بۆ یادی 37 ساڵەی ئەنفالی ناحیەی زینانە، چەند چالاكییەك لە ناحیەی نەوجول لە ناوچەی داوێ بەڕێوەچوو.
رێوڕەسم و چالاكییەكان لەلایەن لیژنەیەكی هاوبەشی یەكێتی و حزبی شیوعی و كۆمەڵەی داكۆكی لە پرسی ئەنفال و وارسی ئەنفالكراوانی ناوچەكەوە، رێكخران و ژمارەیەكی زۆر لە كەسوكاری ئەنفالكراوان ئامادەبوون.
لە بەشێكی رێوڕەسمەكەدا، 110 پێشمەرگەی بەشداربووی شەڕی ئەنفال قەڵغانی رێزلێنانیان پێبەخشرا و چەندین پارچە شیعر و چیرۆك خوێنرانەوە، پاشان وتاری هاوبەشی یەكێتی و شیوعی، خوێنرانەوە.
لەكۆتاییشدا چەندین یاد و یادەوەری و بەسەرهات لەلایەن پێشمەرگە بەشداربووەكان و كەسوكاری ئەنفالكراوانەوە گێڕدرانەوە.