حەوت وردیلە چیرۆک

11:42 - 2025-04-10
ئەدەب و هونەر
70 جار خوێندراوەتەوە

محەمەد فەریق حەسەن


فــەرمـــان
لە دوا گەشتیدا، لەو دەمەدا کە قەراڵ بەسەر زینی ئەسپەکەیەوە، لە کەمەری ئەهلی مەملەکەت ورد دەبووەوە، بیرۆکەیەکی نوێی بە مێشکدا هات. کاتێ گەڕایەوە کۆشکەکەی، لای هاوجڵەوانی خۆی درکاندی.
هاوجڵەوی(1): بیرۆکەیەکی قەراڵانەیە و لە جێی خۆیدایە.
هاوجڵەوی(2): ئەگەر ئەو یاسایە گەشتیارانیش بگرێتەوە، دەها باشتر. هاوجڵەوی(3): ئەگەر قەراڵی مەزن رێم پێ بدات. سەرنجێکم هەیە ئەوندەی نەختێک!
هاوجڵەوی(1) و (2): ئەوەندەی نەختێک!
قەراڵ: بیدرکێنە هاوجڵەوی خۆم!
هاوجڵەوی(3): قەراڵی مەزن، ئەگەر ئێوە لێم قەبووڵ بفەرموون، یاساکەتان غەفڵەتێکی بچووکی تێدایە!
هاوجڵەوی(1) و (2): غەفڵەتێکی بچووک!
هاوجڵەوی(3): بەڵێ، غەفڵەتێکی بچووک. ئەم یاسایە ئەگەر ژنانی مەملەکەتیش بگرێتەوە، ئەوا خاوەنشکۆ قەراڵیچەش دەگرێتەوە!
هاوجڵەوی(1) و (2): خاوەنشکۆ قەراڵیچەش!
قەراڵ: سەرنجەکەت لە جێی خۆیدایە ئەگەرچی کۆشکی قەراڵ لە سەروو یاساوەیە! بڕیارمدا وەزیری دەستەڕاست و دەستەچەپ و گەنجینەوان بێن بۆ کۆشک.
بۆ سبەی، جاڕچی و دەهۆڵکوت چوونە مەیدانی گەورەی شار و دەهۆڵکوت گرمەی لە دەهۆڵ هەڵساند.
جاڕچی: فەرمان فەرمان... لە خاوەن شکۆ قەراڵی مەزنەوە خوا بیپارێزێت، بۆ ئەهلی نەجیبی مەملەکەت: بڕیارمان دا: یەک: ئەو پیاوەی کەمەری لە کەمەری قەراڵ ئەستوورتر بێت، ساڵانە دە روپێ باج بە گەنجینەی وڵات بدات! 
دوو: کەمەری قەراڵی مەزنمان پێنج بستە بە بستی خۆی. سێ: ئەم باجەمان ناونا باجی کەمەر. چوار: باجی کەمەر ساڵانەیە و لە یەکەم رۆژی ساڵی نوێوە دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە.
واژۆ: قەراڵی خۆتان، کە سێبەری خواوەندە لەسەر خاکی نیشتمان.
کۆبنهاون
22/2/2022
قەراڵ: ئیمپراتۆر
قەراڵیچە: ژنی ئیمپراتۆر، شاژن
هاوجڵەو: ئەو سوارەی کە یاوەری پاشایە لە گەشتەکانیدا

 

 
کاروانە رێ
(پێشکەشە بە رۆحی باوکم، حەسەنی کەریمی مارفی 
 ئەلی)
گەرووم وشک، گۆچانێکی داربەڕوو بە دەستەوە، بەم کەلی داراغایەوە، لەقەلەق، بە نێوان گابەرد و دەوەن و شەخەڵدا بۆشار دەهاتم. وەختێکم زانی دەنگیان دام:
_ ها! وێن تروح حاجی؟
_ ئەڕوح لیلمەدینە، بەس ئانی مو حاجی!
_حاجی، ئەلمەنتیقە کولها مەحزوورە! بەعدێن هازا       
 موو تەریق عام. ئەنتەل ئان داخل موعەسکەر!
   ئەو دەینەڕاند و منیش هەر ملم دەنا.
_ئەگوللەک ئيرجەع! مەمنووع دخول موعەسکەر
 بیدون ئیزن!
_ لا یا ئیبني! مین زەمان هازا کان کاروانەڕێ! ئانی کنت ئەجیب حەمل حەتەب و فەحم عەلا زەهر حیمار، مینەل قەریە ئیلەل مەدینە، عەلا هازەل کاروانەڕێ! ئەنا ما ئەرجەع! ئیرجەع ئەنتە ئیلا ئومیچ! 
جا من گوێم بڕێک گران بووە. ئەویش هەر دەینەڕاند: "مەمنووع دخول موعەسکەر بدون ئیزن" منی ماندو و تینووش، تازە بۆ کوێ بگەڕێمەوە؟ ترسی ئەوەشم لێ نیشتبوو ئەو کرامباوگاوە لە دواوە تەقەم لێ بکات. بە هەر حاڵێک بوو، سەر وشکە کەڵەکی دەوری سەربازگەکە کەوتم و چوومەوە سەر ئەو کاروانە رێیەی، کە ساڵێ بەو عەیام، بەوێدا بارە دار و بارەخەڵووزم دەهێنا بۆ شار.

کۆبنهاون
18/3/2022 


پۆستاڵ
بارچاوش سەیری سەعاتە(عەلەمەین)ەکەی ناو تاقچە گڵینە تەڕاوکراوەکەی کرد. بە خێرایی دوا پارووی قووت دا و یەک بەخۆی نەڕاندی:
_ درەنگە سۆیبە! جەنابی معاون و قۆمیسەر چاوەڕوانن! ئەو پۆستاڵانەم بۆ بێنە.
سۆیبەی حەوت ساڵان، وەک کێچ راپەڕی و بە سێ باز گەیشتە ئەودیو دەرگەی ژوورەکە و لەوێدا وەک مێخ چەقی. چەند چاویگێرا، پۆستاڵی نەبینی. بارچاوش نەڕاندییەوە:
_دیارە ئەمشەو پۆستاڵەکانم فڕیون!
سۆیبە، بە دەنگێکی خنکاو گوتی:
_ باوکە گیان بە خوا پۆستاڵی لێ نییە!
بارچاوش لە ژوورەکە دەرپەڕی، دیتی هەردوو پێی سۆیبەی کچی وان لە ناو پۆستاڵەکانیدا و هەتا ئەژنۆکانی هاتوون!
کۆبنهاون
25/3/2022

 دوای بیست و یەک ساڵ
لە خۆشیاندا دەستەکانی لە یەک دەخشاند و خۆی کرد بەلای شیرینی فرۆشێکدا، کیلۆیەک زلوبیای کڕی. لایدایە لای گەزۆفرۆشە بەناوبانگەکەش، نیو کیلۆ گەزۆ و نیو کیلۆ سجوقی کڕی. هەر سێ پاکەتەکەی لەسەر یەک دانا، دەستی لەتاکسییەک راگرت. لەبەر خۆشییەوە هەر سێ وەڵامەکەی دەگوتەوە. وەختێ دەرگەی ماڵی قڵیشاندەوە، ژن و منداڵ بە راکردن بە پیریەوە چوون. ئەویش، لە خۆشیاندا قەند لە دڵیدا دەتوایەوە. هەر یەکەیان پاکەتێکی لێ وەرگرت. لەسەر مێزێک، پاکەتەکانیان کردەوە. هاوسەرەکەی لێی پرسی:
_ خێرە سێ پاکەت شیرینی بە جارێک؟
_ بەڵێ خێرە! من ئەمڕۆ دڵخۆشترین مرۆڤی
 دنیام!
_ خۆزگەم بە دڵت! هۆی دڵخۆشییەکەتمان پێ
   بڵێ، با ئێمەش بەشدارت بین.
_ من بیست و یەک ساڵە خزمەتکاری ئەو پیاوەم کە خۆت دەیزانی. بیست و یەک ساڵە هەموو بەیانییەک کە ئەودەرکەوتووە، من سڵاوم لێ کردووە و بەخێرم هێناوە. بەڵام ئەوقەت وەڵامی نەداومەتەوە. ئەمڕۆ، وەختێ پەیدا بوو، بەپیریەوە چووم، پێم گوت:
_ رۆژباش گەورەم!
پێچەوانەی ئەو بیست و یەک ساڵە، بە زمانێکی
 شیرین گوتی:
_ ژیانت باش.. هەر بژیت.. سوپاس! 
کۆبنهاون
26/2/2023


مست و دەرگا
زرم زرم، بە مست لە دەرگەی دەرێیان درا. ژنەکەیش لەکونی ژوورەوە بەرەو حەوشە پێی هەڵگرت و هەردوو منداڵەکەی دوای کەوتن. ژن، هەر کە گەیشتە پشتی دەرگاکە، بە راکردن گەڕایەوە. جووتە منداڵەکەشی بەدوایدا. ژن هاواری کردە مێردەکەی:
_کابرایە!
ژنەکە، بە منداڵەکانیەوە خزانە ژوورە چکۆلەکەی پشتەوە. پیاوەکەش بە چوار هەنگاو خۆی گەیاندە ژووری نوستن و دەرگەی کەنتۆرەکەی کردەوە و پڕی دایە تفەنگەکەی...

سلێمانی
7/7//2023


نهێنی 
حەمە، بە پۆستاڵ و جلکی سەربازییەوە، بە سیگاری نیوەکێشراوەوە، نزیکەی دووسەد مەتری مابوو بگاتە ئاوایی، ئەو زەحفەی هاتەوە یاد، کە عەریف عۆدە، بە ناهەق پێی کرد. زەحف لە کەللەی دا. سیگارەکەی تووڕ دا، سەد مەتر تێیتەقاند و بە هەناسەبڕکێ خۆی بە ناو ئاواییدا کرد. بۆرە، بەحەپە حەپ، بەدەم کلک بادانەوە بەپیرییەوە چوو. پێکەوە بۆ ناو ئاوایی تێیان تەقاند. ئەوەی دەیبینی دەپیرسی: "چیقەوماوە حەمە؟" حەمە وەڵامی نەبوو. ئەو غاری دەدا وخزمانیش چنگ لەسەر شان بە شوێنیدا.
دایک و برا و خۆشکەکانی حەمە ئەوق بوو بوون، بە جامە دۆە بەرەوپیری چوون.
_ چیت لێ قەوماوە حەمە گیان؟
حەمەی تەنگەنەفەس متقی نەبوو. خەڵکی ئاواییش رژابوونە ماڵی حەمەوە.
_ ئەها بیکە بە رەزای خوا چیت لێ قەوماوە؟
دایکی بوو، لێی پاڕایەوە. حەمە پشووی هاتەوەبەر، جامێک دۆی بە سەرەوە نا. بە پشتی دەستی چەپی، دەم و فڵقی سڕی، وتی:
_ چی بێ لە ئێوە نهێنی بێ، من فیرارم کردووە!

کۆبنهاون
16/4/2024


منداڵی گەڕەک

وەختێ دەرگەی دەرێم قڵیشاندەوە، دیتم لە کۆڵان بە چوار منداڵی خواروژوور، مێرمنداڵکیان خستووەتە ناو، بە مست و شاپان لێیدەدەن و جمێنی پێ دەدەن، ئاپۆرای کۆڵانیش سەیریان دەکەن. منداڵی گۆرینیش بە دەوری خۆیدا دەسووڕا، تا مستێکی دەوەشاند، چوار مست و شاپی بەردەکەوت. لەم مرخێش مرخێشەدا بابی چوار منداڵەکە، لەماڵ دەرهات و هاواری لێ کردن: 
_ ئەوە لەسەر چی لەو منداڵە دەدەن؟
هەر چواریان سڵەمینەوە. منداڵە بەرگریکەرەکەیش لە جێی خۆی وشک وەستا، چاوی بڕییە سیمای رەشتاڵەی باوکەکە. ئەوان بە دەنگێکی زیقن بە باوکی خۆیان گوت: 
_ ئاخر ئەم سەگبابە کوردە!
باوکە رەشتاڵەکە، چاوی خستە سەر منداڵە تەنیاکە، دیتی دلۆپ دڵۆپ خوێن لە لووتیەوە بەسەر لچیدا دەتکێتە سەر قیری کۆڵان.
_ دە کەواتە بیکوتن!
پیاوە رەشتاڵەکە بە دەنگێکی کەرخ، ئەوەندەی وت،  خۆی بەماڵەکەیدا کردوەوە و دەرگەی بەدوای خۆیدا پێوەدا.  
سلێمانی
1/3/2015

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان