له‌م رۆژانه‌دا دیوانی (گوڵه‌كانی قژم) كه چه‌ندین شیعری وه‌رگێڕدراوی كه‌ژاڵی شاعیری بۆ مالایالامیه‌ی هندی له خۆگرتووه، له‌گه‌ڵ گۆڤارێكی ئه‌ده‌بیدا كه دیدارێكی دوورودرێژی به هه‌مان زمان تێدا بڵاوكراوه‌ته‌وه، له رێی پۆسته‌وه گه‌یشته شاری سلێمانی. وه‌رگێڕی دیوانه‌كه و ئه‌وه‌ش كه دیداره‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌م شاعیره كورده كردووه، شاعیر و وه‌رگێڕی هيندستان و مامۆستای مێژوو پرۆفیسۆر مانوج كۆمار-ه، سه‌باره‌ت به‌م ده‌ستكه‌وته ئه‌ده‌بییه كه‌ژاڵ ئه‌حمه‌د به دوالاپه‌ڕه‌ی وت: بێگومان خۆشحاڵم به‌وه‌ی پ.د.مانوج دیوانێكمی له ئينگلیزییه‌وه وه‌رگێڕا و ئێستا كتێبه‌كه و ئه‌و گۆڤاره ئه‌ده‌بییه‌م به‌ده‌سته‌وه‌یه كه له هندستانه‌وه بۆم هاتووه، دیداره‌كه سه‌باره‌ت به مێژووی كورد و ئه‌ده‌بی كوردی و ئه‌زموونی شیعریم و دوێنێ و ئه‌مڕۆی كاری میدیایمه. دیوانی(گوڵه‌كانی قژم) له‌و دیوانه‌مه‌وه وه‌رگێڕدراوه بۆ مالایالامییه‌ی هندی كه له‌ساڵی 2016 له ئه‌مریكا چاپ و بڵاوكراوه‌ته‌وه به‌ناونیشانی (Handful of salt) و شاعیر و مامۆستای پێشوتری زانكۆی ئه‌مریكی ئالانا ماری لیڤنسۆن لابرووس و دوو خوێندكاری كوردی وه‌ریانگێڕا بۆ ئينگلیزی و باربارا گۆڵدبێرگ چاپی كرد، ئه‌گه‌رچی شیعره‌كانم بۆ زیاتر له بیست زمان وه‌رگێڕدراون، به‌ڵام خوازیاری زیاتریشم.
شكۆڤه یاده‌وه‌ر