رووداوەكەی دهۆك لە چاوی توركەوە

خاڵی شكانەوەی ئەنكەرە

10:03 - 2022-07-31
ڕاپۆرت
368 جار خوێندراوەتەوە
#کۆپتەرێکی هێزەکانی تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستان

محەمەد نورەدین
و: كوردەوان محەمەد سەعید


ئەو رووداوەی زاخۆی سەر بە پارێزگای دهۆك كە كورد پێیوایە لەبەر ئەوەی قوربانییەكانی عەرەب بوون، سەرنجی عیراق و وڵاتانی عەرەبی راكێشاوە، تا ئێستاش لە ناوەندە سیاسی و میدیاییەكانی توركیادا بە بایەخەوە باس دەكرێت، بەشێك لەو ناوەندە پێیوایە كە كاردانەوەكەی عیراق ئاماژەیە بۆ شێوازێكی جیاواز لە مامەڵەی لەگەڵ توركیادا و ئەوەی رووی دا دەكرێ درزی پەیوەندی نێوان بەغدا و ئەنكەرە گەورەتر بكات و دەبێتە خاڵی شكانەوەی توركیا لە عیراق، بەڵام بەشێكی دیكە لەو ناوەندە پێیوایە پەیوەندی نێوان ئەو دوو وڵاتە هەروا بە پتەوی دەمێنێتەوە و هەروا بە ئاسانیش بە شكانەوەی تێ ناكەوێت.

ئەوەی لە زاخۆ روویدا حساباتی توركیای تێكدا، بە تایبەت كە ئیدانەكردنی رووداوەكە نیمچە كۆدەنگییەكی هەموو عیراقی لەسەر بوو

پڕۆسە سەربازییەكانی توركیا لە عیراق
هەرچەندە توركیا ساڵانێكە پڕۆسەی سەربازی لە باكووری عیراق ئەنجام دەدات، ناوچەیەكی فراوانیشی لە خاكی عیراق ناوناوە ناچەی ئەمنی، بەڵام هێرشەكەی ئەمجارەیان كە سەیرانگایەكی زاخۆی سەر بە پارێزگای دهۆكی كردە ئامانج و لانی كەم نۆ كەس كوژراو دەیان كەسیش بریندار بوون، كاردانەوەی جۆراوجۆری لێكەوتەوە، حكومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عیراق تا ئێستا تەنیا بینەر بوون بەرامبەر بەو رەفتارانەی توركیا لە باكووری وڵات و هێزەكانی بۆ سەر پارتی كرێكارانی كوردستان، وەك ئەوەی ئەو رووداوانە لە وڵاتێكی دیكە روو بدەن، بەرپرسانی هەرێمی كوردستانیش بێدەنگەیان لێ كردووە، بە حساب لەبەر ئەوەی پرۆسە سەربازییەكان دژی گروپێكی كوردی ئەنجام دەدرێن كە نەیاری بنەماڵەی بارزانییە، ئەمەش رێكخۆكەرە بۆ بەردەوامبوونی هێرشەكانی توركیا، بەڵام ئەوەی لە زاخۆ رووی دا حساباتی توركیای تێك دا، بە تایبەت كە ئیدانەكردنی رووداوەكە نیمچە كۆدەنگییەكی هەموو عیراقی لەسەر بوو، هەروەها داواش كرا بڕیارێك دەربكرێت بۆ ئەوەی ئەنكەرە ناچار بكات هێزەكانی خۆی لە خاكی عیراق بباتە دەرەوە، هەروەها بەیاننامەیەكی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیش دەرچوو، بەڵام بەیاننامەكە كەسی تۆمەتبار نەكرد و تەنیا داوای كرد هەردوو حكومەتی عیراق و توركیا بەرپرسیاریی خۆیان دەستنیشان بكەن، هاوكات رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆكی توركیا هێرشەكەی ئیدانە كردو وتیشی رێی تێناچێ سوپای توركیا كاری لەو جۆرە بكات.

كاردانەوەكان  لەسەر رووداوەكە لە توركیا
یەكێك لەو بۆچوونانەی سەبارەت بەو رووداوە وترا، لێدوانێكی وەهاب جۆشكۆن بوو لە زانكۆی دیجلەی توركی بوو بۆ رۆژنامەی (غەزەتە دەوار)، وەهاب دەڵێ: زۆر گرنگە لایەنی بەرپرس لە هێرشەكە دەستنیشان بكرێت، چونكە ئەگەر یەكلایی بێتەوە كە لە ئەستۆی توركیایە، ئەوا پەیوەندی توركیا لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی تێك دەچێت، وەهاب باسی لەوەش كرد، تەنیا دوو ئەگەر هەیە، یان ئەوەتا هەڵەیەكی هەواڵگریی بووە، یاخود دزە كراوەتە ناو سوپای توركیاوە، هەر بە گوێرەی لێدوانەكانی وەهاب جۆشكون، ژمارەی قوربانییە مەدەنییەكانی پرۆسەی سەربازی توركیا لە باكووری عیراق تا ئێستا گەیشتۆتە 138 كەس، ئەم ژمارەیەش گەورەیە.
جۆشكۆن ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، كە كاتێك زۆرێك لە قوربانییە مەدەنییەكانی ئەو پرۆسە سەربازیانە كورد بوون رووداوەكان كاردانەوەیەكی ئەوتۆیان لێ نەكەوتەوە، بەڵام ئەمجارەیان كە ژمارەیەك هاووڵاتی عەرەب بوونە قوربانی، رووداوەكە جیهانی عەرەبی وروژاند، وەهاب ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، كە ململانێیەكی توند هەیە لە نێوان توركیاو ئێراندا لەسەر سروشتی داهاتووی حكومەتی عیراق، رەنگە ئەم هێرشەی ئەم جارەی زاخۆ بە قازانجی تاران بێت لە ململانێكەیدا لەگەڵ ئەنكەرە.
بیلال سەمبور لە زانكۆی یەڵدرم بایەزید، رووداوەكەی بە كوشتار وەسف كرد و وتیشی وادیارە هاتوهاوارەكەی توركیاش كە دەیەوێ رووداوەكە بخاتە ئەستۆی پارتی كرێكارانی كوردستان، لای ئەمریكا و روسیا و ئێران و عیراقیش گوێی لێ ناگیرێت، چونكە ئەمجارەیان بەغداش هەڵوێستی جیاوازی هەبووە، كە رەنگە ببێتە هۆی دوور كەوتنەوەشی لە توركیا، بیلال ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، لەم رووداوەدا هەڵوێستی سوننە و شیعە نیمچە یەكگرتوو بوو، بەڵام هەولێر پەرۆش بوو بۆ ئەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەنكەرە تێك نەچێت.
بیلال پێیوایە، رووداوەكەی زاخۆ خاڵی شكانەوەی توركیا بێت لە پەیوەندییەكانی لەگەڵ عیراقدا، بەڵام بیلگای دۆمان سەرپەرشتی لێكۆڵینەوەكانی تایبەت بە عیراق لە سەنتەری ئۆرسامی تایبەت بە لێكۆڵینەوەی ستراتیژی پێی وا نییە پەیوەندی نێوان توركیاو عیراق تێك بچێت، ئەو پێیوایە هەردوو وڵات ئەو پەیوەندییە دەپارێزن. بە وتەی ئەو توێژەرە بێت، هەندێك لایەن چاویان بە پەیوەندی نێوان توركیا و عیراق هەڵنایەت و هەوڵ بۆ تێكدانی دەدەن، بەڵام دوای پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق پەیوەندییەكەیان باشتر و بەهێزتریش دەبێت لە جاران، چونكە حكومەتی عیراق پێویستی بە توركیایە، زیاتر لەوەی كە توركیا پێویستی بە عیراقە.
ئۆنال چەفەك ئۆز باڵیۆزی پێشووی توركیا و نوێنەری پارتی گەلی كۆماری، جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، كە پێویستە توركیا روونكردنەوە بدات، بۆ ئەوەی تاوانەكەی لەسەر لابچێت. هاوكات پارتی گەلی دیموكراتی كوردی داوای لە پەرلەمان كرد، كۆبوونەوەیەكی بە پەلە بكات و رووداوەكەی زاخۆیشی بە رۆبۆسكی دووەم وەسفكرد، وەك ئاماژەیەك بۆ ئەو رووداوەی 2011 كە فڕۆكەی توركیای جۆری ئێف16 هێرشی كردە سەر گوندی رۆبۆسكی كوردی لە پارێزگای شرناخ و تیایدا 34 كەس كوژران. هۆشیار ئۆزسۆی نوێنەری ئەو حزبە لە دیاربەكر وتی: توركیا بەردەوام سیاسەتی نكۆڵی كردن رەچاو دەكات، بە جۆرێك ئێستا ئەو سیاسەتە بۆتە سیاسەتی دەوڵەت، بەڵام ئەوەی ئەم رووداوە لەوانەی پێش خۆی جیادەكاتەوە، ئەوەیە كە كوژراوەكان عەرەبن، هەر ئەوەش گرژیی لەسەر ئاستی عیراق ناوەتەوە، كێشەكە لەوەدایە كە توركیا مەسەلەی كوردی كردۆتە بابەتێكی عەسكەرتاری لە ناوەوەو دەرەوەی توركیاش و هیچ چارەسەرێكی پێ نییە. ئاماژەی بەوەشكرد، ئەگەر تێڕوانینەكان بۆ دۆزی كورد نەگۆڕێن، كوشتار هەر بەردەوام دەبێت.

ئەنكەرە رووبەڕووی دۆخێكی هەستیار بۆتەوە
فەهیم تاشتكین-ی نووسەر پێی وایە بەرەنجامی پرۆسە سەربازییەكانی توركیا لە باكووری عیراق، ئەنكەرەی رووبەڕووی دۆخێكی هەستیاری دیپلۆماسی و بازرگانیی كردۆتەوە، ئەم نووسەرە كە ئۆپۆزسیۆنی توركیا پێیوایە لایەنگری كردن لە پرۆسە سەربازییەكانی توركیا لە دەرەوەی سنووری خۆی، پێویستی بە هەڵسەنگاندنێكی نوێ هەیە.
هاوكات رۆژنامەی یەنی ئۆزگور پۆلۆتیكای كوردی لەو بارەیەوە نووسیویەتی: لە كاتێكدا چاوەڕێی ئەنجامی كۆبوونەوەكەی تاران دەكرا، تا بزانرێ ئێران رازی دەبێت بە هێرشێكی دیكەی توركیا بۆ سەر باكووری سوریا، ئەم رووداوەی زاخۆ قوت بۆوە، گرنگی رووداوەكەش لەوەدایە كە كوژراوەكان عەرەبن، لەبەر ئەوە عیراق و وڵاتانی عەرەبیشی وروژاند، خۆ ئەگەر كوژراوەكان كورد بوونایە كەس گوێی پێ نەدەدان، رۆژنامەكەی رەخنەی لە بەرپرسانی هەرێمی كوردستانیش گرت، كە هەڵوێستی خراپی هەبووەو پێی وایە ئەگەر پارتی كرێكارانی كوردستان لەو ناوچەیە نەبوونایە توركیا هێرشەكەی نەدەكرد، رۆژنامەكە دەڵێ: باشە خۆ لە بیستەكان و سییەكاندا پارتی كرێكاران هەر نەبووەو توركیاش بەردەوام كوشتارو كۆمەڵكوژی بەرامبەر بە كورد ئەنجام داوە، لەبەر ئەوە باشترین وەڵام بۆ ئەو كوشتارەی زاخۆ ئەوەیە كە داوا بكرێت سوپای توركیا بە تەواوی لە باكووری عیراق بچێتە دەرەوە.
سەرچاوە: 
-صحیفة الاخبار اللبنانیة.

بابەتە پەیوەندیدارەکان