راوێژکاریێکی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عیراق بۆ کاروباری گواستنەوە رایگەیاند، رێگەی گەشەپێدان بە هەرێمی کوردستاندا تێدەپەڕێت و 11 کیلۆمەتری پرۆژەکە دەکەوێتە سنوورى پارێزگای دهۆکەوە.
ناسر ئەسەدی، بە میدیاى فەرمیى عیراقى راگەیاند، لەسەر پرۆژەکە و تێپەڕینی بە دهۆکدا، لەنێوان بەرپرسانی حکومەتی عیراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەماهەنگییەکی زۆر هەیە.
ئاماژەى بەوەشکردووە، رێگەی گەشەپێدان لە قۆناغی کۆتاییدایە و ئەوەی ماوە تایبەتمەندیی هونەری و دیزاینى کۆتایی پرۆژەکەیە.
ئەو راوێژکارە ئاماژەی بەوەشکردووە، لەمیانی کۆتا کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای رێگای گەشەپێدان، گفتوگۆی پلانی ستراتیجی ئەمنی بۆ پاراستنی رێگاکە کراوە و ستراتیجی دیپلپۆماسی بۆ بازاڕکردنی پرۆژەکە دەکرێت، جگەلە هەماهەنگی و کاری سەرجەم وەزارەتەکانی دیکە بۆ ئەو پرۆژەیە.
لە مانگی ئایاری 2023، بە بەشداری وەزیرانی گواستنەوەی وڵاتانی سعودیە، توركیا، ئێران، ئوردن، سووریا، ئیمارات، كوەیت، قەتەڕ، عومان و نوێنەرانی یەكێتیی ئەوروپا و بانكی نێودەوڵەتی، كۆنگرەی رێگەی گەشەپێدان لە بەغداد بەڕێوەچوو.
پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان، رێگەی وشکانیی پرۆژەکە هەزار و 190 کیلۆمەترە و لە ساڵی 2024 دەستیپێکردووە و بڕیارە لە ساڵی 2028 تەواو ببێت.
بە گوێرەی هەڵسەنگاندنەكانی وەزارەتی گواستنەوەی عیراق، رێگەی گەشەپێدان تێچووەکەی 17 ملیار دۆلارە، لە پارێزگای بەسرەوە دەستپێدەكات بە 10 پارێزگای عیراقدا تێدەپەڕێت و دەگاتە توركیا، داهاتی ساڵانەشی دەگاتە چوار ملیار دۆلار و 100 هەزار هەلیكار دەڕەخسێنێت.