پرۆفیسۆر د. عومەر ئەحمەد رەمەزان
2 - 2
دەشێ ئەو پەیامەی زمانی جەستە دەیگەیەنێت پێچەوانەی ئەوە بێت كە قسەكردن دەیگەیەنێت
گرنگی زمانی جەستە
زمانی جەستە وەك زانست گەشەكردنێكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، ئەمڕۆ بە شێوەیەكی گشتی لە زۆر بواردا گرنگی بە زمانی جەستە دەدرێ، بەردەوام لێكۆڵینەوەی لەبارەوە دەکرێ، هەروەها لە زۆر دەزگادا وەك بەشێك لەكاری رۆژانە كەڵكی لێوەردەگیردرێت وەك دەزگای پۆلیس، نەخۆشخانەکان، بەتایبەت بواری پزیشكیی دەروونی، دادگاکان، هەروەها ئەو سەنتەرانەی سەرقاڵن بە خوێندنەوەی هێما و جووڵەی بژاردە سیاسییەکان و شیكردنەوەی باری دەروونییان و بڕیارەكانیان و...هتد.
دەشێ ئەو پەیامەی زمانی جەستە دەیگەیەنێت پێچەوانەی ئەوە بێت كە قسەكردن دەیگەیەنێت، زۆر هەن لەسەر هەڵسوكەوتی گشتی راهاتوون بۆ ئەوەی بتوانن نیازە راستەقینەكانیان بشارنەوە، بەڵام ئاماژە و گوزارشتەكان نهێنی و نیازەكان دەردەخەن.
زمانی جەستە لەسەرەتای بوونی مرۆڤەوە هەیە، لەگەڵ پەیدابوونی زمانی دەنگداردا زیاتر پێشکەوتووە و گەشەی کردووە، بەڵام وەك زانست و لێكۆڵینەوە لە سیما و خەسڵەتەکانی دەگەڕێتەوە بۆ چوار سەد ساڵ لەمەوبەر، هەرچەندە لێكۆڵینەوە و توێژینەوەكان لەو کاتەدا زۆر سەرەتایی بوون.
یەكەم كتێب دەربارەی زمانی جەستە لەلایەن (john bulwer)، لەساڵی 1644 دا بڵاوكرایەوە بەناوی (سروشتی زمانی دەست)، سەبارەت بە روونكردنەوەی مانای جووڵە و بزواندنەكانی دەست بوو، هەروەها لە سەدەی نۆزدەدا ئەكتەرەكانی شانۆی بێدەنگ (پانتۆمایم)، ئەوەیان بەرجەستەکرد کە چۆن دەبێ ئەكتەرەكان هەستە دەروونییەكان بەهۆی دەربڕینە رووخسارییەكان و جووڵەی ئەندامەكانی جەستەوە بگەیەنن. ئینجا (چارڵس داروین) لە1872دا توێژینەوەیەکی لە دووتوێی کتێبێکدا بڵاو کردەوە (دەربڕینی سۆزەكان لەنێوان مرۆڤ و ئاژەڵدا)، هەروەها لەسەرەتای سەدەی بیستەمیشدا دەروونناسی ئەڵمانی (wilhem wundt)، توێژینەوەیەکی بەناوی (دەروونناسیی رەگەز)ەوە بڵاوكردەوە، تێیدا دەربارەی زمانی هێما و جووڵەی ئەندامەكانی جەستەوە دوابوو، هەروەها لەساڵی 1969 دا زانای زیندەوەرزانیی بەریتانی (Horris desmond) كتێبێكی بەناوی (مەیمونی رووت)ەوە بڵاوكردەوە، دواتر بە سەدان كتێب لەو بارەیەوە بڵاوكراوەتەوە.
سوودەكانی زمانی جەستە
زمانی جەستە لە ژیانی رۆژانە و لەكاتی مامەڵە و پەیوەندییكردن لەگەڵ تاكەكانی تری ناو كۆمەڵ گەلێ سوودی هەیە، لەوانە:
یەکەم: فرۆشتن، زمانی جەستە فرە بەسوودە بۆ ئەو كەسانەی كە لەبواری فرۆشتندا كار دەكەن، یارمەتی فرۆشیار دەدات تا پەرچەكرداری كڕیارەكان شی بكاتەوە، بۆ نموونە ئەگەر كڕیار زمانێكی جەستەیی نیشاندا و ئاماژەی بە نەبوونی حەز و ویست كرد، ئا لێرەدا فرۆشیار دەتوانێ شێوازەکەی بگۆڕێت، بەڵام ئەگەر ئاسایی بوو ئەوا ئاماژەیە بۆ دروستی تەكنینكی فرۆشتنەكە.
دووەم: كڕین، كڕیار كاتێک دەیەوێت کاڵایەکی بەنرخێكی باش دەستبكەوێت كە لەلایەن فرۆشیارەوە پێشنیار كراوە، دەكرێ هەلی نرخ داشكاندنی زیاتری بۆ بڕەخسێت ئەگەر بتوانێت ئاماژەکان بخوێنێتەوە، نرخی کاڵاكە كەم بكاتەوە، ئەگەرنا لەوانەیە بڕیاری گەیشتن بە نرخێكی دانراو ببێتە هۆی ئەنجامنەدانی كڕین و فرۆشتنەكە.
سێیەم: خاوەن كارەكان، خاوەن كارەكان گرنگە پاڵێوراوی گونجاو دابنێن بۆ كارەكانیان، ئەو کاتەی چاوپێكەوتنی تاقیكردنەوەكان ئەنجام دەدرێت زۆر کەس دەتوانێ خۆی لەهەندێ هەڵەی زەق رزگار بكات ئەگەر كەمێك لە زمانی جەستە بزانێ، كەسێتیی راستەقینەی خۆی بە وریاییەوە بشارێتەوە، لێرەوەیە کە ئەو زانیارییەی جووڵەی جەستە و بارودۆخی نەست دەیدات بەدەستەوە پێداویستییەكانی كارەكە بەرجەستە دەکات، خاوەن کار لێیان تێدەگات.
چوارەم: پاڵێوراوەكان بۆ كاركردن، زمانی جەستە سوود بە پاڵێوراوەكانی كاركردن دەگەیەنێت گەر بتوانێت لەزمانی تایبەتی جەستەی ئەو كەسە تێبگات كە چاوپێكەتنەكە ئەنجام دەدات، بەرەوشی ئەرێنی بیخاتە خزمەت خۆیەوە، پێچەوانەکەشی راستە.
چۆنییەتی فێربوونی زمانی جەستە
رێگەکانی فێربوون زۆرن وەلێ گرنگترینیان بریتین لە، یەكەم: لاساییكردنەوە، مرۆڤ رۆژانە لاسایی زۆر لەو جووڵە و هێمایانەی لە دەوروبەری خۆی دەیانبینێت دەكاتەوە، هەروەها خێزانەكان هەوڵدەدەن كە لاسایی یەكتری بكەنەوە، بەتایبەتی منداڵ هەوڵ دەدات لە هەڵسوکەوتدا لاسایی باوانی بكاتەوە.
دووەم: راهێنان و مەشقكردن، مرۆڤ كە كەسانی تر دەبینێ هێما یان جووڵەیەك ئەنجام دەدات، کە واتایەكی تایبەتی لێوە گوزارشت دەکرێت، دەبێت بەجێگەی سەرنج و گرنگی پێدانی، ئیتر هەوڵ دەدات مەشقی لەسەر بكات بۆ ئەوەی فێری بببێت و لەكاتی خۆیدا بەكاری بهێنێتەوە. وەک: جۆر و چەشنی تەوقەكردن، بەرزکردنەوەی هەردوو پەنجە توتە و دۆشاومژە، بەرزکردنەوەی پەنجە کەڵە...
ئاستەنكەكانی تێگەیشتن لە زمانی جەستە
تێگەشتن لەزمانی جەستە كارێكی ئاسان نییە، هەندێ رەهەند تەمومژی لەسەر دروست دەکەن، وەک:
یەکەم: فرەواتایی، تاکەکانی کۆمەڵ خوێندنەوەی جیاوازیان هەیە بۆ هەرئاماژە و هەڵسوکەوتێک، بە مانای واتای جیاوازی لێوە هەڵدەهێنجن، ئەم رەوشە کێشە بۆ تێگەشتن لەمەبەست دروست دەکات.
دووەم: هاوكاتیی، خوێندنەوە و تێگەشتنە لە زمانی جەستە سەبارەت بە روودانی دوو رووداو یا زیاتر لەیەک کاتدا.
سێیەم: پێكەوەبەستن، لە سۆنگەی گەڕان لە تێگەشتن بۆ پێکەوەیی رەهەندەکان لە زمانی جەستەدا بەرجەستە دەبێت، بۆ نموونە كاتێ یەكێك دانیشتووە دەستی خستوەتە ژێر چەناگەی و تەنها بەجەستە لەو جێگەیەدایە.
سەرچاوەكان:
1. مینە، زمانی جەستە پەیوەندییە گۆنەكراوەكان، چ: 2، (تاران، ناوەندی سایە،2021).
2. محەمەد ئەمین حسەین(مینە)، زمانی جەستە درۆ و هێماكانی درۆكردن، چ:2، (تاران، ناوەندی سایە، 2021).
3. رۆبرت، ڵ وایتساید، زمانی رووخسار رابەرێك بۆ ناسینەوەی كەسی شیاو، و : مینە ، چ:2، (تاران، ناوەندی سایە، 2021).
4. غدویس و غروست، لغة الجسد ، ت: هیلانە صالح شقیر، (دمشق، دارعلاءالدین للنشر والتوزیع والترجمة، 2005)
5. محمد عبدالرحمن ابازید ، لغة الجسم ، كیف تقرا افكار الاخرین ، (عمان، دار الخلیج للنشر والتوزیع، 2014).
6. موفق الحمدانی، علم نفس اللغة من منظور معرفی، ط:2، (عمان، دار المسیره للطباعة والنشر، 2007).