محەمەد محەمەد سەعید*
چیرۆکەکانی تاوانی جینۆسایدی گەلی کوردستان بەگشتی و کیمیاباراکردنی هەڵەبجە، برین و ئازارێکی نەبڕاوەن و تا لاپەڕەکانی هەڵبدەینەوە، چیرۆکی سەخت و پڕئێش و نەبیستراومان بۆ ئاشکرادەبێت.
چیرۆکی خێزانی عەبدولکەریم حامید بەڵخەیی
ئەم خێزانە لەپێش کیمیابارانی هەڵەبجەدا، ماڵیان لە گەڕەکی شارەوانی بووە، وەک هەموو دانیشتوانی ئەو شارە سەرقاڵ دەبن بە ژیانی سادەو ساکارەوە و کۆڵێک دڵیان بەژیان خۆش بوو، کاک عەبدولکەریم حامد پەیمانگای مامۆستایان تەواو دەکات، بەڵام ئیمزا بۆ حزبی بەعس ناکات بۆئەوەی کە ببێت بە حزبی و دانامەزرێت، بۆیە لەپێناوی پەروەردەکردنی نەوەیەکی خوێندەوار و رووناکبیر، چاوی لە رۆژەکانی ژیانی بوو کە کەی ئەو رۆژە بێت .
زەینەب و عەماری جگەرگۆشەی بە ئومێدی ئەوەی رۆژەکانی منداڵی بەخۆشی تێپەڕێنن و دەست لەنێو دەستی باوکیان بنێن و بەرەو قوتابخانە هەنگاوبنێن، رۆژەکان پێچەوانەی خەیاڵەکانی عەبدولکەریم دەبن و هەواڵی ترسناک دەبیسترێت لە ڕادیۆ و تەلەفزیۆنەوە، ئەو هەر بەردەوام دەبێت لە ئەرکی پەروەردەکردنی منداڵەکانی بەو ئومێدەی هەواڵەکان راست نەبن.
زەمزەم لەدایک دەبێت
لەساڵی 1988 منداڵێکی تریان دەبێت و ناوی لێ دەنێن (زەمزەم)، بەڵام بەداخەوە رۆژگار و ترس بەرەو هەڵکشان دەڕۆشتن بەهاری (زەمزەم) ی جگەر گۆشەکەیان بەرەو تاریکایی و دابڕانی دەبردن. رۆژی مەرگی گشتگیر و خنکاندن بە بۆنی گازی سیانید رووی لە هەڵەبجە کردو زەمزەمیش بووە یەکێک لەو هەزاران منداڵەی چارەنووسیان دەکەوێتە دەست قەدەری بۆنی گازی خەردەل و سیانیدەوە.
دۆزەخ بو هەڵەبجەییەکان دروستکرا
پیلانی جینۆسایدکردنی هەڵەبجە سەریگرت و هەزاران هاووڵاتی لە ژن و منداڵ و پیرو پەککەوتە بوونە قوربانی و دۆزەخ بۆ هەڵەبجەییەکان تاودرا و هەمووان رێگەی دەربازبوونیان لێ ونبوو، تووشی سەرلێشێواوی و سەرگەردانییەک بوونەوە کە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا کەم وێنە بوو، عەبدولکەریم و ماڵی باوکی و چەند ناسیاوێکی دیکەیان بڕیار دەدەن هەڵەبجە بەجێبهێڵن، لەپێش دەرچوونیان لەنێو شاری هەڵەبجە، عەبدولکەریم لە خۆشەویستی بۆئەوەی منداڵەکانی لە دەست نەچێت، ناوی منداڵەکانی لەسەر پارچە کاغەزێک دەنووسێت و بە دەرزی دەیدات لە یەخەیان و پاشان هەندێک کەلوپەلی سەرەتایی کۆدەکەنەوە بۆئەوەی ئەگەر زۆریان پێچوو، یان نەیانتوانی بگەڕێنەوە بۆ ماڵەوە، بتوانن بۆ چەند رۆژێک بەزیندوویی بمێننەوە، بەڵام مخابن ئەوەی لە خەیاڵی ئەماندایە پێچەوانەکەی روودەدات.
بڕیاردەدەن رووبکەنە عەنەب
بڕیار دەدەن رووبکەنە نزیک گوندی (عەنەب) و لای کانی(قلیج) دەگیرسێنەوە و خۆیان لە ژێر دارەکانی نزیک کانی قلیجدا حەشاردەدەن و لەوێ دایکی مامۆستا عەبدولکەریم باری تەندروستیی تێکدەچێت. ئەمانیش هیچ هۆکارێکیان پێ نەبووە تا بتوانن بیگوازنەوە بۆ جێگایەکی دوور و ئارامتر و هەستی ئەرکی دایکایەتی رێگەیان پێ نادات کە بەجێی بهێڵن، هەربۆیە بڕیار دەدەن بمێننەوە تا دۆخەکە کەمێک بەرەو ئارامی دەڕوات، بەڵام هیچ ئاسۆیەکی ئارامبوونەوەی دۆخەکە بەدی ناکرێت و فڕۆکەکانی بەعس زۆر دڕندانە هەموو جێگایەکیان بۆردومان دەکرد، ئەم ناوچەیە زۆر بە چڕی بۆمباران دەیگرێتەوە و کیمیایی بە گەروی هەموویاندا گوزەر دەکات و هەناسەی هەموویان قەتیس دەبێت و سەرجەمیان لەژێر سێبەری دروختە تازە چرۆکردووەکانی کانی قلیجدا گیان دەسپێرن.
تەنیا زەم زەم دەمێنێتەوە
ئەگەر زۆرێک لە تاوانکارییەکان دروستکراوی دەستی خودی مرۆڤ بن بۆ سڕینەوەی گەلێک)، ئەوا خودایەک هەیەکە هەرچی ویستی ئەوی لەسەر نەبێت ئەوا روونادات، هەربۆیە ئەم دەسەڵات و ویستە، روو لەم خێزانە دەکات و موعجیزە دەخوڵقێنێت بە مانەوەی یەکێک لە بچووکترین ئەندامانی خێزانەکە ئەویش (زەمزەم)ی ساوا بوو، هەم لەو وێرانە هەوایەدا مشتێک (هەناسەی خاوێن) بۆ سییەکانی (زەمزەم) دەمێنێتەوە و هەمیش لە (سینەی) پەروین حەسەنی دایکیدا بۆ ماوەی (3)سێ رۆژ (شیر) لە سنگییەوە سەرڕێژ دەبێت تا زەمزەمی کۆرپە بمێنێتەوە، ئیدی ئەوە ئاسمانە هێز دەبەخشێت بەم منداڵە بێ دەسەڵاتە و هۆشی دەداتێ تا وەک رۆژانی پێشوو دەم لە نێو سنگی دایکی بنێت و تێر شیر بخوات!
خەڵک فریای زەم زەم دەکەون
وەک چۆن شیری دایکە شەهیدەکەی دەبێتە فریادڕەسی زەمزەمی کۆرپە، موعجیزەی مانەوەشی بۆ سێ رۆژ بۆ ئەوەبوو تا خەڵکانێک کە وێڵی دۆزینەوەی کەسانی زیندووبوون لە پەناو پاساردا، بەڕێکەوت ناسراوێکی خانەوادەی (عەبدولکەریم) تووشی سەرسوڕمان دەبن کاتێک لەناو ئەو خێزانە شەهیدەدا ئەو منداڵە دەبینن کە بە (قەمسەڵەکەی باوکی) پێچراوەتەوە و دەمی بە مەمکی دایکە شەهیدەکەیەوە ناوە و هێشتا زیندووە بۆیە خێرا قەمسەڵەکەی لێدەکەنەوە و سەیری پارچە کاغەزەکەی سەر سنگی دەکەن کە لێی نووسراوە (زەمزەم).
ئەمە ویستی خودا نەبێت چییە؟ یان ئەگەر چارەنووسیشە دەبێت زەمزەم ئامادەبێت بۆ ژیانێکی نوێ و تاقیکردنەوەیەکی نوێ. ئەو کەسانەی زەم زەم دەدۆزنەوە، ناسراوی خۆیان بوون و هەڵیدەگرن و لەگەڵ خۆیاندا دەیبەن بۆ ئێران و لەپاش چەند رۆژێک رادەستی ماڵی پورزایەکی باوکی دەکرێت لە شاری (هەمەدان) و ماوەی 12 رۆژ لای ئەو ماڵە دەبێت و پاشان هەواڵ دەگات بە ماڵی باوانی زەمزەم، واتە باوکی دایکی و ئەوانیش هەر زۆر بەزوویی دێن بۆ بردنەوەی زەمزەم.
هەواڵە شۆکەکەی پێ دەڵێن
زەمزەم بەبێ ئەوەی خۆی ئاگای لەم هەموو چیرۆکە بێت کە بەسەریدا هاتووە، ماڵی باوانی بۆی دەبن بە دایک و باوک و بێوێنە نازی دەکێشن و رۆژەکان تێدەپەڕن و زەمزەم گەورە دەبێت و کەم کەم فام دەکاتەوە و دەتوانێت لەسەر پێیەکانی خۆی راوەستێت و تێکەڵ بە منداڵانی کۆڵان دەبێت. لەوێوە هەندێکجار ئەو قسەیە دەبیستێت کە منداڵەکانی دیکە پێی دەڵێن «تۆ منداڵی ئەم خێزانە نیت!، کەسوکارت لە کیمیابارانی هەڵەبجەدا شەهیدبوون!» ئەم قسانە دەبنە جێگەی سەرنج لای زەمزەم و لەپرتاو ئەم هەواڵانە گەرووی منداڵێکی وەک زەمزەم ئازار دەدات و خێرا رادەکاتەوە بۆلای نەنکی کە ئەم بە دایکە بانگی دەکات و لێی دەپرسێت: «دایکە بۆ پێم دەڵێن تۆ مردوویت (دایکت مردووە)! نەنکی میهرەبانیش تێدەگات چیرۆکەکە چییە و وەڵامی دەداتەوە، نەخێر وانییە ئەوە نییە من ماوم و لەپێش چاوی تۆدام و چاوەڕێش بکە ئێستا باوکت دێتەوە.
باپیر و داپیرێکی میهرەبان
چیرۆکی ژیانی زەم زەم تا گەورەبوون و فامکردنەوەی لای خۆی بە ناڕوونی بەردەوام بوو، تاوەکو زەمزەم بە تەواوەتی گەشە دەکات و لە چیرۆکەکانی پڕ لە مەرگەساتی خۆی و هەڵەبجە تێدەگات و بۆی روون دەبێتەوە کە لەکیمیابارانی هەڵەبجەدا کۆی خێزانەکەی لەدەستداوە و بووەتە یەکێک لە تاقانە بەجێماوەکانی خێزانەکەی و ژیانی زەمزەم بەردەوام دەبێت لەگەڵ ماڵی باپیری (باوکی دایکی) تا ئەوکاتەی راستییەکانی بۆ روون دەبێتەوە، ئەوکات قەدری میهرەبانیی باپیرە و داپیرەی بۆ دەردەکەوێت کە چەندە بەناز پەروەردەیان کردووە و نەیانهێشتووە بێکەسی و بێ دایک و باوکی پێوەدیار بێت.
زەم زەمی خۆشنووس
بەداخەوە تەمەن رێگە نادات ئەم ژیانە بەردەوام بێت و داپیرە و باپیرەی بەدوای یەکتریدا کۆچی دوایی دەکەن و ئەمجارەیان دووبارە تاریکی روودەکاتەوە نێو ژیانی زەمزەم، بەڵام پەروەردەکردنی زەمزەم بەشێوەیەک بووە کە بتوانێت ئەگەر کەسیش لە دەوری نەبێت، لەسەر پێیەکانی خۆی رابووەستێت، خۆشبەختانە ئێستا خاتوو زەمزەم خاوەنی خێزانی خۆیەتی و خودا دوو منداڵی جوانی پێ بەخشیووە و توانیویەتی بەدەست رەنگینیی خۆی لە بواری درووماندا خۆی سەرقاڵ بکات، بۆئەوەی خاوەنی دارایی خۆی بێت و یەکێکە لە دەستە رەنگینەکانی هونەرە جوانەکان و خەریکی خۆشنووسییە و بەشداریی چەندین چالاکیی کردووە و لەم بوارەشدا لە 16 /3 /2015 پیشانگەیەکی بۆ تابلۆکانی کردووە کە بەڕێز (هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد) قردێلەی پیشانگەکەی بڕی. هەروەها لە 10/4/2016 لە زانکۆی کۆیە پیشانگەیەکی تری بۆ کارە دەستییەکانی لە بواری خۆشنووسیدا کردەوە.
تیبینێ
سەرچاوەی ئامادەکردنی ئەم کورتە چیرۆکە، بەرەنجامی گفتوگۆ و دواندنی خاتوو ( زەمزەم) بوو لە 28/2/2023
*بەڕێوەبەری مۆنۆمێنتی هەڵەبجە