سەرۆک بافڵ: ئەم دۆخە وادەخوازێت لەپێناو ئامانجە باڵاکاندا بڕیاری هاوبەش بدەین

06:31 - 2025-04-10
کوردستان
61 جار خوێندراوەتەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح لە بەغدا کۆبوونەوە. 

لە کۆبوونەوەکەدا پێویستی بەردەوامی گفتوگۆی بونیادنەرانە لەنێوان هێز و لایەنە سیاسییەکان جەختی لەسەر کرایەوە لەپێناو رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان و پاراستنی وڵات لە کێشمەکێش و ململانێ ناوچەییەکان. 

هەر لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا پەرۆشی خۆیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا دەربڕی بەشێوەیەک دەستوور بنەمابێت و مافی هەمووان پارێزراوبێت. 

سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختی لەسەر بەهێزکردنی گفتوگۆى نێوان لایەنە سیاسییەکان و پابەندبوون بە رێککەوتنەکان کرده‌وە و گوتی: ئەم دۆخە وادەخوازێت لەپێناو ئامانجە باڵاکاندا بڕیاری هاوبەش بدەین. 

بافڵ جەلال تاڵەبانی و هادی عامری باسیان لە دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق کرد و گوتیان، داواکاریی لایەنە سیاسییەکان ئەوەیە کە هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بەڕێوەبچێت کە رەنگدانەوەی خواستی هاوڵاتییان بێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان