دیپلۆماتێكی پێشووی ئێران رایدەگەیەنێت: ئەگەر ئێران نیازپاكی لە ئەمریكا ببینێت و هاوكات ترەمپ دەست لە هەڕەشە هەڵبگرێت، ئەوا دانوستانەكان بەرەو پێشەوە دەچێت.
نەسروڵڵا تاجیك دیپلۆماتی پێشووی ئێران دەڵێت: ئێران پێشتر بە شێوەی رەسمی رایگەیاندووە ناچێتە دانوستانێكەوە كە لەژێر هەڕەشە و گوشاردا بێت، هەر بۆیە پێش ئەوەی كە دانوستان بكرێت، دەبێت دیاری بكرێت كە ئامانج لە گفتوگۆ چییە؟
تاجیك راشیگەیاندووە: ئەگەر هەلومەرج بڕەخسێت ئێران پێویستی بە گەرەنتی زیاتر نییە، چونكە ئەوەی بە لای تارانەوە گرنگە ئەوەیە دانوستان لەژێر گوشار و هەڕەشە بە مەبەستی لاوازی ئێران نەبێت.
ئەو دیپلۆماتكارە بە ئەزموونەی ئێران پێیوایە ئێستا هەلومەرج بۆ گفتوگۆ گونجاو و لەبارە و كەشێكی ئارام بۆ دیپلۆماتەكان فەراهەمە بۆ ئەوەی دابنیشن و لە رێگەی گفتوگۆوە كێشەكان چارەسەر بكەن.