نرخی ئارد بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزی

09:35 - 2022-08-04
ئابووری
861 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی رایدەگەیەنێت: بەهۆی رێكەوتنەكەی نێوان روسیا و ئۆكرانیا بۆ رەوانەكردنی 50 ملیۆن تۆن گەنم بۆ بازاڕەكانی جیهان، نرخی گەنم و ئارد لە بازاڕەكانی جیهان دابەزی، بەشێوەیەك لە سێ رۆژی رابردوودا نرخی تۆنێك ئارد 50 دۆلار دابەزیووە.
سۆران عەبدولغەفور، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی، بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی راگەیاندووە: رێكەوتنەكەی نێوان روسیا و ئۆكرانیا بۆ هەناردەكردنی گەنم، راستەوخۆ كاریگەریی هەبووە لەسەر دابەزینی نرخی گەنم و ئارد لە بازاڕەكانی جیهاندا.
وتیشی: «لە سێ رۆژی رابردوودا نرخی تۆنێك ئارد 50 دۆلار دابەزیووە و بەردەوام نرخەكانیش روو لە دابەزینی زیاترە، هاوكات لە هەرێمی كوردستانیش نرخی فەردەیەك ئارد لە 51 هەزار دینارەوە، بۆ 42 هەزار دینار دابەزیووە».
بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی ئەوەشی خستۆتەڕوو: جگە لە دابەزینی نرخی گەنم و ئارد، نرخی مادە خۆراكییەكانی دیكەش لە رۆن و برنج و چا و نۆك و زەیت و چەندین پێداویستی دیكە، دابەزینی بەرچاویان بە خۆیانەوە بینیووە، بەراورد بە سێ‌ مانگی رابردوو كە نرخێكی بەرزیان تۆمار كرد.

#بازاڕ

بابەتە پەیوەندیدارەکان