بەدواچوونێک بۆ 70 ساڵ حوکمی شاژنی بەریتانیا

10:26 - 2022-07-31
ڕاپۆرت
578 جار خوێندراوەتەوە
شاژن ئەلیزابێسی دووەم

 هەڵۆ بەرزنجەیی 

من لە کرۆکدا سەرسامی سیستمی پاشایەتی نیم و بەشەوارەی ھیچ تیۆریی و دەقی رەنگاوڕەنگی نێو کتێبانیشدا نەکەوتووم. ئەوەی حەز و ئاواتی من دەیخوازێ، لە ئامانجی سیستم، دەسەڵاتێکە یەکسان و بێ چەوسانەوەی مرۆڤ بێت.مرۆڤەکان لە سایەیدا بەختەوەر و شکۆمەند بن. گرنگە دەسەڵات چاوی لە بێدەسەڵات بێت و دادپەروەرانە دەستپاکانە کار و خزمەت بە خەڵک پێشکەش بکا، پاشا بێت یان نا لەسەر رەفتار و مامەڵەی وەستاوە.
ئەگەر ئێمە واز لە رۆڵی ئینگلیز لەسەر ئاستی ئەوروپا و ئەمریکا بھێنین، ئەوا لە ئاسیا و ئەفەریقادا، نەتەوە و وڵاتێک شک پێ نابەیت قوربانی سیاسەتی ئینگلیز نەبێت و گورزی بەر نەکەوتبێ. سیاسەتێک لێوان لێو لە ناحەزایەتی و بەجێهێشتنی هەزار گرێکوێرە بۆ میللەتانی بندەست لەدوای خۆیانەوە.
لەتەک ئەم راستییە مێژووییەدا و بە خوێندنەوەی بارودۆخی کورد و کوردستان لەسەر بنەمای بابەتی و زانستی، قوربانی ھەرە گەورەی سیاسەتی ئەم ھێزەیە. بێ ئەوەی درێژەی بدەمێ، بەندە لەزۆر نووسینی تردا ئاماژەم بەم خاڵە داوە.

بەتەمەنترین دەسەڵاتدار
شاژنی بەریتانیاThe Queen کە ناوی Elizabeth ll  ئەلیزابێسی دووەمە، بەتەمەنترین ژنی دەسەڵاتدار لە مێژوودا دادەنرێ و 70 ساڵی رەبەقە تاجی پاشایەتی لەسەر ناوە. لە مێژوودا  تەنها سێ پاشای تر، هێندەی تەمەنی ئەو لە دەسەڵاتدا ماونەتەوە، ئەوانیش:  لویسی 14 ی فەرەنسا نزیکەی 72 ساڵ دەسەڵاتدار بووە و پاشایەکی تایلاند بهومبۆل ئادولیادیژ، هەروەها  یوهانی دووەم  پاشای شانشینی لیشتەنشتاین، ئەمانە  یەکی 70 ساڵ و چەند مانگێک حوکمییان کردووە. ئەوە ئیلیزابێت هەر لەتەمەندایە و پێدەچێت ئەمانە تێپەڕێنێ.

یادی پلاتینی شكۆ
ئەم ساڵ 2022 بۆ ماوەی 4 رۆژ یادی پلاتینی ئەم شکۆ و تاجەی بۆ کرایەوە. یادێک بە قاشکردنی کێکی تەمەن، بووە جێی سەرسوڕمانی ھەموو جیھان. رۆژانی 2-5 مانگی حوزەیران ئەمساڵ چوار رۆژ ئاھەنگ و پشوو لەسەر شەقام و بەر ماڵ و کۆشکەکان گێردڕا. لە کۆشکی(باکنگھام )یش.کە ژمارەی رەسمی 200 ھەزار ئاهەنگی جۆراوجۆر کرا بوو، بۆ خانمێکی میراتگری دەسەڵاتی شانشینی ئینگلیز کە 70 ساڵە تاجەکەی نراوەتە سەر. خۆی بە سواری کەژاوەیەکەوە لەتەک چەندین ئەستێرەی سیاسی و هونەریدا سروودی نەتەوەییان دەچڕی کە کۆپلەیەکی دەڵێت: خوایە پاشا بپارێزە. 
بۆ ئەم ئاهەنگێڕانە 950 شەقام و کۆڵان  و رێگەی هاتوچۆیان لێ بەستن.لە 80 وڵاتانی Commonwealth لە نیو گرینلاندەوە تا نیوزیلاندا نزیکەی 600 جۆر خواردن ئامادە کرا و شەقامەکان رازێندرانەوە.

یادێکی تایبەت
تیڤی، رادیۆ، رۆژنامەنووس، ھەواڵنێر، لەزۆربەی جیھاندا سەرقاڵی گواستنەوەی ئاھەنگەکە بوون. گۆڤار، کتێب نووسران و بڵاوکرانەوە و سەدان پسپۆڕ و شارەزای تایبەتی کۆشکی پاشایەتی و لێکۆڵەر و مێژوونووس و ئەدیب و ھونەرمەند، بەشدارییان لەم بۆنەیەدا کرد و بەرز نرخاندیان . بەشێکی ئاھەنگەکانی لە  لەندەن کران،  نمایشی سەربازیی  بە بەشداری 1500 سەرباز و 200 پۆلیسی ئەسپسوار و تیپێکی موزیکی 400 کەسی بەڕێوە چوو.
لە ئاسمان فڕۆکەکانی سەر بە هێزی پاشایەتی، نمایشیان دەکرد و بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش ژمارە 70 یان دەنەخشاند. پاشا زەنگی گەورەترین کارتێدراڵی جیھانی لێدا و دەست کرا بە نوێژ و نزا کردن و ھەروەھا لە وڵاتانی کۆمنوێل پیرۆزکردنی(یوبیلی پلاتینی) جۆشی تێکەوت.
پاشا بە وتارێک سوپاسی ھەموو ئەندامان و دراوسێ و ھاوڕێکانی کرد. بەتایبەت ئەوانەی ژێر دەسەڵاتی کۆمنوێل. وەک ئوسترالیا و کەنەدا و زۆر دوورگەی تری  ئەم جیھانە. جۆن مێجەری سەرۆک وەزیرانی پێشووتر بۆ BBC دەڵێت: ھیچ کەسایەتییەک و سەرۆک وڵاتێک، نابینم ھێندە ئەم پاشا ئێلیزابێتی دووەمە، خاوەنی کەسایەتی گەورە بێت .

بەتەمەنترین پاشا
شاژنی بەریتانیا  تەمەنی 97 ساڵە، تا ئێستا کاری لەگەڵ 14 سەرۆک وەزیرانی کردووە. لە چەرچڵەوە تا بۆریس جۆنسن. 150 جار سەردانی وڵاتانی کۆمۆنوێلی کردووە.   22 جار بۆ کەنەدا،   13جار بۆ فەرەنسا کە زمان و کەلتوورەکەی باش دەزانێ و دەناسێ. لە سەرەتای دەستبەکاربوونییەوە، یەکێک لە گەشتەکانی 168  رۆژی خایاندووە و 13 وڵات چووە. لە رۆژی لەدایکبوونی 21 ساڵەیدا وتوویەتی: ژیانم چەند کورت یان درێژ بێت دەیبەخشمە خزمەتتانەوە.

هەزاران کار و چالاکی
هەزار کاری رەسمی کردووە. رەزامەندیی لەسەر چوار  هەزار پڕۆژەی یاسایی داوە و پێشوازی رەسمی لە  112  کەسایەتی گەورە کردووە، وەک ئیمپراتۆری یابان 1954 &1971  سەرۆکی پۆلۆنی ڤالیسا1991 و ئوباما 2011 .
لەژێر چاودێریی خۆیدا 180 ئاهەنگ لە کۆشکی باکنگهام کراوە، نزیکەی 1,5 ملیۆن کەس بەشدارییان تێدا کردووە.   13 سەرۆکی ئەمریکای بینیووە. یەکەم پاشای ئینگلیزە 1996 بچێتە وڵاتی چین و لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا 1991 وتار بدات. ئەوەی مایەی سەرنجە کە  یەکەم نامەی ئەلەکترۆنی/ ئیمیلی ساڵی  1976ناردووە. بەبۆنەی کردنەوەی یارییەکانی ئۆلۆمپیای 2012  لەگەڵ جێمس بۆندا بە پەرەشووت خۆی هەڵدایە خوارەوە.

پاشایەکی چالاک
ئێستا سەرپەرشتی 500 رێکخراو دەکات و 70 رێکخراوی راهێنان و فێرکردن و 30 رێکخراوی ئاینی و 40 ی هونەریی و وەرزش.     300,000 کارتی پیرۆزبایی  بۆ کەسایەتییەکان ناردووە بەبۆنە جیاجیاکانەوە بەتایبەت لەدایکبوونیانەوە.  لەوانە 900 کارت بە بۆنەی پێکهێنانی هاوژینیانەوە. دراوەکەیان وێنەی ئەم شاژنەی لەسەرە. زیاتر لە      30 سەگی هەیە لەوانە کۆرکیس کە تایبەتن. چوار پاپاشی بینیووە و لە کردنەوەی هەزاران پڕۆژەشدا ئامادە بووە. ساڵی 2013 خەڵاتی   BAFIA ی وەرگرت بەبۆنەی هاوکاریکردنی فیلم و زنجیرە تیڤییەکان.. 
 ئەم تەختی پاشایەتییەی ئێستا وا چەسپاوە و مێژووی جیھان وا بەڕێزەوە سەیری دەکات، ھەمووی بەروبوومی سیاسەتی داگیرکارییە. ئینگلیز فەرەنسای لێ دەربچێ کە مێمڵێکی کلاسیکیەتی، دەنا ھەموو نەتەوە و گەلانی تری دەوروبەری خۆی[ ئیرلەندی و وێڵز و سکۆتلەندی... ھتد] ژێر چەپۆک خستووە، کیشوەر و زەریانی داگیرکردووە. 

کورد و بەریتانیا
کورد ھێشتا لەبەردەم نھێنی ئەو پرسیارەدا واقی وڕماوە، بۆ ئینگلیز ھێندە دژی کورد و رێگربوون لە بەدەوڵەتبوونی؟  بۆچی بۆ عەرەب، چەندین مسس بێل و لۆرانس پەیدا دەبێت و ئێمەش مێجەر سۆن؟! ئینگلیز لەدێر زەمانەوە پەیوەندیی لەگەڵ فارسەکاندا هەیە، لە پێشێلکارییەکانی تورکیش چاوپۆشی دەکەن!. کەچی دژی ھەر ھەوڵێکی سەربەخۆیی کوردستانن .
بەھەرحاڵ ئۆباڵی ھەڵنەھێنانی ئەم مەتەڵە لە ئەستۆی هەندێک لە مێژوونووسانی کورد و بەشێک لە سەرکردەکانیدایە.
بۆ کورد ھونەر ئەوەیە بەردەوام  کار لەسەر ئەم تەوەرە بکات و دەست لەیەخەی ئینگلیز بەرنەدا، دەرفەت و هەلە زێڕینەکان بقۆزێتەوە و زیاتر ئەقڵ و لۆبی و دیبلۆماسی بخاتە گەڕ بۆئەوەی مافی خۆی لێ بستێنێتەوە.

سەرچاوەکان:
-سایتی گۆڤاری شپیگل، شتێرنی ئەڵمانیا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان