لە پەراوێزی کۆڕبەندیی نێودەوڵەتیی دێڵفی، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ کۆنستاتینۆس تساریاراس، وەزیری کشتوکاڵ و پەرەپێدانی گوندەکانی یۆنان کۆبووەوە و چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولایان لە بواری کشتوکاڵ و پیشەسازیی خۆراکدا تاوتوێ کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە بە ئامادەبوونی دارا رەشید، وەزیری پلاندانان و دابان شەدەڵە، جێگری لێپرسراویی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم بەڕێوەچوو، هەردوولا جەختیان کردەوە لەسەر پێویستیی کاری هاوبەش بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و یۆنان لە بوارەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی خۆراکدا. هاوڕاشبوون کە هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی گرنگی کشتوکاڵییە و لەڕێگەی وەبەرهێنانی زیاتر و پلانی گونجاوەوە دەتوانرێت بەشێکی گرنگی پێداویستییەکانی بازاڕەکانی عێراق و ناوچەکە دابین بکات.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆک وەزیران روونیکردەوە لە پێناو هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهاتدا، لەم ساڵانەی دواییدا حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگی بە گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ داوە و لەم چوارچێوەیەشدا و بە تایبەتیش بۆ گەشەپێدانی ناوچەیی و بووژانەوەی گوندەکان دەیانەوێت سود لە ئەزمون و پسپۆڕی وڵاتی یۆنان وەربگرن.
ئاماژەی بەوەشدا بەوپێیەی هەرێمی کوردستان لە ناوچەیەکی پڕ لە کێشەدایە، وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵدا هەنگاوێکی گرنگ و ستراتیژییە و جگە لەوەی رێژەیەکی زۆر هەلی کار دەڕەخسێنێت و سەرچاوەیەکی داهاتی درێژخایەنە، ئاسایشی خۆراکی کوردستان و عێراقیش پارێزراوتر دەبێت.