«خەڵك بەشدار بێت لە دروستكردنی بڕیاری ئابووریدا»

دیبەیتی ئابووریی لە سلێمانی بەڕێوەچوو

09:59 - 2022-08-01
ئابووری
432 جار خوێندراوەتەوە

ئا: لیا جاف

بە دروشمی (ئابووریی بەهێز، دەوڵەتێكی بەهێز بنیاد دەنێت)، مەكتەبی رێكخراوە دیموكراتییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، دیبەیتێكی ئابووریی رێكخست كە بە سەرپەرشتی (ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی، سەندیكای ئابووریناسان، سەندیكای ژمێریاران، سەنتەری توێژینەوەی زانكۆی پۆلیتەكنیك) و كۆمەڵێك لە پسپۆڕان و شارەزایانی ئابووری و سەرمایەداران، لە هۆڵی هۆتێل رامادە لە سلێمانی بەڕێوەچوو.
لە دەستپێكدا، ئامانجی سەرەكی دیبەیتەكە روونكرایەوە كە بریتی بوو لە پێشخستن و گەشەكردنی كەرتەكانی (پیشەسازی و كشتوكاڵ و بانك و وزە و گەشتوگوزار و بازرگانی) و دواتر پسپۆڕان و شارەزایانی بواری ئابووری و كارگێڕی و بازرگانی، چەندین پێشنیازیان بۆ چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكان خستەڕوو.

سلێمانی خاوەنی چەندین سەرچاوەی گرنگی ئابوورییە
جووتیار نوری، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەكتەبی رێكخراوە دیموكراتییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە بارەی دیبەیتەكەوە رایگەیاند: بۆ یەكەمجارە دیبەیتێكی لەم شێوەیە سازكرابێت كە حكومەت و هەموو رێكخراوەكان و خەڵكی شارەزا تێیدا بەشداربێت.
وتیشی: «ماوەی چەند مانگێكە بیرۆكەی ئەم دیبەیتەمان گەڵاڵە كردووە و لەگەڵ رێكخراوەكان و ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی و سەندیكای ژمێریاران و ئابووریناسان و شارەزایانی ئەكادیمی گفتوگۆمان لەبارەیەوە كردووە، بۆ ئەوەی خەڵك بەشدار بێت لە دروستكردنی بڕیاری ئابووریدا».
بەوتەی جووتیار نوری، «بابەتی ئابووریی لەسەر ئاستی جیهاندا گرنگە، بە تایبەت بۆ هەرێمی كوردستان و عیراق، بۆیە پێویستە بزانین كە چۆن خەڵك بەشدار بكەین لە پڕۆسەی بنیادنانی سێكتەرە ئابوورییەكاندا، لە كەسێكی سەرمایەداری گەورەوە تا كەسێكی دوكاندار، چونكە ئەگەر وەكو یەك تیم بیرۆكە نەگۆڕنەوە، ئەوە هیچ حكومەتێك ناتوانێت لە بواری ئابووریدا سەركەوتن بەدەستبهێنێت».
وتیشی: «لە رووی ئابوورییەوە پارێزگای سلێمانی زۆرباشە، لای هەموان روونە كە ئەم سنوورە خاوەنی چەندین سەرچاوەی گرنگی ئابوورییە، گلەیی لەوە نییە كە سەرمایەی باشمان نەبێت یان شارەزای باشمان نییە، بە پێچەوانەوە بەڵكو ئێمە كێشەمان ئەوەیە كە پێكەوە كار ناكەین لە بوارەكاندا، چ وەكو لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەت، چ وەكو كەرتی تایبەت».

״داهاتی سلێمانی 16 تریلیۆن دینار بووە״
لای خۆیەوە، د.هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی، باسی لە هۆكاری گرفتە داراییەكانی سلێمانی كرد و رایگەیاند: هۆكاری نەمانی پارە لە بانكەكانی سلێمانی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە وەزیرەكان زۆرینەی رەهای دەسەڵاتەكانیان بردۆتەوە بۆ هەولێر، بەشێوەیەك 40 كەرتی جیاوازی سلێمانی، داهاتەكەی لە هەولێر وەردەگیرێت.
وتیشی: «لە ساڵی 2020دا داهاتی سلێمانی 16 تریلیۆن دینار بووە، نۆ تریلیۆن دیناری نەختینە بووە و ئەوەی دیكەی تەنیا ژمارە بووە، كەواتە سلێمانی چۆن تووشی كورتهێنانی دارایی نابێت و چۆن بانكەكان بێ پارە نابن».
راشیگەیاند: وەكو لایەنی كارگێڕی پارێزگای سلێمانی، چاوەڕێی پێشنیاز و راسپاردەكانی ئەم دیبەیتە ئابوورییە دەكەین، بۆ ئەوەی بە هەماهەنگی وەزارەتە پەیوەندیدارەكان و فەرمانگە خۆجێیەكان، كاری جدییان لەسەر بكەین.

 رۆتیناتێكی زۆر بۆ مامەڵەكاران
هاوكات، د.نەرمین مەعروف، پسپۆڕی بواری دارایی و ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، وتی: «كۆمەڵێك گرفتی جۆراوجۆری دارایی و ئابووری هەیە كە بەشێكیان پەیوەندییان بە سیاسەتە ئابوورییەكانی حكومەتی هەرێمەوە هەیە، بەتایبەت پرسی قەیرانی دارایی كە ماوەی نزیكەی هەشت ساڵە بەرۆكی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانی گرتووە، بەشێكیشیان پەیوەندییان هەیە بە رێكارە كارگێڕییەكانەوە، بەشێكی دیكەشیان پەیوەندییان بە پەیكەربەندیی حكومەتی هەرێمەوە هەیە، بەتایبەت كاروباری ئەو وەزارەت و فەرمانگانەی كە پەیوەستن بە راییكردنی كاروبار و مامەڵەی هاووڵاتیانەوە، ئەمەش وایكردووە كە رۆتیناتێكی زۆر بۆ مامەڵەكارانی پارێزگای سلێمانی دروست بێت.

كار لەسەر راسپاردە و پێشنیازەكان بكرێت

لەماوەی هەشت ساڵی رابردوودا، لەگەڵ دروستبوونی قەیرانی دارایی لە هەرێمی كوردستان، خاوەنكار و سەرمایەداران، بەهۆی پاڵپشتی نەكردنی پێویستی حكومەتەوە، بەدەر نەبوون لە كێشەی داراییەكان، بۆیە لە دیبەیتەكەدا چەندین چارەسەر بۆ ئەوان خرانەڕوو.
لەوبارەیەوە، یەكێك لە خاوەنكارەكانی سلێمانی وتی: «ئومێد دەكەین كار لەسەر راسپاردە و پێشنیازەكانی ئەم دیبەیتە بكرێت و كێشە كەڵەكەبووەكانی سەرمایەدارانی سنوورەكە لەلایەن حكومەتەوە چارەسەر بكرێت».

هەمواركردنەوەی یاساکان
هەر لە دیبەیتەكەدا ئاماژە بەوە كرا، بەشێك لە كێشە دارایی و ئابوورییەكانی هەرێمی كوردستان بەگشتی، پەیوەندییان هەیە بە یاسا بەركارەكانەوە، چونكە بەشی زۆری ئەو یاسا و رێنماییانە كۆن بوون و پێویستیان بە هەمواركردنەوە هەیە، بەشێوەیەك لەگەڵ ژینگەی ئێستای ئابووریی ناوچەكەدا بگونجێت.
یاسای كۆمپانیاكان وەك نموونە هێنرایەوە و ئەوە روونكرایەوە، بەپێی داتاكان تەنیا لەمساڵدا نزیكەی 700 كۆمپانیا لە سنووری پارێزگای سلێمانی داخراون، گرفتەكەش لە یاسای كۆمپانیاكاندایە، چونكە بەپێی یاساكە، هەر كەسێك سەرمایەكەی بریتی بێت لە ملیۆنێك دینار، ئەوە دەتوانێت ببێت بە خاوەنی كۆمپانیا، كە ئەمە لە هیچ شوێنێكی دنیادا بەمجۆرە نییە.
دیبەیتە ئابوورییەكەی سلێمانی، ماوەی رۆژێكی خایاند و بڕیاردرا پێشنیاز و راسپاردەكانی پێشكەش بە حكومەت بكرێت، هەروەها لە رێگەی لیژنەیەكەوە چاودێری جێبەجێكردنی بكرێت.
مەكتەبی رێكخراوە دیموكراتییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەنیازە لە داهاتوودا دیبەیتی لەم جۆرە بۆ سێكتەرەكانی تەندروستی و كشتوكاڵیش رێكبخات، بۆ ئەوەی هانی حكومەت و كەرتی تایبەت بدرێت، بەمەبەستی بووژانەوەی بازاڕ و رەخساندنی هەلی كار.

بابەتە پەیوەندیدارەکان