نووسین بە پەنجەی بەفر

10:23 - 2025-02-20
ئەدەب و هونەر
152 جار خوێندراوەتەوە

محەمەد پاکژ


1
نازانم...
ئەمە چەند سەری ساڵە،
لەگەڵ مۆمێک و پێکێ مەراقا..
دوا چرکەکانی ساڵ بەڕێدەکەم!
بەڵێن بێ...
ئەمساڵ بەفریش نەبارێ،
بە خەیاڵی خۆم، پەیکەری نەرمی..،
بووکە بەفرینەی تۆ دروست دەکەم.

2
سروشتت...
دەڵێی سروشتی بەفرە،
دەستت بۆ دێنم تۆ دەتوێیتەوە.
بەڵام...
لەگەڵ من، ئەوەندە ساردی..
چلەی هاوینیش بۆم ناخورێیتەوە!

3
ئەمشەو...
نە بەفر بوو بەمیوانم،
نە تۆش بۆم بوویتە خەیاڵێکی خۆش.
هەر...
تەنیا من و هەور بێ نەشئە..،
تەمەنمان دایە دەست بادێکی بۆش.

4
بێگەردیت...
وەکو بێگەردیی بەفر،
گومان دەخاتە سەر رەنگی ژیان.
دەزانی بۆچی
 هێندەم خۆشدەوی..؟
تۆ بەفرت بۆ من هێنایە زمان.

5
ئەمشەو...
تەنیاییم چوون کلوی بەفر،
دەبارێتە سەر لێوی تینووی خاک.
من...
گڕی ئەشقی تۆم لێهەڵدەستێ..،
تۆش لەخەمی من، بێ ئاگا و بێباک!
6
لەگەڵ...
بارینی پەپوولەی بەفرا،
وەکو ریشۆڵە سەمای تیادەکەم.
وەک بەفر...
ساڵی جارێک دێی بۆ لام..،
بۆیە زۆر تاسەی بەفرانبار دەکەم.

7
دوێنێ شەو...
هێندەی کلوی بەفرەکان،
تاسەم دەنیشته سەر باڵی خەیاڵ.
کەچی...
نە نامە و نە زەنگێکت نارد،
بۆ یادەوەریی شەوی سەری ساڵ. 

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان