داوای پاككردنەوەی رووباری ئەڵوەن دەكرێت

03:07 - 2025-04-07
دووتوێ
13 جار خوێندراوەتەوە
دیمەنێک لە پرد و رووباری ئەڵوەن کە گژوگیا ئاستەنگی بۆ رووبارەکە دروستکردووە

سامان یاروەیس 

ژمارەیەك چالاكوانی دیاری شاری خانەقی، داوا دەكەن رێڕەوی ئاوی رووباری ئەڵوەن كە بەناو شارەكەدا تێدەپەڕێت پاكبكرێتەوە، چونكە بەزەل و قامیش و گژو گیا دیمەنێكی ناشیرینی دروست كردووە.
ئەڵوەن هێمای جوانی خانەقیە 
سەلام عەبدوڵڵا چالاكوان، لەوبارەیەوە وتی: ئەڵوەن هێمای جوانی خانەقیە، ناكرێت بەم جۆرەبێت، كە رێڕەوی ئاوەكەی بەزەل و قامیش و گژو گیا دابپۆشرێت، بۆیە دەكرێت ئیدارەی شارەكە لەچوارچێوەی بەرنامەیەكدا  رێڕەوی ئاوەكە پاكبكاتەوە، چونكە دواجار هەم ئاوەكە بەجوانی دەڕوات، هەم سیمای جوانی خۆی بۆ دەگەڕێتەوە.
وتیشی: بەتایبەت لادانی ئەو بەربەستانەی بۆ ئاوەكە دروست كراوە، وادەكات ئاوەكە راستەوخۆ رێڕەوی خۆی بگرێت و چیتر رێگە بەدروستبوون یان سەوزبوونی ئەو زەل و قامیشانە نادات.
لیژنەیەك دروست بكرێت 
ماجد شالیار چالاكوان لەخانەقی، بۆ كوردستانی نوێی خانەقی رایگەیاند: پێویستە بە هەماهەنگی حكومەت و چالاكوانان لیژنەیەك دروست بكرێت، بۆئەوەی بە بەرنامەیەكی تۆكمە ئەم زەل و قامیشانە لاببرێن، چونكە سیمایەكی ناشیرینی بە ئەڵوەن داوە، سەرەرای ئەوەی نایەڵێت ئاوەكە رێڕەوی ئاسایی خۆی وەربگرێت.
هەوڵەكان دەستیان پێكردووە
جواد فەیزوڵڵا قائیمقامی قەزای خانەقی جەختدەكاتەوە:» داواكاری ئەو چالاكوانانە رەوایەو دڵسۆزییە بۆ شارەكەیان، ئەمە هاوكاری و هەماهەنگییەكی جوانە بەرامبەر بەئیدارەكەمان و هەر لەسەروبەندی خستنەڕووی داواكاریەكەیان دەستمان بەهەوڵەكانمان كردووە.
وتیشی: بەگفتوگۆكردن لەگەڵ بەرێوبەرایەتیی سەرچاوە ئاوییەكانی خانەقی، پرۆژەیەكمان ئامادەكردووە و ئاڕاستەی پارێزگاری دیالەمان كردووە، چونكە بەپێی ئەو پرۆژەیە تێچووی دەوێت، كە لەدەسەڵاتی پارێزگارە، جگە لەوەی چەند ئامێرێكی پاككەرەوەمان دەوێت كە نیمانە، پێویستە بۆمان دابین بكرێت.
ئاماژەی بەوەشدا: ئەو بەربەستانەی دروستكراون بۆ گلدانەوەی ئاوی ئەڵوەن لادەبرێن، ئەمەش پێویستی بەئامێری هەڵكەندنە كە جۆرەكەی لەخانەقی نییە، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەوانە هەوڵەكانمان بەردەوام دەبن و سیمایەكی جوان بۆ ئەڵوەن دەگەڕێنینەوە، تەنها پێویستمان بەكاتی زیاترە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان