محەمەد عەبدولڕەحمان
شەهید عەبدوڵڵا ساڵح ئەحمەد ئاوەژەیی ناسراو بە عەبدوڵڵا بۆر، لە دایكبووی ساڵی 1953ی گوندی ئاوەژەی ناحیەی بنگردە، ساڵی1977 پەیوەندیی كردووە بە رێكخستنەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە و هەمان ساڵدا لەلایەن رژێمەوە دەستگیركراوە و بە ماوەی شەش ساڵ بەندكردن سزا دراوە، بەڵام دوای مانەوەی دوو ساڵ و چوار مانگ لە زینداندا، لە لێبوردنە گشتییەكەی ساڵی 1979 ئازادكراوە.
لە زینداندا بەسەركردە و تێكۆشەرەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان ئاشنابووە و زیاتر رۆچۆتە ناو بابەتە سیاسی و نەتەوەییەكانەوە، بۆیە دوای ئازادبوونی وەك تێكۆشەرێكی كۆمەڵە درێژەی بەخەبات داوە.
بەشداریی كارای هەبووە لەچالاكییەكانی ناو شاردا، لە كاتێكدا بۆ كارێكی شۆڕشگێڕانە دەچێتە گوندی (بێخڕە) لە ساڵی1980دا، دەكەوێتە بۆسەی دوژمنەوە و دووبارە دەستگیردەكرێتەوە و دەخرێتە ژێر ئەشكەنجەیەكی سەختەوە، پاشان فەرمانی لە سێدارەدانی بۆ دەردەچێت، بەڵام باوكی دەكەوێتە هەوڵێكی چڕەوە بۆ رزگاركردنی، بەوهۆیەوە و بە ئاڵوگۆڕكردنی لەگەڵ دیلێكدا، رزگار دەكرێت و دوای ئەوە لە ساڵی 1982دا دەبێتە پێشمەرگە، لە تیپی 43ی ئاسۆس درێژەی بەخەبات داوە.
لە راپەڕینی 5/3/1991 رۆڵی باڵای هەبوو لە ئازادكردنی رانیە و دواتریش شاری كەركوكدا.
لە خەباتی پێشمەرگایەتیدا بەردەوام بووە و دوا پلەی فەرماندەی هێز بووە، بەداخەوە رۆژی 10/4/ 2000 لە نەبەردییەكدا لە (بەردقەڵشیوو)ی بناری قەندیل، شەهیدكرا.