سەرۆک کۆمار پەیامێکی تایبەت ئاراستەی دانیشتوانی پارێزگای هەڵەبجە دەکات

05:48 - 2025-04-17
عیراق
53 جار خوێندراوەتەوە

 د.لەتیف جەمال ڕەشید،سەرۆک کۆماری عیراق پەیامێکی تایبەتی ئاراستەی پارێزگای هەڵەبجە کرد و تیایدا پیرۆزبایی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لە دانیشتوانی پارێزگاکە کرد.
سەرۆک کۆمار لە پەیامێکدا ڕۆژی پێنجشەممە 17-4- 2025، ستایشی هەوڵەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی کرد بۆ پەسەندکردنی پرۆژەی یاسای گۆڕینی هەڵەبجە بۆ پارێزگا و داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد کاربکەن بۆ تەواوکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لە پارێزگاکەدا بەمەبەستی پەرەپێدان و گەشەپێدانی.
ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامی سەرۆک کۆمارە بۆ دانیشتوانی پارێزگای هەڵەبجە:

بەناوی خودای گەورە و میهرەبان

خەڵکی تێکۆشەری هەڵەبجە
کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان
بریندارانی کیمبارانی هەڵەبجەی شەهید

بە بوونی هەڵەبجە بە پارێزگا  پیرۆزبایی گەرم ئەکەین، لە رۆژی دەنگدانی پەرلەمان بەیاننامەیەکی رەسمیی سەرۆکایەتی کۆمارمان دەرکرد، پێمان باشبوو بە تایبەتر پیرۆزبایی لەخەڵکی هەڵەبجە بکەین. 
ئەمە هەنگاوێکی یاسایی و کارگێڕیی دروست بوو بۆ گەشەپێدانی هەڵەبجە، دەستخۆشی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەکەین و ئاشکرایە هەر لە کۆنەوە هەڵەبجە مەڵبەندێکی ڕۆشنبیری وکلتوری پێشکەوتوو بووە و شاری هونەر و ئەدیب و شاعیران بووە، خەڵکەکەی لێوەشاوە و نیشتمان پەروەرن، خاکەکەی بە پیت و ناوچەیەکی دڵڕفێن و گەشتیارییە. 
بە هەموو توانامانەوە پشتگیری لەپارێزگای هەڵەبجە دەکەین و خزمەتی هەڵەبجە و زیاتر ئاوەدانکردنەوە و پێشخستنی دەکەین.
بێگومان کیمیابارانکردنی هەڵەبجە تاوانێکی جینۆسایدە، هەموو هەوڵێک لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا ئەدەین بۆ ئەوەی تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجە بەشێوەیەکی یاسایی بە جینۆساید بناسرێت. 
خەڵکی تێکۆشەرو بەوەفای هەڵەبجە، دڵنیاین ئێوەش لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکی و وەبەرهێنەری شارەکەتان و تەواوی وڵاتەکەمان کۆشش دەکەن بۆ ئاوەدانکردنەوەی زیاتری شارەکەتان، گیانی شەهیدانی هەڵەبجە و هەموو شەهیدانی وڵاتەکەمان شاد بێت و هەڵەبجەش هەمیشە شاری ئاشتی وهونەرو جوانی بێت.

                                                         د. لەتیف جەمال رەشید
سەرۆک کۆماری عیراق

بابەتە پەیوەندیدارەکان