دووەمین كۆڕبەندی نێودەوڵەتیی داهێنان و كارسازی لە سلێمانی بەڕێوەچوو

قوباد تاڵەبانی: ئامانجمانە سلێمانی ببێتە پایتەخت و ناوەندی داهێنان و تەكنەلۆژیا

04:30 - 2025-04-07
کوردستان
21 جار خوێندراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران رایگەیاند: ئامانجمانە لە داهاتوودا سلێمانی ببێتە پایتەخت و ناوەندی داهێنان و تەكنەلۆژیا لە كوردستان و عیراق و ناوچەكەدا.
دوێنێ، بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و ژمارەیەك وەزیر و نوێنەری وڵاتان و پسپۆڕانی بواری كارسازی و داهێنان لە كوردستان و عیراق و جیهان، دووەمین كۆڕبەندی نێودەوڵەتیی داهێنان و كارسازی لە سلێمانی، بەڕێوەچوو.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران لە وتارێكدا رایگەیاند: سلێمانی شانازیی بەوەوە دەكات كە هەمیشە ناوەند و پایتەختی ئەدەب و رۆشنبیریی كوردستان بووە، ئێستاش لەپاڵ ئەم شانازییەدا، ئامانجمانە لە داهاتوودا سلێمانی ببێتە پایتەخت و ناوەندی داهێنان و تەكنەلۆژیا لە كوردستان و عیراق و ناوچەكەدا، وتیشی: چەند ساڵێكە لە هەوڵداین بۆ دروستكردنی ژینگەیەكی گونجاو بۆ داهێنان، بەڕێوەچوونی ساڵانەی كۆڕبەندیی نێودەوڵەتیی داهێنان و كارسازی لە سلێمانی لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەدایە، راشیگەیاند: كوردستان و سلێمانی پڕە لە گەنجی زیرەك و خولیای داهێنان، ئەوان پێویستییان بە پشتگیری و ژینگەیەكی لەبارە و ئێمەش ئامانجمانە چ وەك حكومەت، چ لە رێگەی هاندانی كەرتی تایبەت و زانكۆ و ناوەندە ئەكادیمییەكانەوە، وەبەرهێنان لەسەر بیرۆكە و تواناكانیان بكەین، ئەوەشی خستەڕوو: ئەمە رێگەیەكی درێژە و ئێمە هێشتا لەسەرەتاداین، بەڵام دڵنیاین و ئیرادە و روئیامان هەیە ئەم خەونە بكەین بەڕاستی و سلێمانی بكەینە یەكێك لە ناوەندە گرنگەكانی داهێنان و تەكنەلۆژیا لە ناوچەكەدا.
جێگری سەرۆك وەزیران وتیشی: حوكمڕانی دروست، هەمەجۆركردنی ئابووری هەرێمی كوردستان، شۆڕشی داتا و گەشەكردنی كشتوكاڵ و گەشتوگوزار، بەستنەوەی گەشتوگوزار و كشتوكاڵ (گەشتوكاڵ)، هەمووی داهێنانیان پێویستە، راشیگەیاند: چەندین پرۆژەی داهێنانمان كردووە و ساڵانی ئاییندە بەرهەمەكەی دەبینن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان