دوای ئەوەی بە بڕیارێك كارەبای گازینۆ و بەشێك لە دوكان و كۆگاكانی شارەكە بڕدرا، كێشەكە چارەسەركرا و ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانیش دەڵێت: رێگەنادەین كێشە بۆ خانەقین دروستبكرێت.
سۆزان مەنسور ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، وتی: بڕیارێك لەلایەن فەرمانگەی كارەباوە دەركراوە بۆ بڕینی كارەبای گازینۆ و ژمارەیەك دوكان و كۆگا، كە هۆكارەكەی روون نییە، وتیشی: بۆ ئەو مەبەستە پەیوەندیم بە بەرپرسانی دیالەوە كرد و ئاگادارم كردنەوە كە بەئەنقەست ئەو بڕیارە دەركراوە، بۆیە دەستبەجێ بڕیارەكە هەڵوەشێنرایەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد كە ئەم جۆرە لە ململانێ و دروستكردنی كێشە بۆ خانەقین، قبووڵكراو نییە و بە هەموو شێوەیەك دژی دەوەستینەوە و رێگەنادەین پێشێلكاریی یاسایی بەرامبەر سنوورەكە بكرێت.