هەندێکجار رووداوی دڵتەزێن روودەدات

بە مەلەکردن خۆیان لە گەرمای پڕووکێنەر رزگار دەکەن

10:02 - 2022-08-06
ڕاپۆرت
690 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی: هێمن ئەحمەد

ساڵانێكی دوورو درێژە بە هۆی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما لە وەرزی هاویندا لەسەر گۆی زەوی، نەبوونی ئاوی پێویست لە ژیانی رۆژانەدا بۆ خۆ فێنك كردنەوە، خەڵكی پەنا دەبەنە بەر رووبار و دەریاچە و مەلەوانگەکان یان ئەو شوێنانەی لە گوێی رووبار و چەمەكاندا ئاوێكی بەرچاویان هەیە، خەڵكی مەلەی لێدەكەن و خۆیان فێنك دەكەنەوە بۆ ئەوەی لە گەرمای پڕوكێنەری هاوین رزگاریان بێت.
بەپێی ئەو ئامارانەی دەستمان كەوتووە، لەمساڵدا 10 حاڵەتی روودانی خنكان روویداوە، سەرچاوەیەك لە بەرگری شارستانی رایدەگەیەنێت: رووداوەكان زیاتر لەسەر زێی دووبزو پردێ روودەدەن، چونكە ئەو كەسانەی لەو شوێنانە مەلە دەكەن شارەزا نین.
لەم نێوەندەدا هەندێكجار هاووڵاتیان تووشی كارەسات دەبن و دەبنە مایەی لە دەستدانی ئازیزانیان، ئەویش لەبەر ئەوەی خەڵكێكی زۆر شارەزای مەلەكردن نین، یاخود شوێنەکان بۆ مەلەکردن گونجاو نین.
هەمەجۆریی شوێنەكانی مەلەكردن
جوامێر محەمەد، گەنجێكی تەمەن 24 ساڵەو هەموو وەرزێكی هاوین لە شوێنە ئاوییەكان دەگەڕێن بۆ مەلەوانی و دەڵێت: بۆ چەند ساڵێك دەچێت لەگەڵ هاوڕێكانمدا سەردانی شوێنە ئاوییەكانی كەركوك دەكەین بەتایبەتی لە گوندی چیمەنی كاكل و گوندی یاروەلی كە چەند ساڵێكە بەربەستێكی ئاوی لەسەر رووباری خاسە دروستكراوە و خەڵكێكی زۆر سەردانی دەكەن و مەلەی تێدا دەكەن، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە بەهۆی نەشارەزایی لە مەلەوانیدا ساڵ نییە رووداوی خنكان روونەدات، هەروەها نەبوونی تیمی فریا گوزاری لەو شوێنانەدا ئەوەندەی تر كارەساتەكەی ناخۆش كردووە.
كارەساتە جۆراو جۆرەكان
وتیشی: هەندێك لەوانەی دێن بۆ مەلەوانی رێنماییەكانی بەرگری شارستانی جێبەجێ ناكەن بە بەركارهێنانی چووپ و جلوبەرگی پێویست، هەندێكیشیان پێش مەلەوانی دەستدەكەن بە خواردنەوە كهولییەكان بۆیە، رزگاركردنیان زۆر ئەستەم دەبێت.
یاخود لە هەندێك شوێنی تردا كە بۆ مەلەكردن ناشێت و باری شارستانێتی قەدەغەی كردووە و شوێنەكەی زۆر قوڵە بەتایبەتی لە نێو قوڵایی بەربەستە ئاوییەكان هەندێک مەلە دەکەن.
مەلەوانگەكانیش بێ كەموكوڕی نین
رێبین عەلی گەنجێكی دانیشتووی گەڕەكی ئیسكانەو لەسەر مەلەكرد وتی: لەپێش ئەوەی مەلەوانگەكان لە كەركوك بەڕووی هاووڵاتیان بكرێنەوە من لە رووباری خاسەدا مەلەم دەكرد، بەڵام ئەوە بۆ چەند ساڵێك دەچێت لە مەلەوانگەیەكدا مەلە دەكەم كە تاڕادەیەك پارێزراوە لەڕووی تەندروستی و رێنماییەكانی مەلەكردنەوە، چونكە گەلێك كەرەستەی گونجاوی مەلەكردنی تێدایە ئەوانەی نە شارەزاش بن پسپۆری تایبەت هەیە بۆ مەلەوانگەكە، هەر چەندە هەندێكجار رووداوی دڵتەزێنیش روودەدات، هۆكاریش ئەوەیە ئەو كەسانە بە رێنمایی پسپۆری مەلەوانیی مەلە ناكەن. 

 

هەندێك لەوانەی دێن بۆ مەلەوانی رێنماییەكانی بەرگری شارستانی جێبەجێ ناكەن بە بەركارهێنانی چووپ و جلوبەرگی پێویست، هەندێكیشیان پێش مەلەوانی دەستدەكەن بە خواردنەوە كهولییەكان بۆیە، رزگاركردنیان زۆر ئەستەم دەبێت

 

رێنماییە تەندروستییەكان جێبەجێ ناكەن
عەلی جەمیل بەڕێوەبەری كەرتی دووی سەر بە فەرمانگەی تەندروستی كەركوك، راگەیاند: لە كەركوك 15 مەلەوانگەی رێگەپێدراو هەیە و مۆڵەتیان لەلایەن فەرمانگەی تەندروستی كەركوكەوە پێدراوە، بەڵام بەداخەوە بەشێكی زۆریان چاوپۆشی لە رێنماییەكانی تەندروستی دەكەن، ئەویش لە بەكارهێنانی رێژەیەكی كەم لە كلۆر و بەرزی رێژەی ترشایی یان پاك نەكردنەوەی ئاوەكە لەكاتی پێویست و دیاریكراو.
سزادانیش هەیە
وتیشی: لەمساڵدا پێنج مەلەوانگەمان داخستووە و سزای چوار مەلەوانگەمان داوە لەبەر ئەوەی لە رێنماییەكانی تەندروستی لایانداوە و ئەم كارەش بەزیان بەسەر تەندروستی هاووڵاتیاندا كەوتۆتەوە و بەتایبەتی لە بڵاوبوونەوەی رێژەیەكی بەرچاو لە نەخۆشی پێست بەهۆی پیسبوونی ئاوەكەیان یان نەگۆڕینیان لەكاتی پێویست، چونكە لە ئێستادا نەخۆشی كۆرۆنا و كۆلێرا و پەتای خوێنبەربوون برەوی هەیە، بۆیە پێویستە زۆر بە وریاییەوە لەو مەلەوانگانە مەلە بكرێت، یان پێویستە ئەوانەی سەردانی ئەو شوێنە دەكەن دەبێت رەچاوی رێنماییەكانی تەندروستی بكەن یان نەخۆش ‌و هەڵگری پەتای جۆراو جۆر نابێت سەردانی ئەو شوێنانە بكەن.
بەرگری شارستانیش گلەیی هەیە
سەرچاوەیەك لەبەرگری شارستانی نەیویست ناوی بهێنرێت، وتی: وەكو بەرگری شارستانی یەك تیمی گەڕۆكمان هەیە ئەویش لەسەر ئاوی خاسەیە و  بەبەردەوامی كاردەكەن، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە خەڵكی بەبێ رێنمایی لە شوێنە قەدەغە كراوەكان مەلە دەكەن وەكو گوێی رووبار و چەمەكانی لادێكان یان هەندێك كەس كە بۆ گەشت سەردانی ئەو شوێنانە دەكەن لە لادێكان نەشارەزان لە قووڵایی ئاو و شوێنەكەی ئاگادارنین، بۆیە تووشی كارەساتی دڵتەزێن دەبن، كە هەندێكجار رزگار كردن لێی ئەستەم دەبێت.
وتیشی: ئێمە لە بەرگری شارستانی ناتوانین كۆنتڕۆڵی هەموو پارێزگاكە بكەین، چونكە ئەستەمە و تیمەكانیشمان لە ئاستی پێویستدا نین بۆ جێبەجێكردنی كارەكانیان لەبەر نەبوونی فەرمانبەری پێویست و نەبوونی خولی فێربوون بۆ كارمەندەكانمان.
حاڵەتی خنكان روویداوە
ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەشكرد بەپێی ئەو ئامارەی لەبەر دەستدایە لەمساڵدا 10 حاڵەتی خنكان لەسەر زێی دووبز و پردێ و بەربەستی رووباری خاسەدا روویداوە، چونكە وەك بەرگری شارستانی ناتوانین لە هەموو شوێنەكان تیممان هەبێت لەبەر نەبوونی كادری مەلەوانی پێویست، هەر كات روودانی خنكان روویدابێت وەك بەرگری شارستانی ناتوانین و دەسەڵاتی ئەوەمان نییە رووبار بگرینەوە، تەنیا ئاگادار كردنەوەمان لەسەرە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان