״هەموومان پابەندبین بە هێوركردنەوەی دۆخی عیراق״

09:23 - 2022-07-31
عیراق
525 جار خوێندراوەتەوە

دوێنێ لە بەغدا، لایەنگرانی رەوتی سەدر، خۆپیشاندانیان دەستپێكردەوە و جارێكی دیكە چوونەوە ناو بینای ئەنجومەنی نوێنەران.
لەبارەی دۆخی عیراقەوە، د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار، لە بەیاننامەیەكدا، دووپاتیدەكاتەوە كە ئەركی سەرشانی هەموومانە پابەندبین بە هێوركردنەوەی دۆخەكە و زاڵكردنی زمانی ئەقڵ و دیالۆگ و گفتوگۆ، «پێویستە بەرژەوەندیی باڵای وڵات بخەینە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەكی دیكەوە، یەكڕیز و یەكدەنگ بین».
لە بەیاننامەكەدا، سەرۆك كۆمار داوادەكات بەزووترین كات گفتوگۆیەكی نیشتمانیی راستگۆیانە دەستپێبكرێت و عیراقییەكان لەوە دڵنیابكەینەوە كە بەهەر نرخێك بێت ئاشتی و ئاسایشی كۆمەڵایەتی دەپارێزین و دەستبەرداری نابین. جەخت لەوەش دەكەینەوە كە پێویستیی زۆرمان بە سازان و گفتوگۆی جددی نێوان لایەنە سیاسییە ناكۆكەكان هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشە كەڵەكەبووەكان.
هەر لەبارەی خۆپیشاندانەكانەوە، محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە بەیاننامەیەكدا داوای لە پاسەوانانی پەرلەمانی عیراق كرد چەك بەڕووی خۆپیشاندەراندا بەرزنەكەنەوە. داواش لە خۆپیشاندەران دەكات سیمای ئاشتییانەی خۆپیشاندان بپارێزن.
هەروەها، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران و فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عیراق، داوایكرد خۆپیشاندەران گرژی و ئاڵۆزیی دروستنەكەن و پابەندبن بەڕێنمایی هێزە ئەمنییەكانەوە كە ئەركیان پارێزگارییە لە دامەزراوەكانی وڵات، لەهەمان كاتیشدا هێزە ئەمنییەكانی راسپاردووە خۆپیشاندەران بپارێزن. «هەر جۆرە گرژییەك خزمەت بە بەرژەوەندیی باڵای وڵات ناكات».
لە راگەیەنراوێكیشدا، نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكان، نیگەرانیی لە بارودۆخی ئێستای عیراق دەردەبڕێت و تەئكیددەكاتەوە كە بەردەوامبوونی گرژییەكان و بارودۆخی عیراق بەشێوەی ئێستای، خزمەت بە هیچ كەسێك و هاووڵاتیان ناكات. داواش دەكات هەموو هێز و لایەنەكان بە داناییەوە كاربكەن بۆ رێگریی لە توندوتیژیی زیاتر و هەمووان بەرژەوەندیی عیراقییەكان لەبەرچاوبگرن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان