تەندروستیی دیالە دووپاتی دەكاتەوە، ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجە لە سنووری پارێزگاکەدا بۆ پێنج هەزار کەس بەرزبووەتەوە.
دكتۆر فارس عەزاوی وتەبێژی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی دیالە بە كوردستانی نوێی خانەقی-ی راگەیاند: رێژەی تووشبووانی شێرپەنجە لە سنووری دیالەدا پێنج هەزار كەس تێدەپەڕێنێت، کە هەموویان بە ناوو ناونیشانەوە تۆماركراون و لەژێر چاودێریی و وەرگرتنی چارەسەردان.
وتیشی: دیالە بەگشتی لە هەر 24 كاتژمێرێکدا یەك حاڵەتی نوێ تۆمار دەكات، ئەمەش ئاماژەیە بۆ قەبارەی تووشبوونەكە.
ئاماژەشی بەوەدا کە نیوەی ئەوانەی تووشی شێرپەنجە بوون، تەمەنیان لە خوار 30 ساڵەوەیە، هەر بۆیەش رێژەیەكی بەرچاویان منداڵ و كوڕ و هەرزەكارن.
وتیشی: رێژەی كەڵەكەبووی تووشبوون بە شێرپەنجە ساڵ بەساڵ لە زیادبووندایە، ئەمەش رەنگدانەوەی تەشەنەکردنی نەخۆشییەكەیە.
هەر لەوبارەیەشەوە د. شوان شاكر بەڕێوبەری نەخۆشخانەی گشتیی خانەقی بە كوردستانی نوێی خانەقی-ی راگەیاند: لە خانەقی هیچ شوێنێك یان بنكەیەك نییە بۆ تووشبوانی شێرپەنجە، بەڵكو راستەوخۆ پەیوەندیی بە نەخۆشخانەی هیوای سلێمانی، یان بەعقوبەوە دەكەن.