قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەفدێكی كۆنگرێسی ئەمریكا كۆبووەوە

״پێكهێنانی كابینەیەكی بەهێز و كارا و یەكگرتوو״

06:49 - 2025-04-14
کوردستان
60 جار خوێندراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، دوێنێ لە هەولێر پێشوازیكرد لە وەفدێكی كۆنگرێسی ئەمریكا بە سەرۆكایەتیی ئادەم سمیس ئەندامی لیژنەی خزمەتگوزارییە چەكدارییەكان و لە كۆبوونەوەیەكدا باس لە چەندین پرسی گرنگی ناوخۆی كوردستان، عیراق و ناوچەكە كرا.
لە كۆبوونەوەكەدا، سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی لە توركیا و دۆخی سوریا و گفتوگۆكانی نێوان ئێران و ئەمریكا و دوایین پەرەسەندنەكانی دیكەی ناوچەكە، بیروڕا ئاڵوگۆڕ كرا.
تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە، پرسی تیرۆر بوو، «هەردوولا هاوڕابوون كە هێشتا تیرۆر و بەتایبەتیش گروپی تیرۆریستیی داعش هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی كوردستان و عیراق». لەو چوارچێوەیەدا وەفدەی كۆنگرێس جەختیانكردەوە لەسەر «بەردەوامیی پشتیوانییەكانی ئەمریكا بۆ هەرێمی كوردستان و عیراق لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا».
لەبارەی دۆخی سیاسیی ناوخۆی هەرێم و هەوڵەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم، جێگری سەرۆك وەزیران رایگەیاند: راستە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت بەخێرایی ناچێتە پێش، بەڵام هەنگاوی زۆر باش نراوە و هەموو هەوڵەكان بۆ ئەوەیە پارتی و یەكێتی لەسەر پێكهێنانی كابینەیەكی بەهێز و كارا و یەكگرتوو رێكبكەون كە هەم لە ئاستی جێبەجێكردنی داواكارییەكانی هاووڵاتیاندابێت و هەم بتوانێت لەم قۆناغە ئاڵۆزەی ناوچەكەدا، سەقامگیریی سیاسی و ئەمنیی هەرێمی كوردستان بە باشی بپارێزێت.
سەبارەت بە پرسی نەوت و گاز، جێگری سەرۆك وەزیران روونیكردەوە كە حكومەتی هەرێم گەشبینە و هەموو هەوڵێكیش دەدات لە ماوەیەكی زۆر نزیكدا لەگەڵ بەغدا بگەنە رێككەوتنێك بۆ دەستپێكردنی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم و وتیشی: ئەولەویەتی حكومەتی هەرێم لەم قۆناغەدا بەكارهێنانی گازە بۆ دابینكردنی كارەبای 24 سەعاتی بۆ هاووڵاتیان و بەكارهێنانی بۆ ماڵ و كارگەكان.
ئەندامانی وەفدی كۆنگرێس پێكهاتبوو لە مایكل باومگارتنەر ئەندامی لیژنەی كاروباری دەرەوە، سارا جاكۆبس، جۆرج وایتسایدز و وێسلی بێڵ ئەندامانی لیژنەی خزمەتگوزارییە چەكدارییەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان