چێسڵاو میلۆش، شاعیری خەمی هاوچەرخ

11:30 - 2025-03-20
ئەدەب و هونەر
109 جار خوێندراوەتەوە


د. ئومید وەرزەندە


چێسڵاو میلۆش-ی شاعیر، نووسەر و دیپلۆماتکاری پۆڵۆنیایی، ساڵی 1911 لە لیتوانیا لەدایکبووە. لە تەمەنی بیست ساڵیدا گروپێکی ئەدەبیی پیکهێنا بە ناوی (Zagary)، ساڵی 1930 دوو کۆمەڵە شیعری چاپ کرد و لە میانەی جەنگی دووهەمی جیهاندا لە وارشۆ، بە شێوەیەکی نهێنی، زۆربەی کاتی خۆی بۆ رۆژنامەنووسیی تەرخان کرد.
 ساڵی 1951 لە فەرەنسا نیشته‌جێ دەبێت و لەوێ چەند کتێبێک چاپ دەکات و خەڵاتی( Prix Litterarie Enropee)  وەردەگرێت. ساڵی 1960 زانکۆی کالیفۆڕنیا بانگهێشتی دەکات و وەکو مامۆستای «زمان و ئەدەبی سڵاویک» لەوێ دەستبەکار دەبێت. ســـاڵی 1974 خەڵاتــی(Polish Pen Club) بۆ وەرگێڕانی شیعر وەردەگرێت. ساڵی 1976 لەلایەن زانکۆی میشیگانەوە دکتۆای فەخریی پێ دەبەخشرێت و ساڵی 1984 خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئەدەبیات وەردەگرێت. میلۆش ساڵی 2004 کۆچی دوایی کرد و بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە شیعر و جیهان کرد.
لە پێشەکیی کۆی بەرهەمەکانیدا کە ساڵی 2000 لەلایەن ( Penguin Books)ەوە چاپکراوە، دەنووسێت: «من لە شیعرە سەرەتاییەکانمەوە؛ واتە ئەو کاتەی تەمەنم بیست ساڵان بوو، تا ئەم دواییانە، لۆژیکێکی ناوەکی دەبینم کە هێڵی پەیوەندیی هەموو شیعرەکانمە. بە تەواوەتی لەسەر ئەو بڕوایەم کە ئەو شاعیرەی شیعر بە خەڵاتێک لەلایەن رۆحی فریشتەئاسا یان «ئیلاهی شیعر» بزانێت، شاعیرێکی وەستاوە، شاعیر دەبێت هێندە لەخۆبووردوو بێت، خۆی بە شیاوی ئەو خەڵاتە نەزانێت. من بۆ خۆم لەنێوان وێنە ترسناکەکانی سەدەی بیستەمدا ژیاوم، ئەمەش راستییەک بوو نەیدەهێشت بەرەو هەرێمی «شیعری خاوێن» هەڵبێم، بەو شێوەیەی کە پێشینانی سیمبولیزمی فەرەنسیی بڕوایان پێی بوو. کەوا بوو پەرچەکرداری تووڕەی ئێمە بۆ نامرۆڤایەتی، بە دەگمەن دەبێتە دەقێکی هونەریی تەواو، بەتایبەتی ئەو کاتەی (وارشۆ) لە ئاگردا دەسووتێت.
پێموایە هەوڵدان بۆ چنگخستنی«راستی» تا رادەی مومکین، دەبێتە هۆی تەندروستبوونی شیعر. لە نێوان هونەری سوبژکتیڤ و هونەری ئوبژکتیڤدا، من دووهەمیان هەڵدەبژێرم، تەنانەت ئەگەر مانای ئەو دەستەواژەیە نەک بە تێور، بەڵکو بە هەوڵێکی شەخسی دەرک بکرێت. هیوادارم کردەکانم قسەکانم پاساو بێت.
مێژووی سەدەی بیستەم بۆ خوڵقاندنی وێنەیەک کە هەڵگری بەرخۆدانێکی ئەخلاقی بێت، گەلێ شاعیری هەڵتۆقاند، بەڵام بۆئەوەی لە قورسایی «راستی» بەئاگا بمێنینەوە، بێ ئەوەی یەخسیری ئەو هەوەسە بین کە دەمانکاتە گوزارشگەرێکی ئاسایی، شاعیر رووبەڕووی یەکێک لە سەغڵەتترین پازیلەکان دەبێتەوە. لای من شیعر بەشدارییکردنە لە کات و ساتی مرۆڤانەی مرۆڤە هاوچەرخەکاندا. 

چوار شیعری چێسلاو میلۆش
    
   سروودێک بۆ کۆتایی جیهان
 ئەو رۆژەی جیهان کۆتایی دێت،
زەردەواڵەیەک بەدەوری شەوەرێکدا دەسووڕێتەوە.
ماسیگرێک تۆڕێکی دڕاو چاکدەکاتەوە.
بەرازە زەریاییەکان، بە سەرخۆشی خۆ هەڵدەدەنە نێو زەریا
(مار)یش وەکو هەمیشه پێستی زێڕینی دەدرەوشێتەوە.
ئەو رۆژەی جیهان کۆتایی دێت،
ژنان بە چەترەکانیانەوە بە نێو مەزراکاندا پیاسە دەکەن.
پیاوێکی سەرخۆش لە لێواری چیمەنێکدا 
خەوی لێدەکەوێت.
سەوزە فرۆشێک لە شەقامەکاندا هاوار دەکات و
بەلەمێک بە ئاڵایەکی زەردەوە لە دوورگە نزیک دەبێتەوە.
دەنگی ڤیۆلۆنێک لە هەوادا دەمێنێتەوه و
دەڕواته دڵی شەوێکی پڕ ئەستێرەوە.
ئەوانەش که چاوەڕوانی هەوری بارانزێن 
نا ئومێد دەبن.
ئەوانەی چاوەڕوانی ئایەتەکان و
سووری ئیسرافیل بوون،
بڕوا ناکەن هەر ئێستاکە خەریکە روودەدات.
تا ئەوکاتەی مانگ و خۆر بە ئاسمانەوەن،
تا ئەوکاتەی هەنگ بۆ ژووانی سوورەگوڵ دەڕوات،
تا ئەوکاتەی منداڵانی کاڵ و ئاڵ لە دایک دەبن،
کەس بڕواناکات هەر ئێستاکە خەریکە روودەدات.
تەنیا پیاوێکی سەرسپی کە پێ دەچێت پێغەمبەر بێت،
بەڵام پێغەمبەر نییه، لەبەرئەوەی زۆر سەر‌قاڵه
بەدەم لە کارتۆن کردنی تەماتەکانەوە،
پەیتا پەیتا دەڵێت:
نا. . . کۆتاییەکی تر بۆ ئەم جیهانه نییە.

لە بیری کە
 لە بیری بکە ئەو ئازارانەی تووشی ئەوانت کرد،
لە بیری بکە ئەو ئازارانەی ئەوان تووشی تۆیان کرد.
ئاو خوڕەی دێت و خوڕەی دێت،
کانیاوەکان هەڵدەقوڵین.
هەنگاو دەنێت بەسەر ئەو زەویەدا کە لە بیرت کردبوو.
 هەندێجار بەستەیەک، بەندێک دێتە گوێت،
لە خۆت دەپرسی مانای چییە؟ 
کێیە ستران دەبێژێت؟
هەتاوێکی ساویلکە، گەرم هەڵدێت
نەوەکان لە دایک دەبن،
دیسانەوە دەستێک، دەستت دەگرێت.
ناوی رووبارەکان لەگەڵت دەمێننەوە،
چەندە ئەو رووبارانە بێ‌پایان دەنوێنن
مەزراکان بە دواماندا دەکشێن
منارەی شار لە جاران ناچێت
تۆ لەبەر دەرگا بە خامۆشیی دەوەستیت.
 لە تەمەنێکی تایبەتدا
 دەمانویست دان بە گوناهەکانمدا بنێن، بەڵام کەس نەبوو،
هەورە سپییەکان وەریان نەدەگرتن.
(با)ش سەرقاڵی سەردانی زەریاکان بوو؛ یەک لە دوای یەک.
نەمانتوانی سەرنجی ئاژەڵەکان راکێشین.
سەگە بێ‌ هیواکان ئامادەی فرمان بوون
پشیلەی هەمیشە بێ ئاکار، نوستبوو.
ئەو کەسەی بە رواڵەت زۆر نزیک بوو
تاقەتی بیستنی رابردووی دووری نەبوو.
دەمەتەقێی دۆستان سەبارەت بە ڤۆدگا و قاوە،
نابێت هێنده بخایەنێت، ببێتە هۆی ماندوێتی.
سووکایەتییە ئەگەر پیاوێک کە خاوەنی دیبلۆمە
تەنیا بۆ گوێگرتن بەپێی کاتژمێر پارەی پێ بدرێت.
لە کەنیسەکان. . . رەنگە لە کەنیسەکان
بەڵام لەوێ دان بە چیدا بنێین؟
بەوەدا کە خۆمان بە جوان چاک و بەگزادە دەزانی،
بەڵام دواتر لە جیاتی ئێمە قرپۆکێکی ناحەز،
پێڵووی ئەستووری تا نیوە دەکاتەوە و
بە ئاشکرایی دەبینین دەڵێت: «ئەوه منم»

 هەڵاتن
کاتێ لە شاری گڕگرتووەوە هەڵدەهاتین و
ئاوڕمان لە یەکەم باریکەڕێی 
مەزرای پشت سەرمان دەدایەوە،
وتم: با چیمەن لەسەر شوێن پێیەکانمان بڕوێت،
با پێغەمبەرانی بێ رەحم، بێ دەنگ بکەونە نێو ئاگرەوە،
با مردووەکان باسی رووداوەکە بۆ مردووەکان بکەن،
ئێمە دوور لە شەیتان و ئەو بەختەوەرییەی لەوێ خنکاوە،
سیابەختی بەدیهاتنی عەشیرەتێکی تووڕەین 
با بڕۆین، زەمین بە خەنجەرێکی ئاگرینەوە بۆ ئێمە ئاوەڵایە.

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان