لە نەخۆشخانەی منداڵان لە سلێمانی بەشی هێڵكاری مێشك و دەمار كرایەوە

09:43 - 2022-08-04
ڕاپۆرت
537 جار خوێندراوەتەوە
ئامێرێکی نوێ لە نەخۆشخانەی منداڵانی فێرکاری فۆتۆ: لاڤان رەئوف

راپۆرتی/ رێزە حسێن

بۆ یەكەمجار لە نەخۆشخانەی منداڵانی فێرکاری د.جەمال ئەحمەد رەشید لە سلێمانی، بەشی هێڵكاری مێشك و دەمار بۆ منداڵان دەكرێتەوە. پسپۆڕێكی تایبەت بە نەخۆشییەكەش رایدەگەیەنێت «پشكنین و چارەسەر بۆ منداڵان لە هەرێم و عیراق، دەکرێت».

جۆری نەخۆشییەكە چییە؟ 
نەخۆشیی مێشك و دەمار، تەنها بەڕێگەی ئامێری هێڵكاری پشكنین، جۆرەكەی و هەنگاوەكانی چارەسەركردنی، دیاریدەکرێت.
لەوبارەیەوە د.شیلان عەبدوڵڵا پسپۆڕی بەشی هێڵكاری مێشك و دەمار لە نەخۆشخانەی منداڵانی فێركاری لە سلێمانی، وتی: كردنەوەی بەشی هێڵكاری مێشك و دەمار بۆ منداڵان لە نەخۆشخانەکەماندا، هەنگاوێكی نوێیە تا لە رێگەی پزیشكی پسپۆڕەوە پشكنین و چارەسەركردن بۆ ئەو منداڵانە بكرێت كە توشبووی ئەو جۆرە نەخۆشییەن. وتیشی: لە رابردوودا، هەركات نەخۆش پێویستی بە پشكنین هەبوایە، رەوانەی نەخۆشخانە ئەهلییەكان یان وڵاتانی دەرەوە دەكرا، بەڵام بەهۆی ئەوەی پزیشكی پسپۆڕ پشكنینەكەی نەدەکرد، هەمیشە نەخۆشەكان رووبەڕووی كێشە دەبوونەوە، چونكە كاركردن بەئامێرەكە تایبەتمەندی خۆی هەیە، بەجۆرێك دەبێت بە وردی پشكنینی پێ بکرێت و بتوانرێت وەك خۆی بخوێنرێتەوە، ئەوەش تەنها لە توانای پزیشكی پسپۆڕ بە نەخۆشییەکەدایە.

تایبەتمەندی ئامێرەكە
ئامێری هێڵكاری، تایبەتە بە دەستنیشانكردنی چەندێتی ئاستی كاركردنی چالاكی مێشك لەناو منداڵاندا، هاوكات دەستنیشانی جۆری نەخۆشییە باوەكانی مێشك و دەمار دەكات بەجۆرێك توانای دیاریكردنی شوێنی نەخۆشییەكە و چارەسەركردنی لە رێگەی كام جۆری دەرمانەوە بێت، دەخاتەڕوو، هەروەك منداڵانی تووشبوی نەخۆشییەكە بۆ پشكنین و چارەسەركردن تەنها پێویستیان بەئامێری هێڵكاری هەیە كە لە نەخۆشخانە ئەهلییەكاندا بە نرخێكی گران دەکرێت، ئێستا لە نەخۆشخانەی منداڵانی فێركاری ئەو خزمەتگوزارییە تەندروستییە بێبەرامبەر پێشكەش دەكرێت. 

كارەكە بە گەورە وەسفدەكرێت 
كەسوكاری ئەو منداڵانەی كە تووشبوی نەخۆشییەكەن، خۆشحاڵبوون بە كردنەوەی بەشی ئامێری هێڵكاری مێشك و دەمار و كارەكەیان بە پیرۆز و گەورە وەسفكرد و ئاماژەیان بەوەدا، هەندێك خزمەتگوزاریی تەندروستی هەیە گرنگە لەناو نەخۆشخانە حكومییەكاندا هەبن، لە نموونەی ئامێری هێڵكاری پەیوەندیدار بەچالاكی مێشكی منداڵ، بۆیە سوپاسگوزار بوون بۆ لایەنی پەیوەندیدار لە ئیدارەی شارەكە و كەرتی تەندروستیی سلێمانی و بەتایبەتیش بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی فێركاری کە هەمیشە دڵسۆزانە خزمەتی منداڵانی نەخۆش دەكات و هەوڵی جدی دەدات بۆ دابینكردنی ئەو كەلوپەلە تەندروستیانەی گرنگ و پێویستن لە چوارچێوەی چارەسەركردنەكاندا. 

دەرمانی ئامێرەكە بەردەست نییە 
بەپێی زانیاری كوردستانی نوێ نەخۆشخانەی منداڵانی فێركاری، وەك هەر شوێنێكی دیكەی تەندروستی، كێشەی دەرمانی هەیە، بەتایبەت دەرمانەكانی پێویست بە هێڵكاری مێشك و دەمار.
د. شیلان عەبدوڵڵا لەو بارەیەوە زانیاری زیاتری خستەڕوو و ئاماژەی بەوەکرد کە ئەو دەرمانانەی  پێویستن بۆ ئامێرەكە و چارەسەركردنەكەشی، جگە لەوەی نرخەكەی گرانە، هاوكات دەستكەوتنی زۆر زەحمەتە، چونكە نەخۆشییەكە یەكێكە لەو نەخۆشیانەی دەرمانەكانی لەسەر ئاستی عیراق و هەرێمی كوردستان نییە،  تا ئێستا ئەو چەند دەرمانەی كە لەناو نەخۆشخانە هەمانە بۆ نەخۆشەكانی خۆمان بەكاری دەهێنن و چارەسەركردنەكانی پێ دەکەین، وتیشی: هەندێك لە جۆری دەرمانەكان هەر بەردەست نییە لە عیراق، بەناچاری لە وڵاتانی ئوردن و توركیاوە دەهێنرێن. 

توانای ئامێرەكە 
بەپێی زانستی پزیشكی بەكارهێنان و پشكنین بە ئامێری هێڵكاری مێشك و دەمار، تواناكەی سنووردارە، جگە لە حاڵەتی كتوپڕ،  پێویستی بەكات هەیە و بەپێی بەرنامە نەخۆش ئامادە دەكرێت بەجۆرێك دەبێت بەهێمنی و لەسەرخۆ كاری پێبكرێت.

#نەخۆشخانەی منداڵان

بابەتە پەیوەندیدارەکان