رەنگە ئەو ناونیشانەی سەرەوە ئاڵۆز و ئەستەم بێت، بەڵام زۆریش گرنگە، لە ریی کۆمەڵێک ستراتیژەوە دەکرێت نووسەرانی بواری ئەدەبی منداڵان، چیرۆکەکانیان رەنگدانەوەی کەلتوری خۆیان بێت، بەڵام لەهەمان کاتیشدا بەجۆرێک دابڕێژرێتەوە کە چێژی بگاتە دڵی منداڵانی هەموو جیهان. سەرکەوتنی نووسەر لەم بوارەدا، دەرگا کردنەوەیە لە بەردەم پەرەپێدانی بیرکردنەوە و تێگەیشتنی منداڵان لە ئاستێکی فراوانتر و بونیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هەمە چەشن و قبوڵکاری نوێگەریی و جیهانگیریی.
قەتیسکردنی ئەدەبی منداڵان لە بازنەیەکی داخراوی ناوچەیی یان بیرکردنەوە و بڕوابوونە کەسییەکانی نووسەر، یان ئایدیۆلۆژییەکی داخراو و تایبەت وادەکات ئەو چیرۆک و ئەدەبیاتانەی دەنووسرێن، نەبنە جێی سەرنجی توێژەران و لە وەرگێرانیشیاندا بۆ زمانەکانی تر نەبنە جێی سەرنجی وەرگێرەکان و نووسینەکانیش مەودایەکی زیاتری مانەوە لە رووی کات و شوێنیشەوە بڕنەکەن، بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە نووسەر دەتوانێت چەند بنەمایەکی سەرەکیی رەچاو بکات، لەوانە:
1. دەستنیشانکردنی بەها بنەڕەتییەکان:
گرنگە نووسەر ئەو بەها بنەڕەتییانە دەستنیشان بکات کە دەیەوێت کار بۆ گەیاندنیان بکات، وەک خێزان، هاوڕێیەتی، رێز...بەڵام دەبێت ئەم کارامەیی و بەهایانەش لە چیرۆکەکاندا وا بەرجەستە بکات کە منداڵان بە جیاوازیی کەلتور و بیروباوەڕەکانیانەوە، مرۆڤایەتیی تێدا ببیننەوە.
2. بەکارهێنانی هێما هاوبەشەکان:
ناوەڕۆکی چیرۆکەکان ئەو هێمایانە لەخۆ بگرن کە دەتوانن سنورەکان تێپەڕێنن و پەیوەند نین بە چینێک یان نەتەوەیەکی تایبەتەوە، وەک خۆشەویستی، سەرکێشی، سەرکەوتن...کە هەر منداڵێک لە هەر کوێدا بێت دەتوانێت کارلێکی لەگەڵدا بکات و چیرۆکەکەش دەبێت بە چیرۆکێکی جیهانی.
3. پێشکەشکردنی کەسێتییە هەمەچەشنە کەلتورییەکان:
نووسەری بواری منداڵان دەتوانێت کەسێتی چیرۆکەکانی خاوەن باکگراوندی هەمەچەشنە رۆشنبیریی بن، وابەستەبوونی نووسەر بە شێوازێک یان جۆرێک لە کەسێتی و باڵاکردنی جۆرێک بەسەر جۆرێکی تردا، خۆی لە خۆیدا لە قاڵبدانی بیرکردنەوە و خەیاڵی منداڵە.
4. سوود وەرگردتن لە گێڕانەوەی چیرۆک:
نووسەران دەتوانن گێڕانەوەی کەسیی بەکاربهێنن بۆ خستنەڕووی بەها کەلتورییەکان، ئەمەش وایان لێدەکات زیاتر پەیوەندییان بە خوێنەرەوە هەبێت. کاتێک چیرۆکەکان لە روانگەی کارەکتەرێکی دیاریکراوەوە دەگێڕدرێنەوە، بەها کەلتورییەکان دەتوانن لەگەڵ ئەزموونە هاوبەشەکانی مرۆڤدا تێکەڵ ببن.
5. تێپەڕاندنی وێناکردنی کۆنەباو:
گرنگە نووسەری بواری ئەدەبی منداڵان خۆی بەدووربگرێت لە وێناکردنی کەلتورە کۆنە باوەکان، لە بری ئەوە جەخت لە نوێگەریی و هاوچەرخییەکان بکەنەوە، تێگەیشتنی ئاڵوگۆڕ لە نێو کەلتورەکان بهێنرێتە کایەوە.
6. کارلێک لەگەڵ خوێنەری هەمەجۆردا:
فیدباکی خوێنەران دەربارەی کاردانەوەکانیان بۆ بەرهەمە هەمەچەشنە کەلتورییەکان بۆ تێگەیشتن لەوەی منداڵان چۆن کەلتورە جیاوازەکان قبووڵ دەکەن و چۆن دەتوانن گۆڕانکاریی لە تێڕوانیاندا دروستبکرێت گرنگە، بە پێی گوێگرتن لە سەرنج و بیروراکانیان دەتوانرێت چیرۆکەکان زیاتر بە جیهانییبوون و هەمەچەشنە کەلتوری بکرێن.
7. ئاوێتەکردنی بەها جیهانییەکان:
دەتوانرێت بەها کەلتورییەکان لەگەڵ بەها گشتگیرەکانی وەک مافی مرۆڤ، دادپەروەری و خۆشەویستی تێکەڵ بکرێت. ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ دروستکردنی پردێک لە نێوان کەلتورە جیاوازەکاندا، توانای چیرۆکەکە بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ بینەرێکی فراواندا بەرزدەکاتەوە.