دوای راگەیاندراوەكەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، نوێكردنەوە و گواستنەوە و دەركردنی كارتی بایۆمەتری دەنگدەران لە بنكەكانی كەركوك دەستیپێكردووە و وتەبێژی نووسینگەی كەركوكی كۆمسیۆنیش دەڵێت: رۆژانە پێشوازی لە هاووڵاتیان دەكەین بۆ نوێكردنەوە و دەركردنی كارتی بایۆمەتریی نوێ بۆ ئەو كەسانەی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا مافی دەنگدانیان دەبێت.
عەبدولباست دەروێش وتەبێژی نووسینگەی كەركوكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عیراق، بەكوردستانی نوێ-ی راگەیاند: لەچوارچێوەی ئامادەكارییەكانی كۆمسیۆن بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران، چەند رۆژێكە پرۆسەی بایۆمەتریمان دەستپێكردووە و هاووڵاتیان دەتوانن سەردانی بنكەكان بكەن بۆ خۆتۆماركردن و نوێكردنەوەی كارتی دەنگدانەكانیان.
ئاماژەی بەوەشكرد كە ماوەی مانگێك دیاریكراوە بۆ ئەو كەسانەی هاوسەرگیرییان كردووە و خێزانەكانیان خەڵكی شارەكانی دیكەی عیراقن، كە دەتوانن لەو ماوەیەدا كارتی دەنگدانیان بگوازنەوە بۆ كەركوك، بە مەرجێك ناوی لە فۆڕمی خۆراكدا هەبێت، وتیشی: بەپێی ئامارەكان زیاتر لە ملیۆنێك دەنگدەر لە كەركوكدا هەیە، ئەوە جگە لەو كەسانەی كە لەدایكبووی ساڵی 2007ن و لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەراندا دەتوانن بەشداریی بكەن.
وتەبێژی كۆمسیۆن، باسی لەوەكرد «ئەو هاووڵاتیانەی پێشووتر پەنجەمۆریان دەرنەچووە و كێشەیان هەبووە، ئێستا دەتوانن سەردانی بنكەكان بكەن تا پەنجەمۆری نوێیان بۆ تۆماربكرێت، ئەوانەشی كە كارتەكانیان ونكردووە بەهەمان شێوە پەنجەمۆری نوێیان لێوەردەگیرێت». داواشی لە هاووڵاتیان كرد ئەوانەی تەلەفۆنیان بۆ كراوە سەردانی بنكەكان بكەن بۆ وەرگرتنەوەی كارتەكانیان، جگەلەوەش ئێستا كۆمسیۆن تیمی گەڕۆكی بۆ كەسانی نەخۆش و پەككەوتە پێكهێناوە و سەردانیان دەكەن بۆ ماڵەوە.