گورزەکەی ئەمریکا زەواهیری پێکا

09:46 - 2022-08-06
ڕاپۆرت
364 جار خوێندراوەتەوە
#ئەو خانووەی کە ئەمریکییەکان دەڵێن زەواهیری تیادا کوژراوە

شرۆڤەی: جەمال ئارێز

لە ناو سەرقاڵیی و دڵەڕاوکێی جیهاندا بە هەواڵ و پێشهاتەکانی جەنگی روسیا و ئۆکرانیا و کاریگەرییەکانی لەسەر دۆخی ئابووریی و ئاسایشی جیهان بەگشتی و لەولاشەوە گرژییەکانی نێوان پەکین و واشنتۆن سەبارەت بە سەردانەکەی نانسی پیلۆسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بۆ تایوان، سەرچاوەکانی هەواڵ لە زاری سەرچاوە هەواڵگرییەکانی ئەمریکاوە رایانگەیاند کە لە هەفتەی رابردوودا درۆنە ئەمریکییەکانی سەربە ناوەندی گشتیی هەواڵگریی  ئەمریکا (CIA)  لە گەڕەکێکی شاری کابولی پایتەختی ئەفغانستان خانوویەکیان کردۆتە ئامانج کە ئەیمەن زەواهیری-ی سەرکردەی یەکەمی رێکخراوی قاعیدەی تێدا کوژراوە.
وتەبێژی تالیبان وتەیەکی شەرمنانە دەبێژێت
دوای تێپەڕبوونی چەند سەعاتێک بەسەر راگەیەندراوەکەی (CIA) دا، زەبیحوڵڵا موجاهیدی وتەبێژی دەسەڵاتی تالیبان هەواڵی گورزە ئاسمانییەکەی پشتڕاستکردەوە، ئەگەرچی لە یەکەم لێدوانیدا دانی بەوەدا نەناوە کە ئەو خانووەی کراوەتە ئامانج زەواهیری بووە یان نا، بەڵام بەراورد بە زمانی هەڕەشەیی جارانی  تالیبان، زەبیحوڵڵا زۆر شەرمنانە وتەکەی بێژاوە و تەنیا بەوەندە کۆتایی پێهێناوە کە ئەو گورز وەشاندنە غافڵگیرانەیە کاریگەریی سەلبی دەبێت بۆ ئاسایشی ئەفغانستان و ناوچەکەش.
دوو پرسیار بۆ واشنتۆن و کابول
لەبەرئەوەی هێشتا لەلایەن کابولەوە ئەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە کە ئەوەی کراوەتە ئامانج زەواهیرییە یان نا؟ بەڵام زۆرێک لە شرۆڤەکاران و ئاگایانی سیاسی ئەو پرسیاریان لەلا دروست دەبێت سەبارەت بە هەردوولایەنی کێشەکە، چ ئەمریکا و چ ئەفغانستانیش. 
ئەوەی رووی لە ئەمریکایە ئەوەیە کە ئاخۆ ئەوە پەیامە بۆ لایەنی دیکە یان هەر بەڕاستی زەواهیری مەترسییە لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا؟
ئەگەر مەترسییە بۆچی بەر لە ساڵێک کەمتر بەو شێوە کتوپڕە هێزەکانیان لەو وڵاتە کشاندەوە؟ ئایا تالیبان هەمان ئەو تالیبانەی ناوەڕاست و کۆتایی نەوەدەکانی سەدەی رابردوو نییە کە ئوسامە بن لادنی لە ئامێز گرتبوو؟ ئەگەر گۆڕاوە و توندڕەوییەکەیان خاو بۆتەوە بۆچی لەدوای پاشەکشەوە پەیوەندییەکانیان لەگەڵدا ئاسایی ناکەنەوە؟ خۆ ئەگەر هەمان تالیبانە و نەگۆڕاوە، چۆن هەموو پڕەنسیپەکانی مافی مرۆڤ و دروشمە مرۆیی و سیاسییەکانیان پشتگوێ خست و ئەفغانستانیان بە ئاسانی رادەست کردن؟ ئەگەر پەیوەندییەکانیش ئاساییە؟ چۆن پێشوەختە کابول لە هێرشێکی لەو جۆرە ئاگادار نەکراوە؟
پرسیارەکەش بۆ کابول و تالیبان ئەوەیە، کە لە دوای رێکەوتنەکەی دۆحەوە لەگەڵ ئەمریکاییەکاندا بە چاودێریی و موبارەکەی قەتەر، دەبوو جیهان تالیبانێکی دیکە ببینێت، چۆن ئەیمەن زەواهیری گەیشتەوە کابول؟ ئەدی بڕیار نەبوو چیتر ئەفغانستان نەکرێتەوە بە مەکۆی رێکخراوە تیرۆریستییە جیهانییەکان؟ یاخود ئەوەی روویداوە رێکەوتنێکی ژێربەژێرە بۆ خۆ رزگارکردنی تالیبان لە زەواهیری و راگەیەندراوەکەی زەبیحوڵڵاش تەنها بۆ (ئیستیهلاکی  محەلی) و دامرکاندنەوەی ناڕەزایی شوێنکەوتوانی زەواهیرییە لەکاتێکدا کابول دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەروجیرانی ئاسایی بکاتەوە و بەشوێن بەدەستهێنانی دانپێدانانی نێودەوڵەتییەوەیە و رێکخراوی قاعیدەش وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی ئینتەرناسیۆنال سنوورەکان ناناسێت و لە دۆخی بەهێزبوونەوەیدا ئەگەری هەیە ببێتە هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی ناوخۆ و دەرەوەی ئەفغانستانیش؟
زەواهیری و داعش
بە گوێرەی دانپیدانانی بەشێک لەو تیرۆریستانەی لەو ساڵانەی دواییدا چووبوونە ژێر هەژموونی ئەبو مەسعەبی زەرقاوییەوە، رێکخراوی قاعیدە بەهۆی لاوازبوونییەوە لە دوای بێسەروشوێن بوونی دوو سەرکردە سەرەکییەکەی (بن لادن و زەواهیری)، زەمینە سازبوو بۆ جیاکردنەوەی چەند رەوتێکی تیرۆریستی خۆکوژی بەتایبەتی لەعیراقدا کە بەهێزترینیان رێکخراوی قاعیدەی عیراق بوو بە سەرکردایەتی ئەبو مەسعەبی زەرقاویی بە رەگەز ئوردنی، کە بە وتەی دەستگیرکراوەکان و ئەو بەڵگەنامە و نامە ئاڵوگؤڕکراوانەشەوە کە لە نێوان زەرقاوی و هەریەکە لە بن لادن و زەواهیریدا ئاڵوگۆڕ کرابوون و لەڕێی دەزگا هەواڵگرییەکانەوە دزەیان کردبوو بۆ هەندێک لە ئاژانسەکانی هەواڵ و میدیاکان، پەیوەندییەکانی ئەو سێ سەرکردەیە بەتەواوەتی بەرەو خراپبوون چووە، بەتایبەتی لە کاتێکدا کە قاعیدەی عیراق لە ساڵانی 2004 - 2006   لەڕووی دارایی و چەکەوە هیچ پێویستییەکی بە سەرکردایەتیی قاعیدەی شوێن بزر نەبووە و دۆخی عیراق بەجۆرێک بوو کە بە ئاسانترین شێوە چەکیان دەست دەکەوت و لەڕێی گرتنی بارمتەشەوە زۆرترین داهاتیان چنگ دەکەوت.
کوژرانی زەرقاوی و سەرهەڵدانی بەغدادی
لەدوای کوژرانی ئەبو موسعەبەوە زۆربەی شوێنکەوتووەکانی سەنگەریان گواستەوە بۆلای ئەبوبەکر بەغدادی و بەهۆی نەناسراوییەوە سەرەتا رێکخراوەکە رووی لە پاشەکشە کرد چ بەهۆی دەستگیرکردنی ئەندام و شانە نوستووەکانیانەوە، یاخود بەهۆی کوژرانی زۆرێک لە ئەمیرە مەیدانییەکانیانەوە، بەڵام هیچ پەیوەندییەکی ئەوتۆ لەنێوان قاعیدەی دایک و قاعیدەی عیراقدا نەما، جگە لە ناوەکەیان.
بەهاری عەرەبی و کوژرانی ئوسامە
ئەوەی زیاتر قاعیدەی بێ هێز و بێ پێز کرد لەناو ناوەندی رێکخراوە جیهادییەکاندا کوژرانی ئوسامە بن لادن بوو لە رۆژی 2/5/2011 کە هاوکات بوو لەگەڵ سەرەتاکانی شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبی، بۆیە لە زۆرێک لەو وڵاتانەی بەهاری عەرەبی گرتییەوە، شانەکانی قاعیدە و چەکدارە پەرەتەوازە بووەکانیان وەک مەشقپێکراوترین هێز جڵەوی دۆخەکانیان گرتە دەست و لەنێو خۆیاندا بەهۆی دەستکەوتی چەک و دارایی و بەدەستهێنانی هەژموونەوە بەسەر  سەرچاوە ژیانییەکاندا پێکدادانی چەکداریی روویدا، ئەم پێکدادانانە لە ساڵی 2012دا رێکخراوی داعشی لێ بەرهەم هات کە زۆربەی رێکخراوەکانی دیکەی لەڕووی هێز و هەژموونەوە سفرکردەوە بەتایبەتی سەرەتا لە سوریا و دواتر لە عیراق بەجۆرێک سنووری سڕییەوە و وڵاتانی عەرەنی و ئیسلامی لە نەخشەکەی (دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام) دا بوونە ویلایەت لەناو یەک دەوڵەتدا.
کوژرانی بەغدادی و سەرگەردان بوون
لەدوای بەهێزبوونی داعش و دروستکردنی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی بۆ بەرگرتن بە فراوانتربوونی هەژموونەکەی و دەرهێنانەوەی زۆربەی هەرەزۆری ئەو خاکانەی لەژێر دەستیدا بوو، سەرکردەی یەکەمی ئەم رێکخراوەش وەک بن لادن ماوەی چەند ساڵێک کەوتە جێگۆڕکێ تا لە بەرەبەیانی رۆژی (26/10/2019) لە پڕۆسەیەکی سەربازیی تایبەتدا لە سەرسنووری نێوان سوریا و تورکیا لە شاری ئیدلب کوژرا. بەوەش ئەگەرچی رێکخراوەکە لەڕووی خاکەوە، خاکی لەبەردەستدا نەماوە و بەتەواوەتی لاوازبووە، بەڵام هێشتا کێشە کۆمەڵایەتی و تایفییەکان بەشی ئەوەندە لایەنگر و شانەی نووستو و ناوچە و مەکۆی ئارام بۆ هێشتوونەتەوە کە تاکتیک و مانۆڕی خۆیانی تێدا بکەن و جاربەجار گورزی بووەشێنن.
داعشی خۆراسان و کۆتایی گەمەکە
دەستبەجێ دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان، دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە کە گروپێک بەناوی داعش-ی خۆراسان دەستیانکردووە بە جموجۆڵ و لە ماوەی نزیکەی یەک ساڵی رابردووشدا بەرپرسیارێتی چەند کردەوەیەکی تیرۆریستیان لەو وڵاتە گرتۆتە ئەستۆ، بۆیە بەدوور نازانرێت بەگوێرەی زەمینەی لەباری ئەو وڵاتە بۆ گەشەکردن و پەلهاویشتنی گروپە تیرۆریستییەکان، داعشی خۆراسان بەڕە لەژێرپێی تالیبان دەربهێنن، وەک چۆن لە کۆتایی نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا تالیبان بەڕەی لەژێرپێی گروپە چەکدارە ناکۆکەکانی بورهانەدین رەبانی و گوڵبەدین حیکمەتیار و ئەحمەد شامەسعود و رەشید دۆستم دەرهێنا و ئەمارەتی ئیسلامیی ئەفغانستانیان بە پشتیوانیی قاعیدە و دەزگای هەواڵگریی پاکستان دامەزراند و ئەگەری ئەوەش هەیە خۆرئاوا بۆ دروستکردنی سەرئێشە بۆ چین و وڵاتانی قەوقازی هاوسنووری روسیا چاو لە بەهێزبوونی داعشی خۆراسان بنوقێنن و وەک کارتێکی گوشار بیخەنەگەڕ لەکاتێکدا ئەو رێکخراوە سنوورە نێودەوڵەتییەکان ناناسێت. 

شرۆڤەی: جەمال ئارێز

بابەتە پەیوەندیدارەکان