ئەسرین محەمەد
دسلێکسیا( dyslexia ) یاخود کەمتوانایی خوێندنەوە، یەکێکە لە بەربڵاوترین جۆرەکانی کەمتوانایی فێربوون لە جیهاندا، ئەم گرفتە تایبەتە بەخوێندنەوە و ناسینەوەی هێما نووسراوەکان، منداڵ یان هەر کەسێکی تر کاتێک بەشێوەیەکی ئاسایی ناتوانێت پیت و دەنگی پیت و شێوەی پیت و پێکەوەلکاندن و جیاکردنەوەیان و بەکارهێنانیان لە بڕگەو وشەدا بکات بێ ئەوەی هیچ گرفتێک یان پشێویەکی ئەقڵی یان دەروونی یان جەستەیی هەبێت دەکرێت وەک دوچارێکی گرفتی دسلێکسیا ناوببرێت، بە مەرجێک ئەو گرفتە بەردەوام و دووبارەبێت لە کرداری خوێندنەوەی تاکدا.
گرفتێکی بەربڵاوە
لە جیهاندا بەشێوەیەکی بەربڵاو ئەم گرفتە هەیە بە رێژەی نزیکەی لە هەر بیست و پێنج کەسێک یەکێک گرفتی کەمتوانایی خوێندنەوەی هەیە و گرنگیەکی زۆری پێ دەدرێت لەلایەن حکومەت و دامودەزگا پەیوەندارەکانەوە، بەڵام کارتێداکردن لەم گرفتەدا لە کوردستاندا بەربڵاونییە و پێویستە گرنگی زیاتری پێ بدرێت و مامۆستایان و خێزان و پەروەردەکارانی لێ ئەگاداربکرێتەوە و پێیان ئاشنا بکرێت، چونکە چارەنووسی داهاتووی ئەو منداڵانەی ئەم گرفتەیان هەیە بەندە بە رادەی یارمەتیدان و پاڵپشتیکردنیان بۆ باشترکردنی ئەدای خوێندنەوە و پەرەپێدانی تواناکانیان لەخوێندنەوەدا، لەمیانەی ئەو گرنگیپێدانانە لە پارێزگای سلێمانی رێکخراوی دۆستایەتی فەڕەنسی - کوردی/دیالۆگ، کە رێکخراوێکی رۆشنبیری و پەروەردەیی و پەرەپێدانە و کاردەکات بۆ ئاشنایەتی و پێکەوەگرێدانی کەلتوری فەڕەنسی – کورد دا، خولێکی تایبەت بە دسلێکسیا بۆ ژمارەیەک مامۆستا و سەرپەرشتیاری پەروەردەیی کردەوە.
مەحمود عەبدولکەریم باجەلان ئەندامی بۆردی کارگێڕی رێکخراوی دۆستایەتی فەڕەنسی-کوردی/دیالۆگ لەبارەی خولەکەوە وتی: کوردستانیش وەک هەر جێگایەکی دیکە بەدەر نییە لە گرفتی کەمتوانایی خوێندنەوە و لە ئەزموونی کاری پەروەردەییماندا بە روونی ئەوەمان بەرچاو کەوتووە کە لەهەموو پۆلێکی خوێندندا ئەم حاڵەتە هەیە و پێویستی بە رۆشنبیری و راهێنانی مامۆستایان هەیە کە بەشێوەیەکی ئەکادیمی کاری تێدابکەن و منداڵانی کەمتوانایی خوێندنەوە بناسنەوە و لە گرفت و پشێویە جۆربەجۆرە ئەقڵی و دەروونی و جەستەییەکانی تری جیا بکەنەوە.
هەروەها دێرین مەحمود راهێنەری نێودەوڵەتی و شارەزا لەبواری دسلێکسیا وتی: کەمتوانایی خوێندنەوە کاریگەریی لەسەر توانای مێشک هەیە بۆ فێربوونی خوێندنەوە و نووسین، بە تایبەتیتر بۆ گۆڕینی ئەوەی دەیخوێنیتەوە بۆ زمانی قسەکردن و نووسین، ناڕێکی خوێندنەوە بەشێکی گەورەی بۆماوەییە هۆکارەکانی ناڕێکی خوێندنەوە زیاتر پەیوەندییان بە شکستی سیستمی فۆنۆلۆژییەوە هەیە. وتیشی، بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە پزیشکان مارتین-غلینگام ئەوەیان سەلەماندووە کە پێویستە بە بەکارھێنانی ھەستەکان و نووسینی وشەکان لەسەر لم یاخود لە ھەوادا بۆ ئەوەی منداڵان ھەستی پێبکەن یاخود مامۆستایان کار لەسەر هەستی چاو بکەن.
کاریگەریی لەسەر پڕۆسەی فێر بوون هەیە
دڵسۆز حەمەخان سەرپەرشتیاری پەروەردەیی یەکێک بوو لە بەشداربوانی خولەکە وتی: خولێکی سوودبەخش بوو بەهیوای ئەوەی هەموان بتوانین دەستنیشانی ئەو منداڵانە بکەین کە گرفتی کەمتوانایی خوێندنەوەیان هەیە و چیدی بە تەمەڵ و لاواز ناونەبرێن.هەر کێشەیەکی تاکە کەسی کاردانەوەی هەیە لەسەر کەسایەتی کەسەکە و دواتریش کاریگەریی لەسەر پڕۆسەی فێر بوون دەبێت، بۆیە ئەگەر پەروەردەکار و مامۆستایان ئاشنا نەبن بە جۆرە جیاوازەکانی کەسایەتی خوێندکاران و ئەو تایبەتمەندییانەی هەیانە ئەوا تووشی کێشە دەبنەوە لە پەروەردەکردن و فێرکردنی خوێندکاراندا کە هەندێکجار رەنگە ببێتە هۆی دوورکەوتنەوەی فێرخواز لە فێربوون و خوێندن.
مامۆستا لەنجە ئەحمەد باسی لەوەکرد، زۆرێک لە مامۆستایان بە گرفتی کەم توانایی خوێندنەوە ئاشنانین کردنەوەی ئەم خولانە گرنگن بۆ ئەوەی مامۆستایان و پەروەردەکاران زانیارییان هەبێت لەسەر ئەو گرفتەی بەشێک لە خوێندکاران تا بتوانن بە هەماهەنگی لەگەڵ دایک و باباندا هاوکاری خوێندکار بکەن بۆ بەردەوام بوون لە خوێندن. کۆ نیشانەکانی کەمتوانایی خوێندنەوە بریتین لە: هێواش خوێندنەوە وهەڵەکردن لە کاتی خوێندنەوە بەدەنگی بەرز کەسەکە وا دەردەکەوێت کێشە لە بینینیدا هەبێت، وشەکان و پیتەکان یاری دەکەن و دەجوڵێنەوە لەبەرچاو، کێشە بۆ کاتی فێربوون دروست دەکات، بەڵام کاریگەریی نابێت لەسەر ئاستی هۆشیاری و زیرەکییان.
هاوکات پەیام ئیبراهیم راهێنەرو ئەدیبی بواری منداڵان وتی: کەم توانای خوێندنەوە گرفتێکی باوە دەبێتە هۆی کێشە لە خوێندنەوە و نووسین و گۆ نەکردنی هەندێک وشە و تێکەڵکردنی پیتە لەیەک چووەکان چارەسەرکردنی تەنها بە هاوکاری خێزان و ناوەندکانی خوێندن دەبێت بۆ خوێندکار.
مامۆستا سۆران محەمەد یەکێکی تر بوو لە بەشداربووانی خولەکە و وتی: زۆر سوودمەند بووم لەو زانیاریانەی تایبەت بە کەمتوانایی خوێندنەوە وترانەوە لە هۆکاری دروستبوونی حاڵەتەکە و چۆنیەتی دەستنیشانکردنی گرفتەکە هەتاوەکو بتوانین رێگاچارەی دروست لە هاوکاری و رێنمای بۆ ئەو قوتابیانە بگرینەبەر کە ئەو حاڵەتەیان هەیە بۆ ئەوەی پاش دەستنیشانکردنی خوێندکارەکە بە دروستی بتوانین هاوکاری بکەین.
بە نەخۆشیەکە ئاشنانین
مامۆستا تاڤان محەمەد ئاماژەی بەوەکرد، ماوەی دە ساڵە مامۆستایە و لەو گرفتە ئاگادارنەبووە بۆیە زۆر پێویستە مامۆستایان لەو گرفتەی خوێندکاران، چونکە پەیوەندی هەیە بە چارەنووسی خوێندکاران و کاریگەریشی لەسەرجەم بابەتەکانی تری خوێندندا هەیە، چونکە خوێندنەوە رەگەزی بنەڕەتی هەوڵ و کۆششی خوێندکارە بۆسەرکەوتن.
بەو پێیەی لە باخچە پیتەکان بەمەبەستی فێربوون وەک پۆلی یەک ناخوێندرێن بەڵکو لەڕێگای یاری و چالاکیەوە وەک قۆناغی ئامادەکاری بۆ فێربوونی شێوە و دەنگی پیتەکان کاری تێدا دەکرێت دیمەن حەمە عەلی سەرپەرشتیاری پەروەردەیی باخچەی منداڵان وتی: گرنگە مامۆستایانی باخچەکان بەشداری ئەم خولانە بکەن و زانیارییان لەسەر گرفتی کەمتوانایی خوێندنەوە هەبێت.
ئەمین محەمەد، شاعیرو ئەدیبی بواری منداڵان کە بەشداربوویەکی خولەکە بوو هۆنراوەیەکی تایبەتیشی بۆ گرفتی دسلێکسیا نووسیوە، وتی گفتوگۆ دەربارە دسلکێسیا کارێکی پێویستە، بەپێی ئەوەی ئەو دیاردەیە، تەنانەت وشەی (دسلێکسیا)نوێ و نامۆیە لای زۆربەمان، بۆیە پێویستی بە ناساندنی زیاترە لە رێی خول و سیمینار و راگەیاندنەوە.