چانسی لیز تراس بۆ سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا

10:35 - 2022-08-03
ڕاپۆرت
493 جار خوێندراوەتەوە

ئا/ دیاری سابیر

 كێبڕكێی نێوان لیز تراس وەزیری دەرەوە ‌و ریشی سوناك وەزیری پێشووی دارایی بەریتانیا بەردەوامە، بەڵام لێدوانی بین واڵاس وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە دەربارەی لیز تراس، پێدەچێت لە شوێنگرتنەوەی بۆریس جۆنسۆن سەرۆكی دەستلەكاركێشاوەی حكومەتی بەریتانیا، نزیكی بكاتەوە.

تاكە كاندیدە بۆ سەركردایەتیكردنی گەل
بین واڵاس كە بە كەسایەتییەكی حكومی خاوەن زۆرترین جەماوەر دەناسرێت، لە وتارێكیدا كە لە رۆژنامەی تایمزی بەریتانی نووسیویەتی: تراس تاكە كاندیدە كە ئەزموونێكی تەواوی هەیە بۆ سەركردایەتیكردنی گەل.
وەزیری بەرگریی بەریتانیا كە پشتیوانێكی بەهێزی لیز تراس-ە، دەڵێت: تراس كەسێكی راشكاوە ‌و بیر لە هەرچییەك بكاتەوە، دەیڵێت. لە زۆر كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ‌و كۆبوونەوە دووقۆڵی ‌و نێودەوڵەتییەكانیشدا، خاوەن هەڵوێستی خۆی بووە ‌و راشكاوانە ئەوەی ویستوویەتی، وتویەتی. 

دەرفەتی زیاتری دەداتێ
بە بۆچوونی چاودێرانی سیاسی، وێڕای ئەوەی لیز تراس پێش ركابەرەكەی كەوتووە، بەڵام لەگەڵ پشتیوانییەكانی وەزیری بەرگریشدا، دەرفەتی زیاتری دەداتێ كە لە مانگی ئەیلولی داهاتوودا كێبڕكێی سەركردایەتیكردنی پارتی پارێزگاران بباتەوە ‌و پاشان پۆستی سەرۆك وەزیران وەربگرێت.
لە بەرامبەریشدا، ریشی سوناك كە لە پێشبڕكێی شوێنگرتنەوەی بۆریس جۆنسۆن-دا بۆ سەرۆکایەتیی پارتی پارێزگاران ‌و سەرۆكایەتیی حكومەت، لە دوای لیز تراس دێت، بەڵام بڕیاریداوە لە كێبڕكێكە بەردەوام بێت.

گورزێكی كاریگەرە 
بە بۆچوونی زۆرێك لە شرۆڤەكارانی سیاسی، تەنها بین واڵاس لە ناوخۆی پارتی پارێزگاراندا پشتگیریی لیز تراس ناكات، بەڵكو پشتیوانیی تۆم تەگندهات-یشی مسۆگەر كردووە، كە كەسایەتییەكی كاریگەرە ‌و لە خولەكانی پێشووی پێشبڕكێكەدا دوورخرایەوە. دەشڵێن: پشتیوانیی ئەو كەسایەتییانەی ناو پارتی پارێزگاران لە لیز تراس، گورزێكی كاریگەرە لە ریشی سوناك.  
ئاماژەیان بەوەش داوە: كاتێك كێبڕكێكە بۆ یەكەمجار لە نێوان هەردوو كاندیدی كۆتایی دەستیپێكرد، رێژەی سەركەوتنی لیز تراس لاواز بوو، زۆر كەسیش پێیانوابوو كە ریشی سوناك كاندیدێكی باشترە، بەڵام لێهاتوویی لیز تراس لە دیبەیتەكاندا، لە سەروو پێشبینییەكانەوە بوو. دەشڵێن: تراس لە رێی باسكردنی بابەتەكانی وەك كەرتی گواستنەوە ‌و پشتیوانیی بەریتانیا بۆ ئۆكرانیا ‌و پشتیوانیی جووتیارانی وڵاتەكەی، توانیی سەرنجی زۆرێك بۆ لای خۆی رابكێشێت ‌و لە رێی سیاسەتی توندی دەرەوە ‌و بەڵێنەكانی بۆ بەرزكردنەوەی بودجەی سەربازیی بەریتانیا، تراس دەیەوێت لەسەر سیاسەتی مارگرێت تاتچەر ژنە ئاسنینەكە بڕوات.

پێشوازیلێكرا
یەكێك لە بەڵێنەكانی لیز تراس لە دوای دەستبەكاربوونی وەك سەرۆك وەزیران، كەمكردنەوەی باج ‌و پێداچوونەوەی تەواوە بە سیستمی باجدا، كە لەلایەن دەنگدەرانەوە پێشوازیلێكرا، ئەوەش پێچەوانەی بەڵێنی ریشی سوناك بوو.     
لە سەرەتای كێبڕكێكەدا، 11 پەرلەمانتاری پارتی پارێزگارانی بەریتانیا خۆیان بۆ پۆستی سەركردەی حزب ‌و سەرۆك وەزیران كاندید كردبوو، بەڵام زۆربەیان لە چەند خولی پێشووی دەنگداندا دوورخرانەوە ‌و تائێستا هەریەك لە لیز تراس ‌و ریشی سوناك ماونەتەوە.  
لە خولی كۆتایی كێبڕكێكەدا، لەلایەن 200 هەزار ئەندامی پارتی پارێزگارانی بەریتانیاوە یەكێكیان هەڵدەبژێردرێن ‌و پڕۆسەكەش لە مانگی ئەیلولی داهاتوو لە رێی پۆستی ئەلیكترۆنییەوە بەڕێوەدەچێت.
ساڵی 2019، بۆریس جۆنسۆن شوێنی تێریزا مای سەرۆك وەزیرانی پێشووی بەریتانیای گرتەوە، بەڵام لە هەفتەی یەكەمی مانگی رابردوودا، دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لە پۆستەكەی راگەیاند.

سەرچاوە: ئاژانسەكان

بابەتە پەیوەندیدارەکان