قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم لە کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی دێڵفی رایگەیاند: هەرێمی کوردستان لە رووی ئابوریەوە گەشەسەندنێکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە و لە ئێستادا سلێمانی بووەتە ناوەندێکی داهێنانی تەکنەلۆجیا لە هەمو عیراق.
قوباد تاڵەبانی لە کۆڕبەندەکەدا ئاماژەی بەوەدا: پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ ئەمریکا هەیە و دەمانەوێت شانبەشانی هاوبەشەکانمان لە ئەمریکا و ئەوروپا کاربکەین بۆ ئەوەی لەم رێگەیە بەردەوامبین، هاوکات وابکەین، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی لە هەرێمی کوردستان بەدوای دەرفەتدا بگەڕێت.
جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم ئاماژەی بەوەشدا: ئێمە لە کوردستان هەڵبژاردنێکی سەرکەوتومان بەڕێکرد، کە تیایدا ٪70ـی هاووڵاتیان بەشداربوون، ئەمەش مانای ئەوە دەگەیەنێت، خەڵکی کوردستان باوەڕیان بە پرۆسەی هەڵبژاردن هەیە.
لە دیدارەکەدا قوباد تاڵەبانی باسی لە روئیایەکی نوێ بۆ حکومڕانی کرد و ئاماژەی بەوەدا، دەبێت حکومەت حکومڕانی بکات نەک دەسەڵاتداران، بۆیە ئێمە لەوبڕوایەداین کە دەبێت کاری لە پێشینەی هەموو حکومەتێک باشترکردنی حکومڕانی بێت.
سەبارەت بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت رایگەیاند: پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت ئاسان نییە و نزیکین لەوەی بگەینە رێککەوتن لەسەر ڕەشنوسێکی نوێ.
لە کۆتایدا قوباد تاڵەبانی پێوەند بە پەیوەندییەکانی یۆنان و کوردستانەوە وتی: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ یۆنان زۆر باشن و دڵخۆشم کە دەتوانین سود لەو پێشکەوتنانە ببینین کە لێرە دەیبینین.