باربوك نێوەندگیریی نێوان توركیا و یۆنان دەكات

09:39 - 2022-07-31
ڕاپۆرت
217 جار خوێندراوەتەوە

بورهان ئەمین، ئەڵمانیا

لەسەر پرسی ناكۆكییە لەمێژینەكانی نێوان یۆنان و توركیا و چەند مەسەلەیەكی تایبەت بە هاوپەیمانیی ناتۆ و ئەوروپا، ئەنالینا باربوك وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بە سەردانێك گەیشتە یۆنان و دوای رۆژێك لە گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە، سەردانی توركیای كرد و لەوێش لەگەڵ وەزیری دەرەوە و بەرپرسانی دیكەی ئەو وڵاتە كۆبۆوە.
ئەركی سەرەكیی  باربوك لەو سەردانانەدا، تاوتوێكردنی لێكەوتەكانی جەنگی نێوان روسیا ‌و ئۆكرانیا و ئاسانكاریی بۆ دەرهێنانی غازە لە دەریای ناوەڕاستدا. جگە لەوەش، ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتەیە كە بەم دواییانە گرژی زۆری بەخۆیەوە بینیوە.
ئەو بەرپرسە باڵایەی ئەڵمانیا دەیەوێت كێشەكانیان لەم قۆناغە ناسكەی ناوچەكە بە ئاشتییانە چارەسەر بكات و چیدی ناكۆكی لە نێوان وڵاتانی ناتۆدا نەمێنێت.
هەردووكیان گرنگن
دەربارەی سەردانەكەی، ئەو وەزیرەی ئەڵمانیا بە میدیاكانی راگەیاندووە: ماوەیەكە لە نێوان توركیا و یۆنان كێشە لەسەر دەرهێنانی غازی سروشتی لە دەریای ناوەڕاستدا دروست بووە، ئەسینا، ئەنقەرە بە پێشێلكاریی یاسایی تۆمەتبار دەكات لەو پڕۆسەی دەرهێنانەدا، بەرپرسانی توركیاش ئەو تۆمەتە رەتدەكەنەوە ‌و كارەكانیان بە یاسایی ناودەبەن. وتیشی: هاتووین تا ئەو كەیسە نەبێتە مایەی بەرپابوونی ئاژاوە لە نێوانیاندا، بەڵكو دەبێت بە گفتوگۆ چارەسەر بكرێت، بە تایبەتیش كە هەردوولا بۆ ئێمە و ناوچەكەش گرنگن، چونكە هەردووكیان ئەندامی ناتۆن و یۆنان لەناو یەكێتیی ئەوروپادایە و توركیاش هاوبەشێكی گرنگی سیاسی و ئابووریی ئێمەیە، بە تایبەتیش لە دوای بەڕێوەبردنی رێكەوتننامەی نێوان روسیا و ئۆكرانیا دەربارەی هەناردەكردنی گەنم ‌و ئەنقەرە هۆكاری سەرخستنی دانوستانەكە بووە و رۆڵی لەیاد ناكەین.
روونیشیكردۆتەوە: ئێمە نامانەوێت كێشە و ئاڵۆزی لە نێوان هیچ كام لە ئەندامانی ناتۆ و یەكێتیی ئەوروپادا دروست ببێت، بەڵكو دەبێت یەكدەست و یەكهەڵوێست بمێنینەوە.
باسی رۆژئاڤایان كردووە
لەسەر بارودۆخی رۆژئاوای كوردستانیش، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەدا: لەبارەی هەڕەشەكانی توركیا بۆ هێرشی نوێ بۆ سەر رۆژئاڤای كوردستان و ناوچەكانی دیكەی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی توركیا وتوێژیان كردووە و لێكتێگەیشتن لە نێوانیاندا دروستبووە. هەروەها مافی مرۆڤ و پرسی كۆچەران ‌و قەدەغەكردنی سایتی DWی ئەڵمانی لە توركیا و بەدەستهێنانی رەزامەندیی توركیا بۆ وەرگرتنی سوید و فنلەندا لە ناتۆ، بابەتی تری گفتوگۆكانیان بوون.
چاودێرانی سیاسیی ئەڵمانیا پێیانوایە كە ئەركی وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەیان زۆر سەختە ‌و  لەوەتەی ئەو پۆستەی وەرگرتووە، ئەو وتوێژانەی بە سەختترین دادەنرێت.

سەرچاوە: میدیای ئەڵمانیا

بابەتە پەیوەندیدارەکان