مامۆستا محەمەد ئەحمەد
بە پێی سەرچاوە مێژووییەكان شاری خانەقی یەكێكە لە دێرینترین شارەكانی كوردستان و عیراق، كە (3500) ساڵ پێش زایین شوێنەكەی ئاوەدان بووە.
شاری خانەقی بە بۆنەی پێگە و هەڵكەوتە جوگرافییە و ستراتیژییەكەیەوە هەر لە مێژووەوە بەستنەوەی رێگەی بازرگانی بووە لە نێوان عیراق و ئێران، بە تایبەتی لە سەردەمی دەوڵەتی عوسمانی و سەفەوی، هەروەها لە نێوان كوردستان و پارێزگاكانی باشووری عیراق، بۆیە لە سەرچاوە مێژووییەكان ناوی شاری خانەقی بە (دەرگای زاگرۆس) و(رێگای خوڕاسان) هاتووە.
شاری خانەقی هەر لە مێژووەوە بە (خان) بەناوبانگ بووە، خان لە تەنیشت خان، ئەم خانانە شوێن و جێگای حەوانەوە و خەوتنی كاروانچی و سەردانیکار و گەشتیار و بازرگانەكانی جاران بووە (هەڵبەت بە وڵاخەكانیشیانەوە)، هەموویان بینای گەورە و توكمە و زۆربەشیان دوونهۆمی بوون. جا بە حوكمی ئەوەی بینای گەورە و فراوان و تایبەت بە كاروانەكانی جاران بوون، ئەوا بە كاروان سەراش ناوزەد كراون، هەڵبەت ناوەكە زۆر گونجاو بووە لە تەك قەبارە و ئەرك و قەرەباڵغییاندا، ئەم خانانە لە سەردەمێك دروست كراون كە لە هەموو وڵاتانی جیهان ئوتێل نەبووە، وە یەكەم خان لە مێژووی شاری خانەقی دروستكراوە خاوەنەكەی ناوی (نەقی) بووه، كەواتە (خان+نەقی) بۆیە شارەكە بە خانەكە و خاوەنەكەی ناونراوە، وە ساڵ بە دوای ساڵ پیتی (ن) بۆ وشەی (خانەقی) زیاتكراوە كە دەبێتە (خانەقین). هەروەها خەڵكە رەسەنەكانی شارەكە هەتاكو ئەمڕۆ ناوی شارەكە بە خانەقی بەكار دەهێنن.
(خان نەقی) كەوتبووە شەقامی سینەما فەیسەڵ لە ناو بازاڕی شارەكە لە تەنیشت ئوتێلی ئەڵوەن، جا چونكە شوێنەكەی كەوتبووە ناوەڕاستی شارەوە، ئەوا پۆلیسی سوارەی گومرگ بەو دواییە كردبوویانە بارەگای خۆیان، ئەمەش وایكرد بە خان گومركیش بناسرێت. لە ساڵی (1975ز)دا خانەكە لە لایەن رژێمی بەعسەی لەناوچوو رووخێندرا.