م. ئەحمەد حسێن ئەحمەد
ئەو هەڵگری مەشخەڵی نەبەزین و پێشمەرگەی گیان لەدەستی ناو سەنگەری هیوای داهاتوو بوو
(کوردایەتی و کۆڵنەدان)، ناوی کتێبێکی قەبارە گەورەی تێکۆشەر و پێشمەرگەی دێرین و کۆچکردوو (مەلا محەمەدی بەحرکە)ییە، (4 /4/ 1939- 15/ 6/ 2021)، کە بە نووسین و بەڵگەنامە و ئەلبوومی وێنەکانەوە (493) لاپەڕەی گرتۆتەوە.
کتێبەکە تا ئێستا دوو جار لەچاپ دراوە، چاپی دووەم لە ئێران کراوە و لە کۆتایی ساڵی (2024) بڵاوکراوەتەوە، بەرهەمەکەی دابەشبووە بۆ حەوت بەش، هەربەشەی دەیان ناونیشانی لەخۆگرتووە، نووسەر سەربوردەی خۆی و خانەوادە و گوند و دەوروبەر بە شێوازێکی میللی راستگۆیانە دەگێڕێتەوە، چۆنێتی هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوولی(11/9/1961) لەو دەڤەرەی تێیدا ژیاوە و کاری شایستەی بۆ ئەنجامداوە بەڕاست و دروستی خستۆتە بەرچاو، کادرێکی چاونەترسی جووڵانەوەکە بووە، ئەو کردەوە و چالاکیی هەبووە نەک قسەی رووت و خۆهەڵکێشان.
ئەو هەڵگری مەشخەڵی نەبەزین و پێشمەرگەی گیان لەدەستی ناو سەنگەری هیوای داهاتوو بوو، بەرهەمی هیوایەک باڵ بکێشێت بەسەر ئەو رێگە سەختەی گرتوویەتەبەر، لە درێژەی ژیانیدا گەلێ پلەوپایەی حیزبایەتی بینیوە، چی پێ سپێردراوە سەرکەوتوانە جێبەجێی کردووە، بەو ئاکارە لەبەرچاوانەی کە تۆماری کردوون هەست و ویست و سەرنجی خوێنەر بۆ چوونە ناو قووڵایی بابەتە جۆراوجۆرەکانی رادەکێشێت، گەلێک توولە رێ و کەند و کۆسپ و نەهامەتی هاتۆتە پێش، گیری نەخواردووە، بەڵکو بە هونەری زیرەکی و غیرەت و پشوو درێژی توانیوێتی ئامانج بپێکێت.
لەڕوویەکی ترەوە بۆ راژەی نیشتمان و گەل بۆ خۆبەختکردن لەپێناوی ئازادی و هێنانەدی مافی رەوای نەتەوەکەمان باوەڕی تەواوی بە پتەوکردن و بەهێزکردنی هێڵی رێکخستن داوە، هەمیشە بەرژەوەندیی گشتیی خستۆتە پێش بەرژەوەندیی تاکەوە، رووی لە ئاسۆی رەهای رەخنە و رەخنە لەخۆگرتن کردووە، لەزۆر بواردا قسەی رەوای تایبەتی خۆی هەبووە، بەخەونی خوێندن و خوێندنەوەوە چۆتە ناو کۆبوونەوە و ئاڕاستە جیاجیاکانەوە.
لەم رووەوە ناوەڕۆکی بیرەوەرییەکانی بوونەتە سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوی بەشێکی فراوان لە پارێزگای هەولێر و دەوربەری، لە هەمووی گرنگتر و بایەخدارتر، نووسەر وەک پێشمەرگەیەکی خاوەن ئەزموون و بیر و باوەڕگەش، لە درێژەی رۆژگاری ژیانیدا وەک جەنگاوەرێکی دەنگ دلێر و ماندوونەناسی هەردوو شۆڕشی ئەیلوول و شۆڕشی نوێ، بە شێنەیی چی کردووە و چی بینیوە بە سنگێکی فراوانەوە بەوپەڕی بوێری و بێلایەنییەوە بە وردی تۆماری کردووە، لە هەڵگیرسانی شەڕی ماڵوێرانکەر و ناکۆکی ناوخۆدا ئەوپەڕی ئێش و پەژارەی چەشتووە، نەفرەتی لەو دیاردە نەگریس و گورچکبڕە کردووە، وەک کوردێکی خەمخۆر لەو تێکهەڵپرژانە زیانبەخشە سەپێنراوەدا، کوژراوانی هەردوولا، چی بەرەی پارتی دیموکراتی کوردستان و چی باڵی مەکتەبی سیاسی بە شەهید داوەتە قەڵەم.
(مەلا محەمەدی بەحرکە) کەسێکی متمانەپێکراو لە هەڵسوڕان و کۆبوونەوە و کاروباری سیاسیدا شارەزایی هەبوو، بە دروشمی کوردایەتی و کۆڵنەدان چرای بڵندی ژیانی پڕ لە ورەی هەڵکردووە، چرایەک رۆشناییەکەی مژدەبەخش بێت بەدەستی کەسانی هەرزەو خۆسەپێن و شەڕەنگێز ناکوژێتەوە، ئەو زۆر باوەڕی پۆڵایینی بە بەرهەمی خەباتی درێژخایەن هەبووە، هەمیشە پێزانینی بۆ رەنجی هاوڕێیانی تێکۆشەر و پێشمەرگە و گەشمەردان هەبووە، بەگوێرەی توانا و سەلیقەی خودی خۆی، بە وتە و بە نووسین یادی کردوونەتەوە، تاڕادەیەک هەقی خۆی پێداون، هەنگاوەکانییانی بە نەبەردی پیشان داوە.
کۆکردنەوەی زانیاری و نووسینی ئەو گشتە پەراوێزە تێزی بیرەوەرییەکانی پتر رازاوەتر کردووە، ئەم پێشمەرگە نموونەییە، ئەم هەیبەتە نەمرە خۆشەویستە، ئەم شوێنەوار کاریگەرە لەدەست چووەمان، وەجاخی روونە بەم پێوەرانە:
یەکەم/ نەوەکانی هەمان رێبازی باوکی نەمریان وەک خانەوادەیەکی بەئەمەک گرتووە و پەرەیان پێداوە.
دووەم/ کتێبی بیرەوەرییەکانی کوردایەتی و کۆڵنەدانە، دیسان چاوپێکەوتنەکانی هەنگاوەکانێتی بەرەو ئاشتی و تەبایی و پێکەوەژیان و پاراستنی ریزەکانی میللەتە، ئەو ناوبانگەش کە بە پەرۆشەوە پێیدراوە لە جێی خۆیدایە و رەوایەتی خۆی هەیە.
سێیەم/ ئەو دروشمە مەزنەی ئەو لە ناخی دڵەوە هەڵیگرتووە کە دادگەری و یەکسانی و مرۆڤایەتییە پەیوەست بووە پێوەی بە درێژایی مێژوو دەبریسکێتەوە، پەرەی بە ریز و ئاشتەوایی داوە.
بریا پاداشتێک بۆ ئەو خەرمان و سەرمایە خەبات دڵسۆزییە بۆ کورد و کودستانەکەی بۆ خانەوادە و دیاریی گوندی بەحرکەی جێ نزرگەی نووسەر پەیکەرێکی جوانیان لە شوێنێکی گونجاودا بۆ دروست دەکرد تا گیانی پاکی لە بەهەشتی بەریندا شادتر بوایە، یادی بەخێر.