قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران لە بەردەوامیی کۆبوونەوەکانی لە پەراوێزی کۆڕبەندیی نێودەوڵەتیی دێلفی لەگەڵ کۆستیس هاتزیداکیس، جێگری سەرۆک وەزیرانی یۆنان کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی هەینی (11/4/2025) بە ئامادەبوونی هەر یەکە لە دارا رەشید، وەزیری پلاندانان و دابان شەدەڵە، جێگری لێپرسراویی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم بەڕێوەچوو، باسی چۆنێتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و یۆنان کرا لە بوارەکانی بازرگانی و پیشەسازی و کشتوکاڵ و گەشتیاریدا و هەردوولا بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانیان بە گرنگ و پێویست زانی و بۆ ئەم مەبەستەش جەختیان لە کاری هاوبەش کردەوە.
جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژە بەوەکرد کە لە هەرێمی کوردستان دەرفەتی زۆر باش هەیە بۆ گەشەپێدانی ئابووری و وتیشی: حکومەتی هەرێم بە هەموو تواناوە کاردەکات زەمینە و ژینگەیەکی لەبار بۆ گەشەپێدان دابین بکات.
لەم چوارچێوەیەدا داوایکرد حکومەتی یۆنان و وەبەرهێنەرانی ئەو وڵاتە وەبەرهێنان لەو دەرفەتانەدا بکەن و ئامادەیی حکومەتی هەرێمیشی دەربڕی بۆ هەموو جۆرە کارئاسانییەک بۆ وەبەرهێنەرانی یۆنانی.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی دوایین پەرەسەندنە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە کرا. لەمبارەیەشەوە هەردوولا بە پێویستییان زانی بۆ کەمکردنەوەی بارگرژییەکان و پاراستنی سەقامگیری، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەوڵەکانی چڕتر بکاتەوە بۆ هاندانی لایەنە ناکۆکەکان تا بتوانن لە رێگەی گفتوگۆوە کێشەکان چارەسەر بکەن.