دیداری/ محەمەد تۆفیق نەورۆڵی
گەرمك یەکێکە لە ناحیەکانی سەر بە قەزای پێنجوێن، ناوەندەکەی شارەدێی گەرمکە، لە دیدارێكدا سەروەر شێخ عەبدوڵڵا ئەمین سەرۆكی شارەوانی گەرمك بۆ كوردستانی نوێ باس لەو پرۆژانە دەکات لە پلانیاندایە لەمساڵدا جێبەجێی بکەن، بۆ زیاتر خزمەتکردنی دانیشتوانی ناحیەکە، لەگەڵ ئامادەکارییەکانیان بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر ئەو فەرمانبەرانەدا کە شایستەن.
سەرۆكی شارەوانی گەرمك بۆ كوردستانی نوێ :
جێبەجێکردنی هەشت پرۆژەی ئاوەڕۆی لوولەیی رەزامەندی لەسەر دراوە و لە چەند رۆژی داهاتوودا قۆناغی سێهەمی دەست پێدەکات، هەروەها پاش تەواوبوونی ئامادە دەبێت بۆ قیرتاوکردن
*باخچەكانی ناحیەی گەرمك پێویستیان بە تازەکردنەوە و سەوزكردن هەیە، لەم بارەیەوە پلانتان چییە؟
- بۆ باخچەكانی سنووری شارەوانیمان، دەرخستەمان کردووە بۆ چاککردنی کاشی چواردەوری نافورەکە و چاککردنی کارەبا و گۆڕینی گڵۆپەکان، دانانی تانکییەکی دیکە بۆ خەزنکردنی ئاو، كە بە سوپاسەوە چەند رۆژی پێشوو لە بەڕێوەبەرایەتی بووم رەزامەندی بڕی پێنج ملیۆن دینارمان بۆ وەرگرتووە و چاوەڕوانی خەرجکردنی پارەکەین تا دەست بکەین بە کارەکان، سەبارەت بە سەوزکردنیش ئێستا کاری کێڵانمان تەواو کردووە تەنانەت لە رۆژە پشووەکانیشدا باخەوانەکان خەریکی ئیش و کارن، هەروەها دەستمان کردووە بە چاندنی تۆوی چیمەن بەپێی ئەو بەرنامەیەی دامانناوە لەمساڵدا سەرجەمی دەکرێت بە چیمەن، ئەمە لە کاتێکدایە لەوکاتەوەی ئەو باخچەیە دروستکراوە، ئەمساڵ یەکەم ساڵە کاری سەوزکردنی بۆ دەکرێت و خەرجی سەوزکردنەکە لەسەر پێشینەی مانگانەی شارەوانی دەکرێت.
*كارەكانی تازەکردنەوەی یاریگای گشتیی گەرمك بە كوێ گەیشتووە؟
- کارەکانی تازەکردنەوەی یاریگاکە خۆی لە چاککردنی دەرگا و پەنجەرەکان و تێکردنەوەی شوشەو لەحیمکردنی شوێنە خراپبووەکانی سیاجی یاریگاکە و چاککردن و بۆیاخکردنی بۆری گۆڵەکان دەبینێتەوە، ئێستا ئەمانەی باسکران تەواو کراون، ئەوەی ماوە چاککردن و هێڵکاری چیمەنەکەیە بە تایبەت هێڵە سپییەکان خراپ بوون، هەرچەند ئەو چیمەنە دەستکردە سپییانە زۆر بە زەحمەت دەستمانکەوت، لەبەرئەوەی بڕی پێویستی لە بازاڕدا نەماوە، لەگەڵ لاستیککردنی ژێر چیمەنەکە و دانانەوەی بە چەسپ لەلایەن وەستای شارەزاوە کە لە هەڵەبجەوە بە تەماین بیهێنین بۆ چاککردنەکەی، ئەوەی ماوە تەواوبێت بەشێکی کەمە و لە ماوەی کەمتر لە 20 رۆژی داهاتوودا یاریگاکە ئامادە دەبێت بۆ یاریکردن و بە رووی وەرزشکاراندا دەیکەینەوە.
*گەرمك پێویستی بە هێڵكاری و رێكخستنی تاسەكان هەیە، بۆ ئەم مەبەستە چیتان كردووە؟
- سەبارەت بە هێڵکاری و تاسەی پلاستیکی بە نووسراوی ژمارە 96 لە 23/2/2025 نووسراومان ئاڕاستەی هاتوچۆی پێنجوێن کردووە لەبەرئەوەی گەرمک بنکەی هاتوچۆی تێدانییە، پاشان هاتوچۆی پێنجوێن بە نووسراوی ژمارە 181 لە 2/3/2025 داوایان لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی کردووە بۆ ناردنی تیمێکی ئەندازە، ئێستا چاوەڕێی هاتنی ئەو تیمە ئەندازەییەین.
*بەشێك لە قیری شەقامەکانی ناحیەکە تێكچوون، پلانتان هەیە بۆ چاککردنی؟
- ئەو شەقامانەی قیرەکەیان خراپ بووە، لە ئایندەیەکی نزیکدا سەرجەمیان لەلایەن هۆبەی هونەری شارەوانیمان بە ئامێری تایبەت دەبڕین و هەموویان چاک دەکەین.
*كارەكانی پرۆژەی ئاوەڕۆی لوولەیی بەكوێ گەیشتووە؟
- جێبەجێکردنی هەشت پرۆژەی ئاوەڕۆی لوولەیی لە ناحیەکە رەزامەندی لەسەر دراوە و چاوەڕوانی خۆشبوونی کەش و هەواین بۆ دەستپێکردن، لە چەند رۆژی داهاتوودا قۆناغی سێهەمی ئاوەڕۆی لوولەیی لە سنووری شارەوانیمان دەست پێدەکات، ئەم پرۆژەیە گرنگییەکی ئێجگار زۆری هەیە و دەبێتە هۆی دوورخستنەوەی ئاوەڕۆی ناو شار، پاشان ئامادە دەبێت بۆ قیرتاوکردن لە داهاتوودا.
*چیكراوە بۆ جیاكردنەوەی رێگەی بارهەڵگرەكان؟
- بەهۆی کەمیی ئامێر لە شارەوانی داوای هاوکاریمان لە بەڕێوەبەرایەتی رێگەوبانی پێنجوێن کردووە بە دوو نوسراوی رەسمی، یەکێکیان بۆ تێکەڵەڕێژکردن و رێککردنەوەی رێگەکە، کە بە سوپاسەوە لەماوەی کەمتر لە 10 رۆژیی داهاتوودا کارکردن تیایدا دەستپێ دەکات، لە ماوەی رابردوودا بەهۆی باران و وەرزی سەرماوە کاری تێکەڵەڕێژکردنی وەستێنرابوو، نووسراوی دووەممان بۆ هەمان بەڕێوەبەرایەتی کردووە سەبارەت بە قیرتاوکردنی رێگەکە، بەڵام بۆ ئەوەیان چاوڕێی وەڵامین، بە چاککردنی رێگەکە لۆد لەسەر ناوبازاڕی گەرمک کەمدەبێتەوە کە بەهۆی بارهەڵگرەکانەوە دروست دەبێت، زۆرجار بارهەڵگرێک لەناو بازاڕ دەوەستێت کە کەلوپەل و پێداویستی بۆ دوکانەکان دەهێنێت بەهۆیەوە ئاستەنگی هاتوچۆ دروست دەکات.
*ئامادەکارییەکتان بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا گەیشتووە بە کوێ؟
- ئێستا وەك شارەوانی گەرمك، نزیکەی 65 پارچە زەوی حازرمان هەیە و ئامادەیە بۆ دابەشکردن بەسەر فەرمانبەراندا، بەڵام بەپێی پێشبینی ئێمە ژمارەی ئەو فەرمانبەرانەی کە كارتی زانیارییان سەر بە ناحیەی گەرمکە ناگاتە ئەو رێژەیە، بۆیە لە رووی دابینكردنی زەوییەوە كێشەمان نییە.
*كەی دەستدەكەن بە دابەشكردنی زەوی بەسەر ئەو فەرمانبەرانەی كە رەزامەندی وەزارەتیان هەیە؟
- بە مەبەستی وردبینی دەستمان کردووە بە نووسراو کردن، ئەو فەرمانبەرانەی رەزامەندی وەزارەتییان هەیە و بەپێی کارتی زانیاری دەنێردرێن بۆ لای ئێمە، پاشان دەیاننێرینە گەنجینەی یەک و دووی سلێمانی و سەرۆکایەتی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەکانی سلێمانی و تاپۆی پێنجوێن بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی پێشتر ئەو فەرمانبەرە سوودمەند نەبووە لە موڵکی حکومەت، پاشان چاوەڕوانی رەزامەندی سەرجەم فەرمانبەرانی وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێم دەکەین، کە ناوی هەموو فەرمانبەران گەڕانەوە، پاشان دەست دەکەین بە دابەشکردنی زەوییەکان بەسەر فەرمانبەراندا.
*بە چ رێكارێك ئەو زەوییانە دابەش دەكەن؟
- رێكارەكانی دابەشکردنی زەوییەکان بە شێوەی تیروپشک دەبێت، بە ئامادەبوونی نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەکانی سلێمانی و سەرجەم ئەو فەرمانبەرانەی کە رەزامەندی وەرگرتنی زەوییان دەبێت، بۆئەوەی بە شێوەیەکی شەفاف پرۆسەکە بەڕێوەبچێت.