ئا: جینۆسایدنامە
پێناسەیەکی کورت
(نوگرە سەلمان) یەکێکە لە زیندانە کۆنەکانی عیراق، دەکەوێتە پارێزگای موسەنناوە، ساڵی 1930 لەسەردەمی پادشایەتی و دواتریش تا رژێمی سەددام حسێن بەکارھێنراوە، زیندانەکە لە قەزای سەلمانە، لە ناوچەیەکی بیابانی نزیک سنووری عیراق و سعودیە. زیندانەکە لە بیستەکانی سەدەی رابردوودا لەلایەن ھێزەکانی ئینگلیزەوە بوونیادنراوە، چونکە ناوچەکە دوورەو شوێنی دوورخستەوە بوو لەو سەردەمەدا.
نوگرەسەلمان و تاوانی جینۆساید و ئەنفال
لەم زیندانەدا هەمیشە تاوان لە پلەی باڵادا بووەو کاتێکیش باسی ئەم زیندانە کرابێت راستەوخۆ بیر لە ئازار و ئەشکەنجە کراوەتەوە، چونکە دڵڕەقییەکان تیایدا هەموو سنوورەکانی بڕیوەو گەیشتوەتە ئاستێک، مرۆڤ بە ئەستەم بڕوایان پێبکات.
ساڵی 1988 رژێمی بەعس، لە پەلامارێکی سەربازی گەورەو پلان بۆ داڕێژراودا، تاوانی جینۆسایدی ئەنفالی ئەنجامدا، تیایدا دەیان هەزار مرۆڤ جینۆسایدکران، هەزاران گوند، سەدان قوتابخانە، سەدان مزگەوت خاپوور کران.
بەپێی گێڕانەوەی ئەوانەی لە تاوانی ئەنفال رزگاریان بووە، سەرجەم ئەوانەی کە لە قۆناغەکانی تاوانەکەدا دەستگیرکران، گواستراونەتەوە بۆ سەربازگەی (تۆپزاوا) و لەوێ کۆکراونەتەوە و دواتر گەنجەکان لەلایەک و ئافرەت و منداڵ و بە تەمەنەکانیش لە لایەکی تر جیاکراونەتەوە، گەنجەکان بە پاسی تایبەت بەرەو زیندەبەچاڵکردن رەوانە کراون و ئەوانی تریش بەرەو زیندانی نوگرە سەلمان گواستراونەتەوە.
ئەو گەنجانەی زۆرینەی دەستگیراوەکان بوون، هەموو شتێکیان لێوەرگیراوەو تەنیا فانیلەیەک و دەرپێیەکی کورتیان لەبەردا هێشتوونەتەوە، لە دوای رووخانی بەعس و دەرکەوتنی گۆڕەبەکۆمەڵەکان ئەم راستییە سەلمێنراوە. ئەوانەی بەرەو نوگرە سەلمان گواسترانەوە (پیر و پەککەوتە بوون)، زیاتر لە پێنج مانگ لەو زیندانەدا دەستبەسەر بوون، پێش ئەوەش زۆربەی ئەو خێزانە ھەڵەبجەییانەش، کە لە ئێران دەگەڕانەوە بەرەو نوگرە سەلمان براون و لەوێ زیندانی کراون.
جەلادێک بەناوی حەجاج
ئەو ھەزاران ئەنفالکراوەی لە زیندانی نوگرە سەلمان دەستبەسەر بوون، رۆژانە ئازاری دەستی جەلادێک دەچێژن، بە ناوی عەجاج تکریتی، کە لەسەر زمانی ئەنفالکراوەکانەوە بە (حەجاج) ناوی دەبرێت، کە سەرپەرشتیاری زیندانی نوگرە سەلمان بوو.
قادر مستەفا (کۆچی دوایی کردووە)، لەچاوپێکەوتنێکدا دەڵێت: (بەدەستی خۆم زیاتر لە چوار سەد کەسم شۆردوەتەوە، کە لەبرسا و لە تینوێتیدا گیانیان لە دەستدابوو).
کار بکرێت بۆ ئەوەی (نوگرەسەلمان) بکرێتە یەکێک لە مۆزەخانە بە ناوبانگەکانی تاوانی ئەنفال
سەگەکانی نوگرە سەلمان!
ئەو کەسانەی لەم زیندانە گەڕاونەتەوە، بەشێوەیەکی زۆر ترسناک باسی سەگەکانی دەکەن، پێش ساڵی 1991 ئەو کەسانەی کە لەم زیندانە گەڕابوونەوە، لە ترسی دەزگا سەرکوتکەرەکانی بەعس نەیاندەوێرا باسی دڵڕەقییەکانی ناو ئەم زیندانە بکەن، بەڵام دوای 1991 بەشێکیان ئازارەکان و دڵڕەقییەکانیان دەگێڕایەوە، بەتایبەت باسی حەجاج و سەگەکانی نوگرەسەلمان.
دوای ساڵی 2003 و نەمانی رژێمی بەعس، ئیتر گەڕاوەکان لەم زیندانە ئاشکراتر باسی زیندانەکەیان دەکرد، چەندین ژن باسی ئەوە دەکەن کە چۆن مناڵەکانیان مردووەو شەو حەجاج و سەربازەکان لێیان وەرگرتوون و بەیانییەکەی لاشەو دەست و قاچی مناڵەکانیان بەدەم سەگەکانەوە بینیوە.
ئامین کە ژنێکی دانیشتووی گەرمیانەو لەزیندانی نوگرەسەلمان گەڕاوەتەوە، دەڵێت: (ئێوارە کچەکەم لەباوەشما گیانی سپارد، بەیانی بەزۆر لێمیان سەند، تووند گرتبوومە باوەشم، حەجاج بە دارەکەی دەستی تا هێزی تیابوو دایە بان دەستما، تەرمی کچەکەم کەوتە سەر زەوی و بردیان و نەمزانی ناشتیان یان کردیانە بەردەم سەگەکان). ئەوانەی لەنوگرەسەلمان گەڕاونەتەوە دەڵێن (سەگەکان زیندانیەکانیان ترساندبوو، سەگی ئاسایی نەبوون، تووکیان درێژ و زۆرینەیان رەنگی رەش و گەورە بوون، گۆشتی مردووانیان پێدەدرا)، بەکورتی دەتوانین بڵێین (سەگ و حەجاج) دوانەی تۆقاندنی ئەنفالکراوەکانی ناو زیندانەکە بوون.
جەلالی هەزارکانی
ماوەی سێ ساڵە کەسوکاری ئەنفالکراوەکان لە مانگی چواردا، دەچنە زیندانی نوگرەسەلمان و لەوێ یادی ئازیزانیان دەکەنەوە، جەلالی هەزارکانی خەڵکی ئاوایی هەزارکانییەو کەسوکارەکەی لە تاوانی ئەنفالدا لەدەستداوە، دەڵێ: (لە رۆژێکی مانگی چواری 2024 لە گەرمیانەوە بە رێکەوتین بۆ سەماوەو کە گەیشتین بەیانییەکەی کاتژمێر 6 لە وێوە بەڕێ کەوتین بۆ قەڵای نوگرەسەلمان، کە لای کورد (بەقەڵای مەرگ) ناسراوە. قەڵایەک بۆ ئەوانەی رۆژانێک لەوێ تێدا بەندکرابوون هەستێکی پڕ لەناسۆر و پڕمەینەتە بۆیان..خۆر ئاوایەکی دەرنگ گەیشتین، ئەو شەوە چەند چالاکییەک لەنێو قەڵاکە ئەنجامدرا تاکو درەنگانێکی شەو.. هەریەکەو بارگەو بنەی خۆی لەنێو قەڵاو دەرەوەی قەڵا داخست.. قەراربوو هەموومان تەنها نان و ئاو بخۆین.. بۆ؟ لەبەر رۆحی ئەو ئازیزانەمان کە رۆژانێک لەم قەڵایەدا تەنها سەمونێک و چۆڕێ ئاو بووە بیخۆن.. (ئەگەر هەشبووبێ).. جەلال دەڵێ: (چوار دووری قەڵاکە پڕە لە گۆڕستان، گۆڕی ئەوانەی لەم قەڵایەدا یان لەژێر ئازار و ئەشکەنجەدا گیانیان سپاردووەو بەرگەی گەرما و تینوێتی و برسێتییان نەگرتووەو مردوون یان هەر لە ترس و دڵەڕاوکێدا زراویان تەقیوە!).
چواردەوری قەڵا پڕە لە ئێسک و پروسک
هەروەک جەلال دەڵێ (دەوری قەڵا پڕە لەئێسک و پروسکی ئازیزانمان، پڕە لەو کەلوپەلانەی کە ئێمە بە کاریان دەهێنین، بەتایبەتی ئەوانەی گوندنشینەکان.. بۆیە نابێت و ناکرێت لەوقەڵایە بیت و بە شوێن ئێسک و پروسک و لاشەی کەس و کارت نەگڕێیت).
نمایشێک و هەزاران پرسیار
هاوڕێ پێشڕەو، یەکێکە لە چالاکە دیارەکانی بواری داکۆکی، لە کەسوکاری قوربانیانی جینۆساید و ئەنفال و لە گێڕانەوەیەکیدا دەڵێ: (رێبوار قەرەبڵاغی ژن و منداڵەکانی لە قۆناغی سێی ئەنفال لەگەڵ هەزاران کەسی رەش و رووتی دێهاتەکان راپێچی زیندانەکانی تۆپزاواو نوگرەسەلمان دەکرێن و جارێکیتر نایان بینێتەوە، رێبوار (36) ساڵە بە ئازاری دابڕانی جگەرگۆشەکانیەوە ژیان دەگوزەرێنێت و یەکێک لە منداڵەکانی پێش ئەنفال زۆر حەزی لە خورما دەبێت، ئەمە برینێکی ساڕێژنەبوو لەجەستەو رۆحی و بۆ هەمیشە لە مێشکیدا گێنگڵ دەکات؛ لە سەفەری بۆ نوگرەسەلمان، لە نمایشێکی پڕ لە تاسەو ئاواتی دووری ئازیزانی، لەدرەنگانێکی شەوی 16-17/5/2024 لە سوچێکی هۆڵەکەی قەڵاکەدا نان و خورماو و ئاو بۆ منداڵەکانی دادەنێ و دەڵێ وەرن رۆڵە شرینەکانم باوکتان والێرەیە نان و خورمام بۆ هێناون، دوای چاوەڕوانییەکی زۆر و بێ هیوابوون، دەڵێت رۆڵە شیرینەکانم سفرەکەتان بۆبەجێ دێڵم بەڵکو دوای من هاتنەوەو شادبنەوە بەدیاریەکەی باوکتان.
کاروانێک بەرد بەرەو نوگرەسەلمان
پشکۆ محەمەد هونەرمەند و خەمخۆری دۆسییەی پاراستنی ئاسەوارەکانی ئەنفال، دەڵێ: لە دەستپێشخەری و هەنگاوێکی گرنگداو بەهەستێکی نیشتمانییانەوە، دامەزراوەی کەریمی عەلەکە، بە سپۆنسەر و پشتیوانی دارایی کەسایەتی نیشتمانی، دکتۆر تەها رەسوڵ، پێنج بەردی زیاتر لە سی تەنی، ناردە بیابانەکانی سەماوەو نوگرەسەلمان و بە ئامادەبونی کەسوکاری ئەنفال و شەهیدان و هاووڵاتیانێکی زۆر، لە پێدەشتی گۆڕە بەکۆمەڵەکان، بەردەکان دانران، وەک بەڵگەیەکی زیندوو لەو دەشتانە دەمێننەوەو بە هەمووان دەڵێن، بەڵێ ئێرە بیابانی کۆڕەبەکۆمەڵەکان و دوامەنزڵگای هاوڵاتیانێکە، کە تەنها لەبەر کورد بوونیان مافی ژیانیان لێسەنرایەوە.
نوگرەسەلمان بکرێتە مۆزەخانە
نوگرەسەلەمان یان قەڵای نزارکێ یاخوود سەربازگەی دوبز یان سەربازگەی تۆپزاوا، یان شوێنەواری قەڵای قۆرەتوو یان هەر شوێن و جێگایەکی تری (تاوانەکانی جینۆساید دژ بە گەلەکەمان)، کاتی زۆریان بەسەردا تێپەڕیوە و ئێمە نەمانتوانیوە وەک پێویست و بەڵگەی سەلماندنی تاوانەکان کاری پێویستیان لەسەر بکەین!، بۆیە ئێستا کاتی خۆیەتی لەنوگرەسەلمانەوە دەست پێبکەین و حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەرپرسی پلەیەکە لەگەڵ حکومەتی عیراق، تەواوی رێ و شوێنە یاسایی و کارگێڕی و لۆجستییەکان بگرێتەبەر، بۆ ئەوەی (نوگرەسەلمان) بکرێتە یەکێک لە مۆزەخانە بە ناوبانگەکانی تاوانی ئەنفال.