خواست لەسەر نەوت؛ هەڵكشان بەردەوامە

10:25 - 2022-08-02
ئابووری
737 جار خوێندراوەتەوە
كۆمەڵێك كرێكار لەكاتی بەستنەوەی بۆری نەوتدا لە كێڵگەیەكی ویلایەتی تەكساسی ئەمریكا

فەیسەڵ عەلی*

قەیرانی ئۆكرانیا وایكرد، نرخی نەوت ئاستی زۆر بەرز تۆمار بكات، هەرچەندە نرخی نەوت بەر لەم قەیرانەش روو لە هەڵكشان بوو، چونكە بەرهەمهێنەران و پاڵێوگەكان لە وەڵامدانەوەی خواستی هەڵكشاوی دوای پاشەكشێی پەتای كۆرۆنا ڤایرۆس خاو بوون.

بەرزبوونەوەی پێوانەیی نرخی وزە
هەڵكشانی نرخی وزە و هەڵئاوسان، هانی بانكە ناوەندییەكانیدا سیاسەتە نەختینەكانیان توند بكەن و نرخی سوودیش بەرزبكەنەوە كە خاوبوونەوەی گەشەی ئابووریی لێكەوتەوە، ئێستا وەكو دەردەكەوێت، خاوبوونەوەی گەشەی ئابووریی بەهۆی سیاسەتە نەختینەكان حەتمییە، بەرزی نرخی غاز و بەنزین پێوانەیین، هەروەها قەیرانی ئۆكرانیا گوشارێكی زیاتری خستۆتە سەر خۆراك و زنجیرەی گەیاندنی بە ناوچەكانی جیهان، رێگرتن لە فرۆشتنی نەوتی روسیا لە خۆرئاوا، بازاڕی وزەی لاسەنگ كردووە، لە كاتێكدا وزەی پاڵاوتنی جیهانی بەراورد بە پێش پەتای كۆرۆنا، سێ ملیۆن بەرمیل كەمترە.
شارەزایان و چاودێرانی ئابووری و بەتایبەتیش بازاڕی وزە، هۆشداری دەدەن لەوەی زۆربەی ماوەكانی پووكانەوەی ئابووریی لە نیو سەدەی رابردوو، دوای هەڵكشانی نرخی نەوت دەستی پێكردووە، بە كردەوە ئەگەرەكانی پووكانەوەی ئابووری بەرزبۆتەوە، بەڵام ئەم بەرئەنجامە سیناریۆ بنچینەییەكەی زۆری شارەزایان و بانكەكانی وەبەرهێنان نییە، كە دەڵێن پووكانەوە هێشتا حەتمی نییە.
لە رووی تیۆرییەوە، بەرزبوونەوەی پێوانەیی نرخی وزە و پاشەكشێی ئابووری یان پووكانەوە، خواست لەسەر وزە دەشكێنێت، لە رووی كردارییەوە، بووژانەوەی خواست لەسەر وزە دوای پاشەكشێی كۆرۆنا ڤایرۆس، وەرزی گەشتیاریی هاوین و گەشەی نرخ و پاشەكشێی خواستی ئابوورییە پێشكەوتووەكانی بەدوای خۆیدا هێنا، سەرباری ئەوەی لەسەر ئاستی جیهان هەیە، زێدەی بەرهەمهێنان و پاڵاوتنی نەوت نەبوو، بەڵكو دوای قەیرانی ئۆكرانیا سیستمێكی نوێی جیهانی لە بازرگانیی نەوت و باربووكردنی نرخی نەوت لەسەر هەردوو مەودای كورت و مامناوەند دروست دەبێت.

هەڵكشانی ئاستی گشتیی نرخ
شارەزایان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان، بە كردەوە پێشبینییەكانیان بۆ گەشەی ئابووریی هەموار كردەوە كە بۆ ئەمساڵ و ساڵی داهاتوو نزمیان كردەوە، بەڵام هێشتا پێشبینی زیادبوونی خواست لەسەر نەوت دەكەن كە بگاتە ئاستی پێش كۆرۆنا ڤایرۆس و پووكانەوەی ئابوورییش وەك سیناریۆیەكی سەرەكی نابینن، بۆ نموونە بانكی نێودەوڵەتیی بۆچوونی وایە، قەیرانی ئۆكرانیا خاوبوونەوەی ئابووریی جیهانی زیاتر كرد، كە ماوەیەكی درێژە گەشەیەكی لاواز و هەڵئاوسانی بەرزی هەیە، ئەمەش مەترسیی پووكانەوەی هەڵئاوسانی زیاد دەكات، بانكی نێودەوڵەتیی پێشبینی دەكات، لە ساڵی 2022دا گەشەی ئابووریی جیهان (%2.9) بێت، ئەمەش زۆر كەمترە لە (%4.1) كە لە كانوونی دووەم پێشبینییان كردبوو.
بە دڵنیاییەوە، پێشبینیكردنی ئاڕاستەی جیهانی خواست لەسەر نەوت و ئابووری، كاتێك لەدوای دووەمین جەنگی جیهانەوە، جەنگێكی تر لە ئەوروپا روو دەدات، لە خۆیدا جێی گومانە، بەڵام هەلومەرجی نائاسایی بازاڕی نەوتی جیهان، دەشێ بەو ئاكامە بگات كە نرخی نەوت زۆر دانەبەزێت، تەنانەت ئەگەر هاتوو ئابووریی ئەوروپا و ئەمریكا دووچاری پووكانەوە بن.

هەواڵێكی دڵخۆشكەر بۆ هەناردەکارانی نەوت
هەرچەندە لەم وەرزەدا خواست لەسەر بەنزین بەرزبۆتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا كەمترە لەو ئاستە پێوانەییانەی كە پێشتر تۆماری كردووە، بەڵام هەڵكشانی ئاستی گشتیی نرخ بۆ ئاستی پێوانەیی لە ئەمریكا و ئەوروپا جێی سەرسوڕمانە، هەڵكشانی نرخ، هەڵكشانی خواستی خاو كردەوە، رەنگە بازاڕ هەناسەیەك هەڵمژێت، بەڵام ئێستا رەنگە ئەمریكییەكان توانای بەرەنگاریی تۆماركردنی هەڵكشانی پێوانەییان هەبێت.
لە نوێترین راپۆرتی مانگانەی ئۆپیكدا، كە ناوەڕاستی مانگی رابردوو بڵاویكردۆتەوە، پێشبینییەكانی بۆ گەشەی خواستی رۆژانەی جیهانی لەسەر نەوت بۆ ئەمساڵ 2022، وەك خۆی لە (3.4) ملیۆن بەرمیل بەراورد بە خواستی ساڵی 2021 هێشتەوە، راپۆرتەكە پێشبینی كردووە، كە لە چارەكی سێیەمی ئەمساڵدا بەكاربردنی رۆژانەی جیهانی لە نەوت (100) ملیۆن بەرمیل تێپەڕێنێت، ئەمەش لەگەڵ پێشبینییەكانی پێشوویدا دێتەوە، بەمەش نێوەنجی بەكاربردنی رۆژانەی نەوت دەگاتە نزیكەی (100.29) ملیۆن بەرمیل، واتە، كەمێك بەرزترە لە نێوەنجی بەكاربردنی جیهانی پێش پەتای كۆرۆنا لە ساڵی 2019، ئۆپیك بۆچوونی وایە: هێشتا بەكاربردن بەهێزە، بەتایبەتیش لە ئابوورییە پێشكەوتووەكاندا.
لەگەڵ ئەوانەشدا، ئۆپیك ئاماژەی بە مەترسییە نەرێنییەكان كردووە پەیوەست بە (قەیرانی ئۆكرانیا، كۆرۆنا ڤایرۆس، هەڵكشانی هەڵئاوسان، ئاڵۆزبوونی گەیاندنی بەرهەم، ئاستی بەرزی قەرزی سیادیی زۆر ناوچەی جیهان و توندكردنی سیاسەتی نەختینە لەلایەن بانكە ناوەندییەكانی هەریەك لە ئەمریكا و بەریتانیا و ژاپۆن و ناوچەی یۆرۆ)، لەگەڵ ئەوانەشدا، بۆ ئەم شەش مانگەی 2022، پێشبینی بەرزی ئاستی خواستی جیهان لەسەر نەوت دەكات، كە ئەمەش بۆ دەوڵەتانی هەناردەی نەوت هەواڵێكی دڵخۆشكەرە.
* سەرۆكی مونتەدای ئابووریی كوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان