راوێژکارێکی سودانی: دابەزینی نرخی نەوت کاریگەری لەسەر عیراق نابێت

08:03 - 2025-04-08
عیراق
65 جار خوێندراوەتەوە

مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی عیراق رایگەیاند، دابەزینی نرخی نەوت لەسەر ئاستی جیهان كاریگەی لەسەر رەوشی ناوخۆی عیراق نابێت.

ئەو راوێژکارە ئەوەشی خستووەتەروو، بەهۆی دوایین پێشهاتە جیهانییەكانەوە، لەنێویاندا كراوەیی ئێران بۆ دانووستان لەگەڵ ئەمریكا و كەمبوونەوەی كێشەی روسیا و ئۆكراین و هاوكات، سەپاندنی پێناسی گومرگی لەلایەن سەرۆكی ئەمریكاوە، نرخی نەوت لەسەر ئاستی جیهان روو لە دابەزین دەكات.

راوێژکارەکەی سەرۆک وەزیرانی عیراق وتیشی، لە بوودجەی سێ ساڵی عیراقدا، ئامادەكاری پێشوەختە بۆ هەر  هەڵئاوسانێك لە نرخی نەوتدا كراوە، بەو پێیەش دابەزینی ئێستای نرخی نەوت كاریگەری لەسەر رەوشی ناوخۆی عیراق نابێت.

ئەو راوێژكارە ئاماژەی بەوەشدا، ئەوەی لە گۆڕەپانی جیهانیدا ڕوودەدات قەیرانێكی كاتییە و لە قۆناغی داهاتوودا، لە چوارچێوەی لۆژیكی هاوسەنگییە ئابوورییە جیهانییەكان جێگیر دەبێت، دەشڵێت، لەئێستادا بازاڕی نەوت لە مەترسیدایە بەهۆی زۆری رێژەی بەرهەمهێنان و كەمبوونەوەی خواست لەسەری، ئەوەش دەتوانێت لە داهاتوودا نرخەكەی داببەزێنێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان