبینم نووسەرێک لە رەگوڕیشەی (جوێن) تێنەگەیشتووە و کردوویەتییە (جنێو)، چونکە وشەی (جنێو) ئاسانتر دەوترێ لە وشەی (جوێن). وشەی (جنێو) وشەیەکی خۆشە لەسەر زمان، بەڵام رەگوڕیشەی دیار نییە.
با بزانین فەرهەنگنووسان چی دەڵێن:
یەکەم: فەرهەنگی کوردستان، گیو موکریانی (دوو بەرگ)
ـ دژوێن: دژوون، چڵکن، کەسێکە لەش و جلکی چڵکن و مۆراناوی بێت، جنێو، جووێن ـ ی: چڵکنی.
ـ جمێن: نییە.
ـ جوێن: جوون، جوێن، دژوێن، دژمان.
ـ جنێو: جوون، وتەی ناشیرین بە یەکێک گوتن.
 
دووەم: فەرهەنگی خاڵ، شێخ محەمەدی خاڵ
ـ دژوێن: جوێن، چڵکن.
ـ جمێن: نییە.
ـ جوێن: جنێو.
ـ جنێو: وتەی ناشیرین کە بە یەکێک بدرێ.
 
 سێیەم: فەرهەنگی هەنبانەبۆرینە، هەژار موکریانی
ـ دژوێن: چڵکن، ئەسپێبوون.
ـ دوژێن: دژمان، چڵکن.
ـ دوژمان: جوێن، سخێف، دژنام
ـ جمێن: جنێو، دژوێن، سخێف، خوێن، دژمان.
ـ جوێن: جنێو، سخێف، دژون.
ـ جنێو: جوین، دژمان، سخێف.
  ئێمە هیچ لەسەر ئەو فەرهەنگانە ناڵێین، بەڵام خۆتان حوکم بدەن، ئەو فەرهەنگانە زمانی کوردییان پوخت کردووە؟ یان پەرشوبڵاویان کردووە؟. قسەکردن لەسەر ئەو فەرهەنگانە هەڵدەگرین بۆ دەرفەتێکی تر.
  پوختەی رای ئێمە وایە کە (دژوێن، دژمان) وشە رەسەنەکەن، با واز لە (دژمان) بێنین، چونکە رەگێکی عەرەبیی تیایە، هەرچی (دژوێن)ە، کە وشەیەکی کوردیی رەسەن و پەتییە، دەماودەم لەم گەڕەک بۆ ئەو گەڕەک و لەم شار بۆ ئەو شار گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە و بووە بە (جمێن، جوێن، جنێو). ئایا دەتوانین وشەی (دژوێن) بچەسپێنین و دەستبەرداری ئەو سێ وشەیەی تر ببین؟

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان