جووتیاران بەرهەمەکانیان دەگەیەننە دەستی کڕیاران

10:43 - 2022-08-02
ئابووری
672 جار خوێندراوەتەوە

جیاواز لەوەی بەرهەمەكانیان ببەنە عەلوەكان بۆ فرۆشتن و ساغكردنەوەیان، جووتیارانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە لە رێگەی كردنەوەی هەفتەبازاڕێكی كشتوكاڵییەوە، راستەوخۆ دەتوانن بەرهەمەكانیان بگەیەننە دەستی كڕیارەكان و بەرهەمەكانیان ساغبكەنەوە.
سەرپەرشتیاری هەفتەبازاڕەكەش جەخت دەكاتەوە: كردنەوەی ئەو هەفتەبازاڕە، لەلایەك سوودی بۆ جووتیاران هەیە و لەلایەكی دیكەشەوە، هاووڵاتیان قازانج دەكەن.

هاووڵاتیان قازانج دەكەن
سەعدی غەفور، سەرپەرشتیاری راگەیاندنی هەفتەبازاڕی كشتوكاڵی هەڵەبجە، بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی راگەیاندووە: ئەم هەفتەبازاڕە، بە چاودێریی وەزیری كشتوكاڵ و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كشتوكاڵی هەڵەبجە كراوەتەوە و  ئامانج لە كردنەوەشی ئەوەیە كە دەمانەوێت دەرفەتێكی باشتر بۆ جووتیاران بڕەخسێنین، بۆ ئەوەی بتوانن بەرهەمەكانیان باشتر ساغ بكەنەوە، بۆیە ئەوەی جیاوازە لەم هەفتەبازاڕەدا ئەوەیە، جووتیاران راستەوخۆ بەرهەمەكانیان دەهێننە ئێرە، بەبێ‌ ئەوەی بگوازرێتەوە بۆ عەلوەكان و راستەوخۆ دەیگەیەننە دستی كڕیارەكان.
ئاماژەی بەوەشكردووە: ئەوەی لەم هەفتەبازاڕەدا نمایشكراوە، بریتییە لەو بەروبوومانەی كە لە وەرزی ئێستادا پێگەیشتوون و پێکدێن لە بەرهەمەكانی (هەنگوین، تەماتە، خەیار، ترۆزی، كاڵەك، شوتی و باینجان) و دەیان بەرهەمی دیكەی سەوزە و میوەی هاوینە، هاوكات ئەمە لەلایەك سوودی بۆ جووتیارەكان هەیە كە باشتر بەرهەمەكانیان دەفرۆشن، بەبێ‌ ئەوەی كرێی عەلوە بدەن، لەلایەكی دیكەشەوە هاووڵاتیان قازانج دەكەن، بەوەی بە نرخێكی هەرزانتر بەرهەمەكان دەكڕن.

كاری جووتیاریی روو لە پاشەكشەیە
ئەوەشی خستەڕوو: لەم هەفتەبازاڕەدا بە تێكڕا نزیكەی 60 جووتیاری خاوەن بەرهەمی سوری لە پارێزگای هەڵەبجە، بەشداری هەفتەبازاڕەكەیان كردووە.
وتیشی: «نەبوونی بازاڕێكی باوەڕپێكراو، بۆتە هۆی ئەوەی كەرتی كشتوكاڵ و كاری جووتیاریی روو لە پاشەكشە بكات، بۆیە كردنەوەی ئەم جۆرە هەفتەبازاڕانە، هۆكار بۆ زیاتر هاندانی جووتیاران و ساغكردنەوەی بەرهەمەكانیان».

بابەتە پەیوەندیدارەکان