11ی ئازار، ئەو رۆژەی هەولێر لە دەستی رژێمی بەعس ئازاد كرا

بەشێك لە فەرماندە و پێشمەرگە دێرینەكان باس لە رۆژی ئازادكردنی هەولێر دەكەن

12:35 - 2025-03-11
دووتوێ
71 جار خوێندراوەتەوە

ئا: رەوەست نەوزاد

بەرلە 34 ساڵ خەڵكی شاری هەولێر وەكو هەموو شارەكانی دیكەی كوردستان، بەیارمەتی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بەتایبەتی پێشمەرگەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە دژی رژێمی بەعس راپەڕین و هەموو دامودەزگاكانی ئەو رژێمەیان پاکكردەوە. بۆ ئەم یادە ژمارەیەك فەرماندە و سەركردەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، ئەوانەی بەشداریی راستەوخۆیان لە راپەرین و ئازادكردنی شاری هەولێر و دەوروبەری هەبوو، باس لە 11ی ئازار و ئەو رۆژ دەكەن كە چۆن بەسەركردایەتی  كۆسرەت رەسوڵ، پێشمەرگە بە هاوكاریی جەماوەر، هەولێریان لە رژێمی بەعس پاككردەوە.
لەوبارەیەوە مامۆستا رێبوار ئیسماعیل پێشمەرگەی دێرینی بەشداربووی راپەڕین و لێپرسراوی پێشووی مەڵبەندی 3 ی هەولێری ی.ن.ك دەڵێت: رۆژی 11ی ئازار، رۆژێكی پیرۆزە بۆ گەلی كورد، لەگەڵ سەركردایەتی رێككەوتبووین کە رۆژی رزگاركردنی هەولێر ببێتە 11 ی مانگ، بۆیە هێزەكان كۆكرانەوە و هاتین هەر لەوێ شەوەكەی ئەو بروسكەیە لێدرا كە دەڵێت:( لە باوكی رێناسەوە بۆ شانە چەكدارەكانی بروسك، ئێوە دەستبەكاربن لێتان نزیكین) كە ئێمە زۆر لێیانەوە نزیكبووین، لە نزیك هەولێر بووین.
وتیشی: شەوەكەی لە پیرمام بووین ئامادەكاریی باشمانكرد بۆئەوەی هێزەكان دابەشبكرێت بەسەر ئۆردوگاكانی تۆپزاوە و خەبات و ناو هەولێر و ئەو رەتڵەی كە لە كۆیە بوو، بۆئەوەی ئەوانیش بگەنە ناو هەولێر، تاهەردووكیان بەیەكەوە هێرش بكەن، كە پێمان وابوو، شەڕێكی گەورە لە هەولێر رووبدات، بەڵام خۆشبەختانە رژێمی بەعس ئەوەندە ترسا بوو، نەیتوانی هیچ شتێك بكات بەرامبەر هێزی پێشمەرگەی كوردستان.
هەروەها وتی: ئێستاش بیرمە(مامۆستا سەیفەدین) بڵندگۆیەكی پێبوو، لەناو ئۆتۆمبێل قسەی لەگەڵ هێزەكە دەكرد، كە دەبێت دامودەزگاكانی شاری هەولێر بپارێزن و هەرچی دۆكۆمێنتەكان هەیە، دەستی بەسەردا بگرن و بەسەلامەتی بمێننەوە، ئیتر هێزەكە بەرەو بەستۆرە و لەوێشەوە بەرەو هەولێر چوون، دەگەیشتینە هەر شوێنێك خەڵك لەگەڵمان دەهات. لە بەستۆرە دیسان هێزەكە دابەشكرا كە بەشێكیان كاك بەكرەسۆر و كاك بورهان بوون بەرەو رێگای كەڵەك چوون، ئێمەش بەرە و شاوێس و مەلائۆمەر هاتین.
مولازم كەمال پێشمەرگەی دێرین لەبارەی ئازادكردنی هەولێر لەو رۆژەدا دەڵێت: نزیك هەولێر بووین، لە خاڵی پشكنینی رێگای هەولێر-پیرمام، ژمارەیەك تانكی لێبوو كە بەرگرییەكی زۆریان كرد، بەداخەوە لەوێ مستەفا ناوپردانی شەهید بوو. ئیتر خاڵی پشكنینەكە هەڵگیراو، ئێمە بەڕێكەوتین، نزیكەی سەعات 7 بۆ 8 ی بەیانی گەیشتینە خانووەكانی كێڵگەی پەلەوەری هەولێر و كارگەی جگەرە، بینیمان خەڵكێكی زۆر لەسەر شەقامەکە وەستا بوون، كە بەشێكیان ژن و منداڵ بوون بۆ پێشوازیی لە ئێمە هاتبوون، كە بەشێكیان كیسە خوێنیان بەدەست بوو كە بۆ بریندارانی ئێمەیان دانا بوو.
سەبارەت بەدۆخی ناو شاری هەولێر، مامۆستا رێبوار وتی: دەبوایە كۆنتڕۆڵی سەربازگەی هەولێر بكەین، كە بەهۆیەوە حكومەتی عیراق بە تەواوی لە شارەكە دەڕووخا، بۆیە ئێمە لەگەڵ برا پێشمەرگەكانم هاتینە سەر رێگای عەنكاوە، لەوێ دابەزین و هێزەكانمان دابەشبوون، خەڵك لە پشتمان كۆبۆوە، لەوێ مەلا محەمەد بەحركەیی لێپرسراوی رێكخستنەكانی یەكێتی هاتە لام و پێیڕاگەیاندین، خانووەكانی ئەفسەران چەكداری حكومەتی تێدایە و ئاگاداری خۆتان بن، بۆیە پێشمەرگەكان هێرشیان كرد، چەند كەسێكی عەرەبمان دەستگیر كرد، لەوێوە چووینە بارەگای مەنزومەی شیمالی.
لەلای خۆیەوە كانەبی قادر هەمزە پێشمەرگەی دێرن درێژە بە گێڕانەوەی ئەو مێژووە دەدات و دەڵێت: بارەگای مەنزومەی شیمالی كە لەسەر رێگای هەولێر-كەركوك بوو، لەوێ شەڕێكی گەورە روویدا، ئێمە بەسەرپەرشتیی شەهید عەبدولڕەزاق چووینە ئەوێ، كاك كۆسرەت وتی: تۆ بچۆ بۆ ئەو قۆڵە بزانە ئەوێ چۆنە، گوایە هێشتا لەوێ شەڕی لێماوە. دوایی كاك كۆسرەت خۆشی هاتە ئەوێ، كە ئەو بارەگایە ژمارەیەك ئیستخباراتی خراپی تێدا بوو، هەروەها بەندیخانەشی هەبوو، دواتر شكاندمان.
مولازم كەمال باسی ئەوەش دەكات، كە هێزەكانیان گەیشتنە بەردەم بینای پەروەردەی هەولێر لەوێ كاك كۆسرەت وتی: لێرە لابدەین و لە جێگایەكدا جیهازەكە بەكاربخەین، بۆئەوەی بانگەوازێك بدەینە مەكتەبی سیاسی. ئەوەبوو لە ماڵێك جیهازەكەمان دانا، كاك كۆسرەت بروسكەیەكی نووسی کە تێیدا هاتبوو:(ئێمە ئێستا لەناو هەولێرین، زۆربەی شوێنەكانی هەولێر كۆنتڕۆڵ كراون)، دواتر بروسكەكە لە ئێزگەی دەنگی گەلی كوردستان خوێندرایەوە، ئەمەش كاریگەریی زۆر گەورەی هەبوو.
هەر لەوبارەیەوە شۆڕش سەید مەجید پێشـمەرگەی دێرین دەڵێت: دوای ئەو رووداوانەی ناو هەولێر، شەهید عەبدلڕەزاق بەخۆیی و هێزەكەیەوە بەرەو فەیلەق رۆیشتن، لەوێ بەرگریی هێزەكانی حكومەتی عیراق مابوو.
جارێكی تر مامۆستا رێبوار باس لە ساتەكانی رۆژی ئازادكردنی هەولێر دەكات و دەڵێت: چوومە لای كاك كۆسرەت كە لە بینای مەجلیسی تەشریعی بوو، كە ئێستا باڵەخانەی پەرلەمانە، كە هێشتا تەقەكردنی تێدا مابوو. ئیتر ئەوێ تەواو بوو، چووینە بارەگای پارێزگای هەولێر و چووینە ژووری پارێزگار، كە وێنەی سەدام حسێن لەسەر زەوی كەوتبوو، ئیتر لە خۆشی ئەوەی شاری هەولێرمان ئازاد كرد، هەناسەیەكیی خۆشحاڵییمان هەڵکێشا. 

#هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان