ماثیۆ ماکهۆنی، سەرنجڕاکێش و خاوەن خەڵاتی ئۆسکار

10:19 - 2022-08-06
هەمەرەنگ
265 جار خوێندراوەتەوە

مانی دڵشاد

ئەستێرەی ئەمریکی ماثیۆ ماکهۆنی بەم دواییە رایگەیاند دوای کارنەکردنی بۆ ماوەی دوو ساڵ بە فیلمێکی نوێ دەگەڕێتەوە بە ناونیشانی Dallas Sting کە باس لە تیپێکی تۆپی پێ دەکات دەچێتە پاڵەوانێتی جیهانەوە بۆ تۆپی پێ، ئەم ئەستێرەیە هەر لەم ساڵدا بووە جێی باس و خواسی میدیاکان دوای ئەوەی لە کۆشکی سپی وتارێکی پێشکەشکرد دوای رووداوەکانی تەقەکردنی نێو قوتابخانەیەک لە تەکساس و تێیدا 19 خوێندکار و 2 مامۆستا بوونە قوربانی، ماثیۆ لە وتارەکەیدا کە 22 دەقیقەی خایاند داوای لە یاسادانەرانی ئەمەریکا کرد یاساکانی هەڵگرتن و کڕینی چەک توند بکەنەوە و وتی «دەمانەوێت خوێندنگەکانمان سەلامەت بن، یاسای تایبەت بە هەڵگرتنی چەکمان دەوێت تێیدا خراپەکاران نەتوانن بە ئاسانی چەکی نەفرەتییان دەستبکەوێت» .
ئەم ئەستێرەیە ناوی ماثیۆ دایڤد ماکهۆنیی-ە لە ویلایەتی تەکساس-ی ئەمریکا لە ساڵی 1969 لەدایکبووە و لە زانکۆی ئۆستن لە تەکساس خوێندوێتی، یەکێکە لە ئەستێرە دیار و بەناوبانگەکانی هۆلیوود و چەندین فیلمی بەهێزی پێشکەش کردووە یەکەم رۆڵی سەرەکی لە فیلمێکدا پێشکەشکرد بە ناوی Dazed and Confused هەروەها یەکێک لە فیلمە بەهێزەکانی بەشداریکردنی بوو لە فیلمی خەیاڵی زانستی دەرهێنەری بەناوبانگ کریستۆڤەر نۆڵان بە ناوی Interstellar ساڵی 2014 .
ئەم ئەستێرەیە ساڵی 2005 گۆڤاری People  وەکو سەرنجڕاکێشترین پیاو بۆ ئەو ساڵە هەڵیبژارد.
هەروەها ئەو فیلمەی کە وایکرد ببێتە خاوەنی خەڵاتی ئۆسکار وەکو باشترین ئەکتەری سەرەکی بۆ ساڵی 2013 فیلمی Dallas Buyers Club  بوو تێیدا لەبەر ئەو رۆڵەی 20 کیلۆی لە کێشی دابەزاند و رۆڵێکی ناوازەی پێشکەش کرد.
ماثیۆ کامیلا ئەلفێس-ی خۆشەویستی لە ساڵی 2012 دا هێناو خاوەنی دوو کوڕ و کچێکن.
ئەو ئەستێرەیە دەڵێت «باشترین ئامۆژگاری لەو کەسەوە دێت کە ئامۆژگاری پێشکەش ناکات».
سەرچاوە: www.arageek.com

بابەتە پەیوەندیدارەکان