کتێبی فاشیزم لە نێوان دوێنێ و ئەمڕۆدا

06:30 - 2022-03-28
کەلتور
589 جار خوێندراوەتەوە

گوڵزار حەمە فەرەج

کتێبی «فاشیزم لە نێوان دوێنێ و ئەمڕۆدا» لێکۆڵینەوەیەکی سیاسی و مێژووییە لە بارەی بیری فاشیزمەوە، کە نووسەر و وەڕگێڕ ئەردەڵان عەبدوڵڵا نووسیویەتی. نووسەر لەم کتێبەدا باسی ئەزموون و بیری فاشیزم دەکات لە جیهاندا.

نووسەر لەم کتێبەدا هەوڵیداوە پیاسەیەکی کورت بەناو مێژووی فکری فاشیزمدا بکات و مانا و ئامانج و پڕەنسیب و میتۆدەکانی بۆ خوێنەر بخاتە ڕوو.

نووسەر پێی وایە فاشیزم: هەوڵدانێک یان بزاوتێکی سیاسییە، بۆ دروستکردنی کەلتور و فەلسەفەیەکی سەربەخۆ و تایبەت. لەبارەی ئامانجی فاشیزمیشەوە دەڵێت: دروستکردنی دەوڵەتێکی نەتەوەیی توندڕەوانە و تۆتالیتارییە، کە بە هیچ شێوەیەک خۆی بە پڕەنسیپ و مۆدێلی سیاسی نێو دەوڵەتییەوە نابەستێتەوە.

لەسەرەتادا باسی بنەچەی وشەکە دەکات و دەڵێت: وشەی فاشی، وشەیەکی لاتینیە و ماناکەی کۆمەڵ دەگرێتەوە، لە دوای ساڵی1923 لە ئیتاڵیاوە تەشەنەی کرد و چووە ناو فەرهەنگی سیاسیەوە کە ماناکەی توندڕەویی و دڕندەیی و دیکتاتۆری دەگەیەنێت.

دواتر نووسەر قسەی زیاتر لەبارەی بیری فاشیزم لە جیهاندا دەکات و دەڵێت: فاشیستەکان هەموویان یەک زمان و یەک کەلتوریان هەیە، ئەویش زمانی لەناوبردنی بەرامبەرە بە هەموو شێوازێک، زۆرجار شێوازەکانیشیان لەیەک دەچێت.

گاس هۆل سکرتێری پارتی کۆمۆنیستی ئەمەریکایی، لە بارەی فاشیزمەوە دەڵێت: لەناو خودی سیستمی سەرمایەداریدا، شێوە مەیلێکی دژە دیموکراتی دروست دەکات، کە ئەم مەیلە بزووتنەوە فاشیزمەکانی پێ بەهێز دەبێت، لەوکاتەی کە سەرمایەداری سەپێنراو نەتوانێت زۆرترین قازانجی لەڕێی، دەزگا دیموکراتییەکان دەستبکەوێت، ئەوا دەست دەکات بە لەناوبردن و کەمکردنەوەی ڕۆڵیان، لەهەمانکاتیشدا دەست دەکات بە گۆڕینی ئەم دەزگایە بە کۆنەپەرستی و سەربازی، ئەو فاشیزمەی کە بەم شێوەیە دروست دەبێت، ئەوا دڕندەترین و بەربەریترین شێوەی فاشیزم دەبێت.

دواتر نووسەر باس لە جۆرەکانی فاشیزم دەکات و بۆ چەند جۆرێک پۆلێنبەندیی کردوون کە ئەوانیش بریتین لە: فاشیزمی نەتەوەیی، فاشیزمی ئایینی، فاشیزمی پیاو، فاشیزمی سێکسی.

پاشان نووسەر باس لە هۆکارەکانی دروستبوونی بیری فاشیزم دەکات و دەڵێت:
فاشیزم وەک هەموو ئایدۆلۆژیایەک، پێویستی بە ژێرخانێکی تایبەت بە خۆی هەیە، چەند هەلومەرجیکی تایبەت دروستیان دەکات لەوانەش: شوێنی جوگرافی و کەلتور و مێژوو و باری ئابووریی و باری سیاسی و کۆمەڵایەتی.

بەگشتی ئەم کتێبە بەرچاوروونییەکی باشی بە خوێنەری کورد داوە لەبارەی مێژووی سەرهەڵدان و گەشەسەندنی بیری فاشیزم، هەروەها باسی فاشیزمی خۆرئاوایی کردووە کە خۆی لە فاشیزمی ئیتالیی و نازیەتی ئەڵمانیا و فاشیزمی ئیتالی کردووە. جگە لەوەش باسی لە فاشیزمی خۆرهەڵاتی کردووە بەتایبەتی لە وڵاتانی تورکیا و ئێران و عیراق و سوریا و میسر و سعودیە. لەهەمان کاتیشدا باسی بزووتنەوە توندڕەوە فاشیزمە نوێیەکانی ئەرووپای کردووە و جیاوازەکانی لەگەڵ ئەوانی پێشوو دەرخستووە.


بابەتە پەیوەندیدارەکان