بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، پێویستە وێستگە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە هەڵبوەشێندرێتەوە، ئەگینا هێرشی سەربازیی دژی تاران کاری کردەییە لەلایەن ئیسرائیلەوە.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، هۆشداریی دەداتە ئێران لە درێژەکێشانی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا و لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا دەڵێت، پێویستە رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران هاوشێوەی رێککەوتنەکەی لیبیا بێت و بە چاودێریی ئەمریکا سەرجەم وێستگە ئەتۆمییەکان و کەلوپەکانی هەڵبوەشێندرێتەوە.
وتیشی، رێککەوتووین پێویستە ئێران چەکی ئەتۆمی نەبێت، ئەمەش دەکرێت لە رێگەی رێککەوتنەوە بەدەستبهێنرێت، بەڵام بە مەرجی ئەوەی رێککەوتنەکە هاوشێوەی رێککەوتنەکەی لیبیا بێت، واتا سەرجەم دامەزراوە و وێستگە ئەتۆمییەکان بتەقێندرێنەوە و سەرجەم کەلوپەلەکان هەڵبوەشێندرێتەوە لەژێر چاودێریی ئەمریکادا، ئەمە کارێکی باش دەبێت.
راشیگەیاندووە، بژاردەی دووەمیش ئەوەیە، ئەگەر رێککەوتن نەکرا، یاخود درێژە بە دانوستانەکان درا، ئەو کات بژاردەی سەربازیی کارى کردەییە و هەمووان هەست بەوەدەکەن، بە دوور و درێژی قسەمان لەوبارەیەوە کردوو.