خانمی یەکەمی عیراق لە یادی کیمیابارانکردنی بالیسان و شێخ وەساناندا راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە

12:36 - 2025-04-16
عیراق
50 جار خوێندراوەتەوە

خانمی یەکەمی عیراق لە یادی کیمیابارانکردنی بالیسان و شێخ وەساناندا راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: مێژووی نوێمان چەندین یادەوەری ئازاربەخشی لەوجۆرەی لەخۆ گرتووە، بەڵام مانەوە و یادکردنەوە و خۆڕاگریمان ئاماژەیەکە بۆ بەهێزی و یەکڕیزیمان.

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق رایگەیاند، لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆی ساڵی 1987دا، رژێمی دیکتاتۆر پەلاماری هەردوو گوندی بالیسان و شێخ وەسانانی بەچەکی کیمیایی دا، لەگەڵ بەکارهێنانی هەردوو گازی خەردەل و سارین.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم دەڤەرە کوردستانییە بچوکانە کێڵگەی ئەزموونی ئەو تاوانانە بوون کە دواتر مەودایەکی فراوانتری گرتەوە، کە بووە هۆی وێرانییەکی گەورەتر و قوربانییەکی زیاتر.

ئەوەشی خستووەتە روو، "مێژووی نوێمان چەندین یادەوەری ئازاربەخشی وەهای لەخۆگرتووە، بەڵام مانەوە و یادکردنەوە و خۆڕاگریمان ئاماژەیەکە بۆ بەهێزی و یەکڕیزیمان".

خانمی یەکەمی عیراق دەشڵێت، "نابێت رق و کینە مێژوومان نادیدەبکات، لەجیاتی ئەوە رێز لەقوربانییەکان دەگرین بە خۆڕاگری هەمیشەیی و بەردەوامی هەوڵەکانمان لەپێناو ئایندەیەکی پشتبەستوو بە دادپەروەری و پاراستنی ماف و شکۆمەندی هاووڵاتیانمان".

بابەتە پەیوەندیدارەکان